بۆچی فەرەنسا بەردەوام لەشۆڕش و ناڕەزایەتیدایە؟
  2026-10-25     

 

 

ئامادەکردنی: شادمان ئەحمەد حەمدی

 

پوختەی گوتارێک و چەند تێبینیەک

ئەم  گوتارە کە لێرەدا پوختەیەکی دەخەینە ڕوو، لە ١٩ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ ە لە ڕۆژنامە گرنگە جیهانیەکاندا سەرنجی خوێنەرانی ووریای ڕاکێشاوە. هیوادارم بتوانێت سەرچاوەی بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی بێت دەربارەی دامەزراوە سیاسییەکانی جیهان و ناوچەکەمان  ( ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و کوردستان دەربارەی  ئەو مەرج و بارودۆخانەی کە زۆرجار لە فەرەنسادا سەرچاوەیان گرتووە و لە ناو میژووی بیری سیاسیدا کە هێندێک جار دەقاودەق بوونەتە سەرچاوەی فیکری دەستوور نووسینەوە لە دەرەوەی فەرەنسا.

ئێمیل شاباڵ ، مێژوونووسی سیاسی فەرەنسا، لەم وتارەدا هەوڵ دەدات ڕوونی بکاتەوە بۆچی خۆپیشاندان، مانگرتن و هەندێک جاریش یاخیبوون و توندوتیژی، شوێنێکی ئەوتۆ گرنگیان هەیە لە ژیانی سیاسیی فەرەنسادا ؟

پوختەی گوتارەکە کە بۆ وەڵامی پرسیاری ناونشانیەکەی لە لەم چەند خاڵەدا دەخەینە ڕوو. لە کۆتایی ئەم پوختەیەدا، چەند تێبینیەکمان زیاد کردووە  چونکە پێمان وایە بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لە هۆکار و ئەنجامەکانی ئەم خۆپیشاندانانە، پێویستە بەستەری نێوان ڕووداوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، گۆڕانکارییە ئابووری و ژێوسیاسییەکان، ڕۆڵی زیرەکیی دەستکرد و لاوازبوونی ڕۆڵی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش لەبەرچاو بگیرێت.

 

١. ناڕەزایەتی؛ نەریتێکی سیاسی لە فەرەنسادا

نووسەر ڕەخنە لەوە دەگرێت کە ئەم دیاردەیە بە سروشتی شۆڕشگێڕانەی فەرەنسییەکان ڕوون بکرێتەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە دەبێت مێژووی سیاسیی فەرەنسا، شێوازی ڕێکخستنی دەوڵەت و ئەو ڕێگایانە بخوێنینەوە کە هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەیانەوە دەنگی خۆیان بگەیەننە دەسەڵاتداران.

نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە ناڕەزایەتی لە فەرەنسادا تەنها سنووردار نییە بە پەیوەندی بە چەپ و نەوەی گەنجانەوە و بەڵکو جووڵانەوە گرنگەکانی ڕاستڕەویش بەشدارییان تێدا کردووە؛ وەک خۆپیشاندانەکانی دژی چاکسازیی خوێندنی تایبەت لە ساڵی ١٩٨٤ و دژی یاسای هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان لە ساڵی ٢٠١٣.بەم شێوەیە، ناڕەزایەتی لە فەرەنسادا بووەتە شێوازێکی گشتیی بەشداریی سیاسی کە لە سنووری هیچ بەرەیەکی سیاسیی دیاریکراودا نامێنێتەوە.

 

 ٢. دەوڵەتێکی ناوەندگەرای توند و دامەزراوە ناوەندگیرە لاوازەکان

بۆ شابال، دوو تایبەتمەندی بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکاندا کاریگەرن. یەکەمیان، کۆبوونەوەی دەسەڵات لە ناوەنددایە. دەوڵەتی فەرەنسا لە مێژوودا دەسەڵاتی سیاسی و کارگێڕیی زۆری لە ناوەنددا کۆکردووەتەوە. کۆماری پێنجەم، کە لە ساڵی ١٩٥٨ دامەزرا، ڕۆڵی سەرۆککۆمار بەهێزتر کرد و کاریگەریی پەرلەمانی لە هاوسەنگیی دامەزراوەکاندا سنووردارتر کرد. دووەمیان، لاوازیی ڕێژەیی ئەو دامەزراوانەیە کە دەبێت داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان بگوازنەوە بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتنی درێژخایەن. حیزبە سیاسییەکان و نەقابە  پیشەیی و کرێکارییەکان هەمیشە ئەو توانایەیان نییە کە ناڕەزایەتییە گشتییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر بەڕێوە ببەن و بیکەنە بەشێک لە پرۆسەی دامەزراوەیی.

لەو بارودۆخەدا، شەقام دەبێتە شوێنێکی گرنگ بۆ بەشداریی سیاسی. کاتێک هاووڵاتییان هەست دەکەن دامەزراوەکان گوێیان لێ ناگرن، خۆپیشاندان بۆیان دەبێتە یەکێک لە ڕێگاکانی کاریگەری دانان لەسەر بڕیارەکانی حکومەت.

 

 ٣. یادەوەریی شۆڕشگێڕانە؛ میراتێک کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە

شۆڕشی فەرەنسیی ساڵی ١٧٨٩ کاریگەرییەکی قووڵی لە کەلتووری سیاسیی ئەو وڵاتەدا جێهێشتووە. ئەم شۆڕشە بەشداریی کرد لەوەی بەرەنگاربوونەوەی نادادپەروەری ببێتە بابەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەروەها هێما و بیرۆکەیەکی بەهێزی بڵاو کردەوە کە هێشتا جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان لێ وەردەگرن.

ئەم یادەوەرییە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە: نەوەی پێشوو ئەزموونی خۆی لە خەبات و بەرەنگاربوونەوە دەگێڕێتەوە، دایک و باوکان پشتگیریی منداڵەکانیان دەکەن و مامۆستایان لەگەڵ قوتابییەکانیاندا بەشداریی ناڕەزایەتی دەکەن.

لەبەر ئەوە، ناڕەزایەتی تەنها وەڵامدانەوەیەکی خێرا نییە بە بڕیارێکی حکومەت؛ بەڵکو بەشێکە لە یادەوەرییەکی کۆمەڵایەتی کە مانا، ڕەوایی و هێزی هێمایی بە خۆپیشاندانەکان دەبەخشێت. هەر ئەو شۆڕشە بووەتە مایەی الهام بۆ چەندەها ووڵاتی دی لەسەر گۆی زەوی.

 

 ٤. چۆن سەرکوتکردن دەتوانێت ڕادیکاڵبوون بەهێز بکات؟

یەکێک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی وتارەکە، پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و خۆپیشاندەرانە.

نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا زۆرجار بە سەرکوتکردنی توندی پۆلیسی وەڵامی جووڵانەوە ناڕەزایەتییەکان دەدەنەوە و هەروەها ئەم شێوازە لە چوارچێوەی مێژوویەکی درێژخایەندا دەخاتە ڕوو؛ لە سەرکوتکردنی کۆمۆنی پاریس لە ساڵی ١٨٧١ەوە تا مامەڵەکانی پۆلیسی لە سەردەمی هاوچەرخدا و تادەگاتە ماکرۆن.

بەپێی لێکدانەوەی نووسەر، ئەم شێوازەی مامەڵەکردن زۆرجار خۆپیشاندانەکان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر  ڕێکخستنی فەزای گشتی دەبینێت، نەک وەک دەربڕینێکی ئاساییی ناکۆکی لە دیموکراسیدا.

بەڵام سەرکوتکردن دەتوانێت ئەنجامێکی پێچەوانە بەرهەم بهێنێت لەوەی دەسەڵاتداران دەیانەوێت: لەبری کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، تووڕەیی و سووربوونی هەندێک لە خۆپیشاندەران زیاتر دەکات و ڕێگا بۆ ڕادیکاڵبوونیان خۆش دەکات. بەم شێوەیە، پێکدادان، تێکدان و توندوتیژی دەتوانن ببنە بەشێک لە بازنەیەکی داخراو؛ بازنەیەک کە تێیدا پێکدادانی ئەمڕۆ، پێکدادانی داهاتوو بەرهەم دەهێنێتەوە.

 

٥. بۆچی ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسا بایەخێکی جیهانییان هەیە؟

لە ڕوانگەی نووسەرەوە، ئەو گرنگییە جیهانییەی کە بە جووڵانەوە ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسا دەدرێت، تەنها لە کلێشە مێژووییەکانەوە سەرچاوە ناگرێت؛ ئەو  کلێشانەی فەرەنسا وەک وڵاتێکی نائارام یان زۆر شۆڕشگێڕ پیشان دەدەن.

فەرەنسا هێشتا شوێنێکی گرنگی لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی سیاسیی جیهاندا هەیە. نەریتە شۆڕشگێڕییەکان، هێماکان و دروشمەکانی لەلایەن جووڵانەوە سیاسییە جیاوازەکانەوە بەکاردەهێنرێن؛ لە چەپڕەوترین بەرەوە تا ڕاستڕەوترین بەرە.

بەم پێیە، فەرەنسا بەشداریی کردووە لە دروستکردنی زمانی سیاسیی سەردەمی هاوچەرخ؛ تەنانەت جووڵانەوە دەرەکییەکانیش کە هەرچەندە ئامانجەکانیان لە یەکتر جیاوازن، هەندێک جار هێما و شێوازی دەربڕینی جووڵە سیاسیەکانیان لە فەرەنساوە وەردەگرن.

لەبەر ئەوە، ئەوەی لە پاریس، لیۆن یان مارسیلیا ڕوودەدات، زۆرجار لە چوارچێوەی سنوورە نیشتمانییەکە تێدەپەڕێت و دەبێتە سەرچاوەی ئیلهام یان نموونەیەک بۆ ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتانی دی.

 

وەک کۆتاییەکی ئەم گوتارە: شەقام وەک ئاوێنەی قەیرانی دیموکراسی

تیۆری سەرەکیی ئێمیل شاباڵ ئەوەیە کە بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لە فەرەنسادا تەنها نیشانەی حەزێکی نیشتمانی بۆ شۆڕش نییە. بەڵکو ڕەنگدانەوەی ناکۆکییەکی بنەڕەتییە لەنێوان دەوڵەتێکی بەهێز و ناوەندگەرای و کۆمەڵگایەک کە دەیەوێت بەشداریی زیاتر لە بڕیارەکانی پەیوەست بە ژیانی خۆیدا بکات.

کاتێک ڕێگاکانی گفتوگۆی دامەزراوەیی ناتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر وەڵامی ناڕەزایەتییەکان بدەنەوە، شەقام لە میانەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەبێتە جۆرێک لە دەسەڵاتی بەرامبەر. ئەم دەسەڵاتە دەتوانێت حکومەت ناچار بکات لە هەندێک بڕیار پاشەکشە بکات، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتداران سەرکوتکردن بەسەر گفتوگۆدا زاڵ بکەن، دەتوانێت ببێتە هۆی پێکدادانی توندوتیژیش.

بەم جۆرە وتارەکە بانگهێشتێکە بۆ تێپەڕین لە کلیشەکانی پەیوەست بە سروشتی فەرەنسییەکان و خوێنەر دەبات بۆ بیرکردنەوە لە پرسیارێکی قووڵتر:

ئایا لە دیموکراسییەکدا چی ڕوودەدات کاتێک هاووڵاتییان هەست دەکەن تەنها کاتێک دەتوانن دەنگیان ببیسترێت کە بچنە سەر شەقام؟

ئەم پرسیارە تەنها پەیوەندی بە فەرەنسایەوە نییە. ئەو کۆمەڵگایانەش دەگرێتەوە کە تێیاندا کۆبوونەوەی دەسەڵات، هەستی نادادپەروەری و لاوازیی ڕێگاکانی گفتوگۆ، مەترسیی گۆڕینی ناکۆکیی سیاسی بۆ پێکدادان زیاد دەکەن.

سەرچاوە: ئێمیل شابال (Emile Chabal) «بۆچی فەرەنسا بەردەوام لە شۆڕش و ناڕەزایەتیدایە؟»، Foreign Policy، ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦. ئەم پوختەیە بیرۆکە و لێکدانەوەکانی نووسەر دەگوازێتەوە؛ ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو لێکدانەوەکانی بێ ناکۆکی و ڕەخنە بن.  ئەم نووسەرە مێژوونووسێکی بەریتانی و پرۆفیسۆری مێژووی هاوچەرخە لە زانکۆی ئێدنبەرگ. خوێندنی باڵای لە زانکۆی کەمبریج تەواو کردووە و دکتۆرای لە مێژوودا وەرگرتووە. پسپۆڕییەکانی مێژوو و سیاسەتی فەرەنسا، پەیوەندییە فەرەنسی–بەریتانییەکان، ناسنامەی سیاسی و کاریگەریی کۆلۆنیالیزم دەگرنەوە. لە کتێبە ناسراوەکانی ئەودا A Divided Republic و France هەن.

 

چەند تێبینیەکی ئامادەکار:

لە ساڵی ١٩٧٢دا، هێنری کێسینجەر، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە دیدارێکدا لەگەڵ ژوو ئەنلای، سەرۆکوەزیرانی چین، پرسیاری کرد:

— هێنری کێسینجەر: بەڕێز سەرۆک‌وەزیر، نزیکەی ١٨٣ ساڵ بەسەر شۆڕشی فەڕەنسیی ١٧٨٩دا تێپەڕیوە. بە بڕوای ئێوە، ئەنجامەکانی ئەو شۆڕشە چین؟

— ژوو ئەنلای: هێشتا زووە بۆ ئەوەی بتوانین بە دروستی هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی بکەین.

هەرچەندە ئەم دیالۆگە بەو شێوەیە لە چیرۆکێکی بەناوبانگدا گێڕدراوەتەوە، بەڵام دواتر ڕوون بووەتەوە کە لەوانەیە ژوو ئەنلای پرسیارەکەی بە هەڵە وەربگرتبێت لەبەر هۆکاری وەرگێڕانی هەڵە و مەبەستی کێسینجەر ڕووداوەکانی پاریسی ساڵی ١٩٦٨ بووبێت، نەک شۆڕشی ١٧٨٩. چیرۆکی ئەم دیالۆگە هەرچەندە ڕاستییەکەی جێی مشتومڕە، بەڵام بیرمان دەخاتەوە کە کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییە مێژووییە گەورەکان، زۆرجار لە سنووری وڵاتان و  نەوەکان تێدەپەڕن.

لە ڕوانگەی ئێمەوە، دەکرا نووسەر پەیوەندی نێوان چەند ڕووداو و گۆڕانکارییە گرنگە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ڕوونتر بکاتەوە؛ ئەو هۆکارانەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا و پەرەسەندنیان بۆ وڵاتانی تری ئەوروپا  و بگرە بۆ ووڵاتانی تر ڕۆڵ دەگێڕن.

لە ئاستی مێژوویی نیمچە درێژخایەندا، کاریگەریی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا لەسەر ئابووریی ئەوروپا، خەرجییەکانی پشتیوانیی سەربازی و ئابووری بۆ ئۆکرانیا، گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزە و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە وزەی ڕووسیا پێویستیان بە لێکدانەوە هەیە. هەروەها، ململا‌نێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی نێوان ئەمریکا و ئێران، و مەترسییەکانی سەر گواستنەوەی وزە لە گەرووی هورمز و باب‌المەندەب، دەتوانن کاریگەرییان لەسەر نرخەکان، ئاسایشی وزە و باری ژیانی خەڵک هەبێت.

لە ئاستی کورتخایەند و ساتەوەختییشدا، واتا ئاستی ڕووداوەکانی ڕۆژانە، بڕیارە سیاسییەکان، پێشەنگیی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەروەها گۆڕانکارییەکانی ململا‌نێکانی یەمەن و ڕۆڵی سعودیە و وڵاتانی کەنداو لە ئاسایشی وزە، لە چوارچێوەیەکی پەیوەستدا هەڵبسەنگێندرێن. ئەم پەیوەندیانە دەتوانن یارمەتیمان بدەن قووڵتر تێبگەین چۆن ڕووداوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ناڕەزایییە ناوخۆییەکان تێکەڵ دەبن، هەرچەندە ناتوانین بەبێ وەک هۆکاری ڕاستەوخۆی خۆپیشاندانەکان پیشانیان بدەین.

لایەنێکی دیکەی گرنگ، ڕۆڵی زیرەکیی دەستکرد (AI) و کۆبوونەوەی سەرچاوە زانستی، سەرمایەی ئابووری و توانای تەکنۆلۆژی لە دەستی ژمارەیەکی سنووردار لە کۆمپانیا و کەسایەتییەکاندا بووتە مایەی درووستبوونی گێژاوێک هەموومانی گرتۆتەوە. لە لایەکەوە، ئەم تەکنۆلۆژیایە هیوای زۆری بۆ گۆڕینی شێوازی کار و ژیان دروست کردووە؛ لە لایەکی دیکەوە، نادڵنیایی، وەک قومارکردن، لە ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان کە وەک زیانە داراییەکان و ڕکابەریی ئابووری ئەمریکا و چین، بگرە کەوتنە ژێر پرسیاری ئەو هیوایانەی ئەم دوو ووڵاتە بۆ چارەسەری کێشە ئابووریەکانی ناوخۆیان هەڵیانچنیبوو. ئەم جۆرە بە ناو زیرەکیە هەروەها پرسیاری گرنگیان دەربارەی دابەشکردنی سوود و دەسەڵات دروست کردووە. ئەم پرسیارانە بۆ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، کە وەبەرهێنانی بەرچاویان لە پڕۆژە تەکنۆلۆژییەکاندا کردووە و بگرە هێندی جار گرەوی ترسناکیان کردووە کە بووەتە هۆکاری کەوتنە ژێر پرسیاری شەرعیەتی دەسەڵاتەکانیانەوە. لە بنەڕەتدا، پرسیارەکە ئەوەیە: مرۆڤ لەم سیستەمە نوێیانەدا تا چەند بەکارهێنەری تەکنۆلۆژیایە و تا چەند ڕاددەیەک دەبێتە ئامرازی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی ئەوانی دیکە؟

هەروەها، نابێت کەمبوونەوەی توانای کاریگەری و ڕۆڵی هەماهەنگیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە یاد بکرێت، بە تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەم چەند ساڵەی ڕابووردودا لە چارەسەرکردنی ململا‌نێکان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ڕۆڵیان سنووردار بووە. کاتێک ئەم دامەزراوانە ناتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر لە پێشگیریی شەڕ و پاراستنی مافی مرۆڤدا ڕۆڵ بگێڕن، بارودۆخی نائاسایی و تێکچوونی ژیان زیاتر بەسەر ئەو کۆمەڵگانەدا دەشکێتەوە کە کەمترین دەسەڵات و توانای بەرگرییان هەیە. لێرەدا، پاراستنی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ، بە تایبەتی ئەو کەسانەی لە پەراوێزی دەسەڵات و بڕیاردانن، دەبێتە پێوەرێکی بنەڕەتی بۆ هەڵسەنگاندنی سیاسەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان.

لە کۆتاییدا، گرنگیی شیکردنەوەکە لەوەدایە کە ئەم ڕووداوانە وەک بابەتێکی جیاواز و بێ‌پەیوەندی نەبینرێن، بەڵکو بەستەری نێوان فشارە ئابوورییەکان، گۆڕانکارییە جێوسیاسییەکان، تەکنۆلۆژیای نوێ، لاوازبوونی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و ناڕەزایییە کۆمەڵایەتییەکان لێک بدرێتەوە. بەو شێوەیە دەتوانین باشتر تێبگەین بۆچی خۆپیشاندانەکان لە کاتێکی دیاریکراودا سەرهەڵدەدەن، چۆن لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر پەل دەهاون، و تا چەند نیشانەی گۆڕانکارییەکی فراوانترن لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەت، ئابووری و  کۆمەڵگەدا.

زۆرترین بینراو
تەقینەوەکانی بەغدا؛ حکومەتی عێراق گومان دەکات ئیسرائیل چەکی ستراتیژیی گروپەکانی لەناوبردبێت
ناتانیاهۆ وێنەی بۆمبێکی ئەتۆمی بڵاودەکاتەوە کە دراوە بەسەر تەلئەبیب-دا
تره‌مپ: تاكه‌ پرسیارم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێککەوتن له‌گه‌ڵ ئێران بکەم، یان کۆتاییان پێبهێنم؟
سوپای پاسداران بە درۆن هێرشی کردە سەر بارەگای سەرەکیی کۆمەڵە لە دەڤەری بالیسان
ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی نێوان وه‌فدی حكومه‌تی عێراق و مه‌سرور بارزانی
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید: هه‌ندێك له‌ بڕیاره‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی زه‌یدی دراسه‌كراو نین
رۆیته‌زر: نێوه‌ندگیره‌ قه‌ته‌رییه‌كان له‌ تارانن
دیلان غەفور: تا ئێستا سێ بابەت لە نێوان بەغداو هه‌ولێر یه‌كلانه‌كراونه‌ته‌وه‌
پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر یاسای مۆڵەتی پێنج ساڵەی فەرمانبەران دەدات؛ مەرج و وردەکارییەکان ئاشکرا کران
مه‌سرور بارزانی: گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وامن و هێشتا نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ئه‌نجامی كۆتایی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×