سوپای پاسداران ئاگرکەوتنەوە لە سێ کەشتی و دەستبەسەرداگرتنی دوو درۆن لە گەرووی هورمز رادەگەیەنێت
  2026-11-05     

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، لە سنووری ئاویی گەرووی هورمز ئاگر لە دوو کەشتیی نەوتهەڵگر و کەشتییەکی راکێشەر کەوتووەتەوە، هاوکات ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان دەستیان بەسەر دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا گرتووە.

ئاوێنە: ​ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا وردەکاریی رووداوەکەی بڵاوکردەوە و هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لەو سێ کەشتییەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کەشتییەکان هەوڵیان داوە رێڕەوێکی دەریایی "ناپێویست" لەنێو گەرووەکەدا بەکاربهێنن. بەگوێرەی زانیارییەکانی نێو بەیاننامەکە، یەکێک لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەکاتی تێپەڕینی بە رێڕەوی باشووری گەرووی هورمزدا بەر مینێکی دەریایی کەوتووە، نەوتهەڵگرەکەی دیکەش لە بەشی رۆژهەڵاتی گەرووەکە و لە ئەنجامی لادان لە رێڕەوی دیاریکراوی خۆی، تووشی رووداوی ئاگرکەوتنەوە بووە.

​لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا و سەبارەت بە جموجۆڵە سەربازییەکانی ناوچەکە، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانیان توانیویانە کۆنترۆڵی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە جۆری "لوکاس" بکەن و لە ئێستادا هەردوو فڕۆکەکە لەژێر دەستی هێزەکانی ئەواندان.

​پەیوەست بە لێکەوتە ئەمنی و سیاسییەکانی ئەم رووداوە، سوپای پاسدارانی ئێران لە پەیامێکدا هۆشداریی دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رایگەیاند، هەر هەوڵێک بە ئاراستەی پێشێلکردنی یاسا و رێساکان لە گەرووی هورمز، دەبێتە هۆی قووڵتربوونەوەی زیانە دارایی و شکستە سیاسییەکانی واشنتن. لە بەرامبەردا و تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بەرپرسانی ئەمریکا هیچ لێدوان و کاردانەوەیەکی فەرمییان لەسەر ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی سوپای پاسداران و رووداوەکەی گەرووی هورمز نەبووە.

​گەرووی هورمز کە دەکەوێتە نێوان کەناراوەکانی ئێران و سوڵتاننشینی عومان، بە یەکێک لە شادەمارە هەرە گرنگ و ستراتیژییەکانی گواستنەوەی دەریایی لە جیهاندا دادەنرێت، بەوپێیەی قەبارەیەکی زۆری هەناردەی نەوت و گازی سروشتیی وڵاتانی کەنداو لە رێگەی ئەم گەرووەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت و هەر رووداوێکی ئەمنی تێیدا کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر بازاڕی وزە دادەنێت.

​ئەم پێشهاتە ئەمنییانەی گەرووی هورمز لە سەروبەندی بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکەدایە؛ رۆژی 28ـی شوباتی 2026، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی و جەنگیان لە دژی ئێران دەستپێکرد. هەرچەندە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ئاگربەست لەنێوان لایەنەکان راگەیەندرا، بەڵام بەهۆی بنبەستبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی و راگرتنی یەکجاریی جەنگەکە، لە مانگی تەممووزەوە جارێکی دیکە پێکدادان و رووبەڕووبوونەوەکان لەنێوان واشنتن و تاران سەریانهەڵدایەوە.

زۆرترین بینراو
بەفەرمی؛ یەکێتی دەرگای بەشداریی لە حکومەت داخست و پۆستەکانی چۆڵ کرد
مۆدێلی نوێی ئۆجەلان بۆ چوار پارچەی کوردستان؛ لە کەرکوکەوە تاوەکو شنگال و ڕۆژهەڵات
مه‌لا شڤان: به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانم نه‌كردایه‌ یه‌كێتی نیو ملیۆن دۆلاری پێده‌دام
لافاوەکەی هەولێر قوربانیی لێکەوتەوە؛ شۆفێرێکی خۆبەخش گیانی لەدەستدا و منداڵێکی 5 ساڵانیش بێسەروشوێنە
عێراق: توركیا ده‌ستده‌كات به‌ راده‌ستكردنه‌وه‌ی قۆناغ به‌ قۆناغی سه‌ربازگه‌ی باشیك
نهێنییەکانی پشت شکستی حووسییەکان لە کۆنترۆڵکردنی تەعز؛ شاخەکان و ستراتیژیی سەربازی چۆن هاوکێشەکەیان گۆڕی؟
گرژییەکانی سەر پرسی چەک لە عێراق قووڵتر دەبنەوە؛ سەرۆکوەزیران هۆشداریی توند دەداتە گرووپە چەکدارەکان
لە سبەینێوە "هاوینە بچووک" ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات؛ هۆشدارییەکی بەپەلە دەدرێتە جووتیاران
نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی ئێران تاوتوێی "هاریکاریی ئەمنی" ده‌كه‌ن
گادی ئایزنکۆت؛ ئەو ژەنەراڵە بێدەنگەی بە پشتیوانیی عەرەبەکان کۆتایی بە سەردەمی نەتەنیاهوو دەهێنێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×