بەپێی زانیارییەکانی شەش سەرچاوەی ئاگادار، نوێنەرانی حکومەتی سوریا و گرووپی حزبوڵڵای لوبنانی لە خاکی تورکیا گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان ئەنجامداوە. ئامانج لەم هەنگاوە، خاوکردنەوەی ئەو گرژییانەیە کە لە نێوان هەردوو لایەندا دروست بووە، ئەمەش بە یەکەمین کۆبوونەوەی زانراوی نێوان ئەم دوو لایەنە دادەنرێت کە ئێستا وەک دوو نەیار دەردەکەون.
ئاوێنە: سەرچاوەکان، کە پێکهاتوون لە دوو بەرپرسی سوری، بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لوبنانی نزیک لە حزبوڵڵا، بە ئاژانسی "رۆیتەرز"یان ڕاگەیاندووە کە بەرپرسانی سوریا و نوێنەرانی ئەو گرووپە مانگی ڕابردوو لانی کەم یەک جار بە نهێنی کۆبوونەتەوە.
بۆ چەندین ساڵ لە ڕابردوودا، حزبوڵڵا چەکدارەکانی ڕەوانەی سوریا دەکرد بۆ بەرگریکردن لە حکومەتی سەرۆکی پێشوو، بەشار ئەسەد، لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا. بەڵام دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ لە ئەنجامی هێرشێکی خێرا، گرژییەکان لە نێوان حکومەتی نوێی سوریا و حزبوڵڵادا پەرەی سەند. دیمەشق گرووپەکەی بە گواستنەوەی چەک بەناو خاکی سوریادا تۆمەتبار کرد، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا هانی سوپای سوریای دا هێز بنێرێتە لوبنان بۆ شەڕکردن دژی حزبوڵڵا.
بە وتەی هەر شەش سەرچاوەکە، کۆبوونەوەکەی مانگی ڕابردوو نوێنەرانی حزبوڵڵا و بەرپرسانی هەواڵگری و وەزارەتی دەرەوەی سوریای لەخۆگرتبوو. هەروەها کۆبوونەوەکە لەسەر بانگهێشتی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی تورکیا ڕێکخراوە، وەک هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
سەرجەم سەرچاوەکان بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە کە پێشتر بڵاونەکراوەتەوە، بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوەکانیان قسەیان کردووە. تا ئێستاش وەزارەتەکانی دەرەوەی سوریا، تورکیا و ئەمریکا، لەگەڵ وەزارەتی بەرگری تورکیا وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆیتەرزیان نەداوەتەوە سەبارەت بەم دیدارە، هەروەها نووسینگەی ڕاگەیاندنی حزبوڵڵاش ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە بدات.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکان، بەرپرسە ئەمریکی و سورییەکان و سەرچاوە لوبنانییەکە ئاماژەیان بەوە داوە کە کۆبوونەوەکە تیشکی خستووەتە سەر چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکەکانی نێوانیان و بە ئاراستەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچووە.
یەکێک لە بەرپرسە سورییەکان ڕایگەیاند کە هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی هیچ دوژمنایەتییەک لە نێوانیاندا نییە، هەروەها سوریا دڵنیایی داوەتە حزبوڵڵا کە دەستوەردانی سەربازی لە لوبنان ناکات بۆ داماڵینی چەکی گرووپەکە. لە بەرامبەردا، بەرپرسانی سوریا داوایان لە حزبوڵڵا کردووە هاوکار بێت لە ڕاگرتنی هەوڵەکانی قاچاخچێتی لەسەر سنوورەکان و هەڵوەشاندنەوەی شانە نووستووەکانیان، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری سوریا.
پێشتر و لە ڕۆژی سێشەممە، سوریا ڕایگەیاند کە شانەیەکی سەر بە حزبوڵڵایان دەستگیرکردووە کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ هەڵدانی مووشەک لە باشووری سوریا. بەڵام ڕۆژی چوارشەممە حزبوڵڵا تێوەگلانی خۆی لەو بابەتەدا ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هیچ جۆرە بوونێک یان چالاکییەکی ئەمنی و سەربازییان لە ناو خاکی سوریادا نییە.
بەرپرسە سورییەکە ئەوەشی ڕوونکردەوە کە نوێنەرانی حزبوڵڵا وەڵامێکی ڕاستەوخۆیان نەداوەتەوە سەبارەت بە داواکاریی ڕاگرتنی قاچاخچێتی چەک و هەڵوەشاندنەوەی شانەکانیان، بەڵام بەڵێنیان داوە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سوریادا نەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە لوبنانییەکە کە ئاگاداری ڕاستەوخۆی وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکە بووە، دەڵێت هەردوولا پێشکەوتنی بەرچاویان سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکان بەدەستهێناوە.
هەرچەندە هەردوو سەرچاوە سوری و لوبنانییەکە جەختیان کردەوە کە هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی نەکراوە و هیچ پلانێک نییە بۆ ڕاگەیاندنی فەرمی کۆبوونەوەکە، بەڵام سەرچاوە لوبنانییەکە ئاشکرای کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە ڕێگەی تورکیاوە نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر دەستی پێکردووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە کە نەیانتوانیوە شوێنی دیاریکراوی کۆبوونەوەکەی مانگی ئەیلول لە تورکیا، ماوەکەی، یان ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دیکەی پێشتر یان دواتر بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکەنەوە.