ڕانانی: چاوان تاهیر
کتێبی "کوردستان لە چاوەڕوانی دەوڵەتدا"، لەنووسینی "د.موفید محەمەد نوری"یە.
لە مێژووی نەتەوەکاندا، هەبوونی زمانێکی هاوبەش، ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتی، خاکێکی دیاریکراو و بیرەوەرییەکی مێژوویی، بە تەنها بەڵگەی بەدەستهێنانی دەوڵەت نین؛ هەرچەندە هەموویان دەتوانن بنەمایەکی گرنگ بۆ پەرەسەندنی هەستی نەتەوەیی و داواکاریی سیاسی پێک بهێنن. مێژوو پڕە لە نەتەوە گەلێک کە بە درێژایی سەدەکان ناسنامە و تایبەتمەندیی خۆیان پاراستووە، بەڵام نەیانتوانیوە لە قۆناغێکی دیاریکراودا دەسەڵاتی سیاسیی سەربەخۆ دامەزرێنن؛ هەروەها نەتەوەگەلێکیش هەن کە لە ئەنجامی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان، هەڵکەوتەیەکی سیاسیی گونجاو، بڕیارەکانی سەرکردایەتی و توانا و ئامادەیی ناوخۆیی، توانیویانە لە داواکاریی نەتەوەییەوە بگەنە دامەزراندنی دەوڵەت. لە نێوان ئەم دوو دۆخەدا، پرسی کورد وەک کێشەیەکی مێژوویی و سیاسیی درێژخایەن سەرهەڵدەدات؛ پرسیارێک کە تەنها بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و ژماردنی ڕاپەڕین و شۆڕشەکان وەڵام نادرێتەوە، بەڵکو پێویستی بە لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان ناسنامە، دەسەڵات، جوگرافیا، دامەزراوە، بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی و توانای سیاسیی کۆمەڵگا هەیە. کتێبی «کوردستان لە چاوەڕوانیی دەوڵەتدا»ی د. موفید محەمەد نوری لەناو ئەم بازنەیەدا هەوڵدەدات پرسی بەدەوڵەتبوونی کورد، کە بۆچی تاکو ئێستا کورد دەوڵەتی نییە لە چەند ڕەهەندێکەوە دەخاتە بەرباس؛ لە جوگرافیا و دیمۆگرافیاوە بگرە تا مێژووی قەوارە سیاسییەکان، بنەماکانی دەوڵەتی مۆدێرن، نەبوونی سەرکردە، ئەزموونی نەتەوەکانی تر و هەلومەرجی نێودەوڵەتی. لە هەمووشی گرنگتر ئەزموونی مێژووی سەرکردایەتیی کوردە لەناو دانوستانەکاندا لەگەڵ لایەنی بەرانبەردا، کە بەهۆی کەم ئەزموونی سیاسی و نەبوونی تێگەیشتنێکی قووڵ لە ستراتیژی دیپلۆماسی، بۆتە هۆی لاوازیی پێگەی گفتوگۆکردن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی بەدەوڵەتبوون. بەو پێیە، کتێبەکە تەنها هەوڵێک نییە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەوەی بۆچی کورد دەوڵەتی سەربەخۆی نییە؛ بەڵکو هەوڵێکە بۆ تاقیکردنەوەی ئەو بیرۆکەیەی کە مێژوو، ناسنامە و مافی نەتەوەیی چۆن دەتوانن لەگەڵ هێز و بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا ڕووبەڕووی سنوور و بەربەست ببنەوە.
یەکێک لە خاڵە بنەڕەتییەکانی کتێبەکە ئەوەیە کە پرسی کورد نابێت تەنها لە چوارچێوەی ڕووداوە سیاسییە نوێکاندا بخوێندرێتەوە. نووسەر لە بەشی یەکەمدا، بە باسکردنی جوگرافیا و دیمۆگرافیای کوردستان و ئاماژەدان بە زمان و کولتوور و ئایین، هەوڵ دەدات ئەو بنەمایانە بخاتە ڕوو کە لە تێگەیشتن لە ناسنامەی کورد و پەیوەندیی نێوان کورد و خاکەکەیدا گرنگن.
بەشی دووەمی کتێبەکە، بە باسکردنی قەوارە سیاسییەکانی کورد لە مێژوودا، ئەو بنەمایە مێژووییە بەرفراوانتر دەکات. ئاماژە بە میرنشینەکان و قەوارە سیاسییە جیاوازەکان، لەوانە ئەردەڵان و سۆران و بۆتان، هەروەها بزووتنەوەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، هەوڵێکە بۆ پیشاندانی ئەوەی کە مێژووی کورد تەنها مێژووی ژیان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتانی دەرەکی نەبووە، بەڵکو مێژووی پێکهاتن و بەردەوامیی شێوە جیاوازەکانی دەسەڵات و خۆبەڕێوەبردنیش بووە. لەو ڕووەوە، بەشی دووەم پشتگیرییەکی مێژوویی بۆ تێزی گشتیی کتێبەکە پێک دەهێنێت؛ ئەوەی کە پرسی بەدەوڵەتبوونی کورد نابێت بەوە کورت بکرێتەوە کە ئایا لە ڕابردوودا قەوارەی سیاسیی هەبووە یان نا، بەڵکو دەبێت بپرسین بۆچی ئەو قەوارانە نەیانتوانیوە ببنە بنەمای بەردەوامیی دەوڵەتێکی مۆدێرن.
بەشی سێیەم، کە تایبەتە بە بنەماکانی دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرن، لە نێوان مێژووی ڕابردوو و پرسی سیاسیی ئەمڕۆدا پردێک دروست دەکات. لێرەدا باس لەوە دەکرێت کە دەوڵەت چییە، چ ئاستەنگێک لەبەردەم دروستبوونی دەوڵەتی کوردیدا هەیە، و چۆن بیرکردنەوە و ڕێکخستن و دامەزراوەسازیی سیاسی دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ئەم پرۆسەیە هەبێت. ئاماژە بە ئەزموونی ڕێکخراوە و کۆمەڵە سیاسییە کوردییەکان، لەگەڵ پەیوەندیی نێوان پرسی کورد و ڕووداوەکانی سەدەی بیستەم، دەریدەخات کە ناسیۆنالیزمی کوردی لە یەک شێوەی جێگیر و یەکگرتوودا پەرەی نەسەندووە؛ بەڵکو لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە مێژووییەکان، بۆچوونە ئایدیۆلۆژییە جیاوازەکان، هەلومەرجی ناوچەیی و هەڵوێستی دەوڵەتانی دەوروبەر گەشەی کردووە.
ئەم بەشە لەبەر ئەوە گرنگە کە پرسی دەوڵەت لە ئاستی هەستی نەتەوەییەوە دەباتە ئاستی پرۆژەی سیاسی. هەستکردن بە ناسنامەیەکی هاوبەش و باوەڕبوون بە مافی چارەی خۆنووسین، بە تەنها، دامەزراوەی بەڕێوەبردن دروست ناکات. دەوڵەت پێویستی بە توانای بەڕێوەبردنی کارە گشتییەکان، یاسا، دامەزراوە، سیستەمی دارایی، توانای پاراستنی مافەکان و بنەمایەکی سیاسی هەیە کە بتوانێت لە ناوخۆدا ڕەوایی و بەردەوامی بەرهەم بهێنێت. لەو ڕووەوە، ئەو پرسیارەی کە کتێبەکە لە سەرەتادا بەرزی دەکاتەوە، لە ڕێگەی ئەم بەشەوە مانایەکی قووڵتر وەردەگرێت: مەسەلەکە تەنها ئەوە نییە کە کورد بۆچی دەوڵەتی نییە، بەڵکو ئەوەشە کە چ بنەمایەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی بەردەوام و کارا پێویستە، و چ ئاستەنگێک لە مێژوو و سیاسەتی کوردیدا ئەم پرۆسەیەیان ئاڵۆز کردووە.
بەشی چوارەم، بە ناونیشانی «کورتە بەراوردێک لە نێوان چارەنووسی کورد و ئەو نەتەوانەی وەک کوردن»، ناوەندی شیکردنەوەیی کتێبەکەیە؛ چونکە لێرەدا ئەو بابەتانەی لە بەشە پێشووەکاندا بە شێوەی جوگرافیایی و مێژوویی و تیۆریی باس کراون، دەخرێنە تاقیکردنەوەی بەراوردکارییەوە. نووسەر لەم بەشەدا دەیەوێت بە خوێنەر بڵێت: گفتوگۆکردن تەنها دانیشتن لە پشت مێزێک نییە، بەڵکو هونەر و زانستێکی ستراتیژییە کە دەبێت یا بە ئەکادیمی فێری ببیت، یان لە ئەزموونێکی سیاسیی قووڵ و زیرەکانەوە هەڵێنجنرێت؛ بەتایبەت کاتێک مەسەلەکە دێتە سەر هونەری گفتوگۆکردن لەگەڵ دەوڵەتی سەردەست یان دوژمنی سەرەکی. نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە دانوستان لەگەڵ لایەنی داگیرکەر هاوکێشەیەکی تەواو نایەکسانە و ناتوانرێت بە سۆز، مەزڵومیەت و دروشم بەڕێوە ببرێت، بەڵکو پێویستی بە لێهاتوویی لە دروستکردنی کارتی فشار، خوێندنەوەی خاڵە لاوازەکانی دەوڵەتی سەردەست، و قۆستنەوەی دەرفەتە نێودەوڵەتییەکان هەیە.
لەم سۆنگەیەوە، نووسەر بە هەڵبژاردنی کەیسەکانی ئێرلەندا، سایپرس، فەلەستین، ئیستۆنیا و کەتەلۆنیا هەوڵ دەدات نیشان بدات کە نەتەوەکان، سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی ناسنامە، مێژووی داگیرکاری و داواکاریی سیاسییەوە زۆر لە یەک دەچن، بەڵام بەهۆی جیاوازی لە شێوازی بەڕێوەبردنی گفتوگۆ و چۆنیەتیی مامەڵەکردنیان لەگەڵ دەوڵەتە باڵادەستەکانیاندا، بە هەمان ئەنجام نەگەیشتوون؛ هەندێکیان توانیویانە بە دانوستانی ژیرانە بگەنە کەناری ئارام، و هەندێکی تریشیان بەهۆی نەبوونی ستراتیژی گفتوگۆ لە بازنەیەکی داخراوی ململانێ و چەقبەستووییدا ماونەتەوە. هەندێکیان توانیویانە دەوڵەتی سەربەخۆ دامەزرێنن، هەندێکیان بەشێک لە داواکارییەکانیان بەدەست هێناوە، هەندێکیشیان لە نێوان ناسنامەی نەتەوەیی، دەسەڵاتی ناوخۆیی و سنوورە یاسایی و نێودەوڵەتییەکاندا ماونەتەوە. لەو ڕووەوە، بەراوردەکە تەنها بۆ پیشاندانی هاوشێوەیی نێوان کورد و ئەو نەتەوانە نییە؛ گرنگیی سەرەکییەکەی لەو پرسیارەدایە کە ئەو جیاوازییانە چییان فێر دەکەن دەربارەی سروشتی دەوڵەتسازی.
لە بەشی ئێرلەندا، نووسەر سەرنج دەخاتە سەر مێژووی داگیرکاریی بەریتانیا، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و خەباتی سیاسی و سەربازی، هەروەها پرۆسەی دابەشبوونی ئێرلەندا و سەربەخۆبوونی بەشێک لەو وڵاتە؛ کە ئێرلەندییەکان چۆن گفتوگۆیان کردووە لەگەڵ بەریتانیدا و سەرکەوتوو بوون. لە باسی ئەزموونی ئێرلەندادا، گرنگە سەرنج تەنها لەسەر شەڕ و ملمڵانێی نێوان بزووتنەوەی نەتەوەیی و حکومەتی بەریتانیا نەوەستێت، بەڵکو ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و فکرییەش بخەینە بەرچاو کە ڕێگای گفتوگۆی کردەوە. بەپێی ئەو ڕووداوانەی لە کتێبەکەدا باس کراون:
شین فین، وەک باڵی سیاسیی IRA، بە شێوەیەکی ئەرێنی و ئامادەیی بۆ گفتوگۆ وەڵامی حکومەتی بەریتانیا دەداتەوە و داوای کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ دەکات؛ بەڵام حکومەتی بەریتانیا سوور دەبێت لەسەر ئەوەی پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکان، ئاگربەست ڕابگەیەنرێت. لێرەدا کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە دوو لایەن چۆن لەسەر مەرجەکانی گفتوگۆ ڕێک دەکەون، بەڵکوو ئەوەشە کە هەر لایەنێک تا چەند ئامادەیە لە هەڵوێستە سەختەکانی خۆی دوور بکەوێتەوە و بۆ لایەنی بەرامبەر بۆشاییەک بۆ جووڵە و گۆڕان بهێڵێتەوە.
بەپێی دەقی کتێبەکە، خاڵێکی گرنگی ئەم پرۆسەیە لە وتارێکدا دەردەکەوێت کە مارتن مەکگینس[1] لە کۆنفرانسی شین فین لە ٢ی شوباتی ١٩٩٣دا پێشکەشی دەکات. ئەو لە قسەکانیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بزووتنەوەکە ئامادەیە بە شێوەیەکی ڕوون و نەرم لە هەر گفتوگۆیەکدا بەشدار بێت، ئەگەر ئەو گفتوگۆیە بە ڕاستی بەرەو ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا بڕوات. بەڵام گرنگترین لایەنی وتارەکە، لە ڕوانگەی شیکارییەوە، ئەوەیە کە مەکگینس داوا دەکات بۆ لایەنی بەرامبەر بۆشایی بهێڵدرێتەوە، تا بتوانێت بجووڵێت؛ هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو کە خودی بزووتنەوەکەش لەوانەیە پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی نوێ هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرک و هەڵوێستی بەرامبەرەکانی هەڵبسەنگێنێت و هەموو کردارەکانیان بە هەڵە لێک نەداتەوە.
ئەم بیرکردنەوەیە لە چوارچێوەی مێژووی بزووتنەوە نەتەوەییەکاندا مانایەکی قووڵتر هەیە. چونکە کاتێک ملمڵانێیەکی سیاسی و نەتەوەیی بۆ ماوەیەکی درێژ بە شێوەی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوام دەبێت، هەردوو لا دەکرێت بەرامبەرەکەیان تەنها وەک دوژمنێکی دەبێت لەناوببرێت ببینن. لەو دۆخەدا، هەر هەنگاوێک بەرەو گفتوگۆ دەکرێت وەک لاوازی یان پاشەکشە لێک بدرێتەوە. بەڵام ئەوەی لە قسەکانی مەکگینسدا دەردەکەوێت، هەوڵێکە بۆ گۆڕینی ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە: داننان بەوەی کە ڕێککەوتن تەنها بە داواکارییەکانی یەک لایەن بەدەست نایەت، بەڵکوو پێویستی بەوەیە کە لایەنەکان بتوانن هەندێک بۆشایی بۆ گۆڕان و هەڵوێستی نوێی یەکتر بهێڵنەوە. ئەمە بە مانای لەبیرکردنی ماف و داواکارییە نەتەوەییەکان نییە؛ بەڵکوو بە مانای گۆڕینی ئامرازەکانی گەیشتن بە ئامانجەکانە.
دوو ڕۆژ دوای ئەو وتارە، بەپێی ئەوەی لە کتێبەکەدا هاتووە، برێندان دێدی[2] داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە ڕۆبێرت[3] دەکات و پێی دەڵێت کە مەکگینس دەیەوێت لە هوتێلێکی نزیک دێریدا بیبینێت. لەو دیدارەدا، مەکگینس پرسیارێکی دەخاتەڕوو کە لە ڕووی سیاسی و مرۆییەوە لە سنووری ئەو ساتە مێژووییە تێدەپەڕێت: «یاخیبوون کۆتایی هات، بەڵام چۆن بتوانین ئاشتی بەرقەرار بکەین؟» گرنگی ئەم پرسیارە لەوەدایە کە کۆتاییهاتنی شەڕ و دامەزراندنی ئاشتی بە یەک مانا نازانێت. شەڕ دەکرێت بە بڕیارێکی سیاسی، ئاگربەستێک یان گۆڕینی ستراتیژی کۆتایی پێ بێت؛ بەڵام ئاشتی پێویستی بە پرۆسەیەکی ئاڵۆزتر هەیە، کە تێیدا متمانە دروست بکرێتەوە، زامەکانی ڕابردوو بناسرێن، لایەنەکان بتوانن لەگەڵ یەکتر بژین و ناکۆکییەکان لە چوارچێوەیەکی سیاسی و یاساییدا چارەسەر بکەن.
لەبەر ئەوە، ئەزموونی ئێرلەندا لەو ڕووداوانەدا تەنها نموونەی گۆڕانی تاکتیکی یان کۆتاییهاتنی قۆناغێکی شەڕ نییە؛ نموونەیەکە لەو قورساییەی کە لە گواستنەوە لە ملمڵانێیەکی چەکدارییەوە بۆ پرۆسەیەکی سیاسی هەیە. لە هەمان کاتدا، نابێت ئەم گۆڕانە بە شێوەیەکی سادە و هێڵیی وەک گەشتن لە شەڕەوە بۆ ئاشتی تێبگەین؛ چونکە گفتوگۆ خۆی کۆتایی ناکۆکی نییە، بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا پرسیارەکانی ماف، دەسەڵات، ناسنامە، متمانە و داهاتووی هاوبەش دەبنەوە بە بابەتی ملمڵانێ و ڕێککەوتن.
ئەم خاڵە بۆ خوێندنەوەی بەراوردی چارەنووسی کوردیش گرنگە. ئەگەر ئەزموونی ئێرلەندا وەک ئاوێنەیەک بۆ تێگەیشتن لە پرسی کورد بەکاربهێنین، ئەوا پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە کورد چۆن دەتوانێت مافە نەتەوەییەکانی بەدەست بهێنێت، بەڵکوو ئەوەشە کە لە کاتی گۆڕانی بارودۆخی سیاسی، چۆن دەتوانێت داواکارییەکانی بگۆڕێت بە پڕۆژەیەکی سیاسیی ڕوون، چۆن متمانە لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان دروست دەبێت و چۆن دەتوانرێت لە نێوان ئامانجی نەتەوەیی و واقیعی هێزە سیاسییەکاندا پەیوەندییەکی کاریگەر دروست بکرێت. بەڵام ئەم بەراوردە نابێت ببێتە هاوشێوەکردنی تەواوی دوو مێژوو؛ بارودۆخی کورد و ئێرلەندا لە ڕووی جوگرافیا، دابەشبوونی سیاسی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و شێوازی بەڕێوەبردنی ملمڵانێوە جیاوازیی بنەڕەتییان هەیە. بۆیە گرنگیی ئەزموونی ئێرلەندا لەوەدایە کە پرسیارە دروستەکانمان بۆ دەکاتەوە، نەک ئەوەی وەڵامێکی ئامادە بۆ چارەنووسی کورد پێشکەش بکات.
فەلەستین، لەنێو ئەزموونە بەراوردکارییەکانی بەشی چوارەمدا جێگایەکی تایبەتی هەیە، چونکە لێرەدا کێشەی نەتەوەیی بە شێوەیەکی ڕوون لەگەڵ کێشەی خاک، دەسەڵات، پەیوەندیی نێودەوڵەتی و پێناسەی ڕێککەوتنە سیاسییەکان تێکەڵ دەبێت. نووسەر بە باسکردنی ئەزموونی فەلەستین و ڕێککەوتنەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، سەرنج دەخاتە سەر ئەو بۆشاییەی کە دەتوانێت لە نێوان مانای ڕێککەوتن لای هەر لایەنێک و ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی و کردەیی جێبەجێ دەکرێتدا دروست ببێت. ئەم بابەتە بۆ تێگەیشتن لە پرسی نەتەوەیی گرنگە، چونکە وشەکانی وەک «ئاشتی»، «خۆبەڕێوەبردن»، «دەسەڵاتی ناوخۆیی» و «سەربەخۆیی» هەمیشە لە هەموو چوارچێوەیەکدا مانایەکی یەکسانیان نییە. ڕێککەوتنێک دەتوانێت بۆ لایەنێک قۆناغێکی نزیکبوونەوە بەرەو دەوڵەت بێت، بەڵام لایەنێکی تر وەک چوارچێوەیەک بۆ ڕێکخستنی دەسەڵات و پاراستنی هەلومەرجی ئێستا بیخوێنێتەوە.
ئەزموونی ڕێککەوتنی ئۆسلۆ لە ڕێگەی چیرۆکێکەوە دەخرێتەڕوو کە لە ڕوانگەی شیکارییەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. دێنیس ڕۆز[4]، کاتێک لە بنکەی سەرەکیی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین لە تونس سەردانی عەرەفات دەکات، تێدەگات کە هەرچەندە هەردوو لایەن بە ناوی ڕێککەوتن و گفتوگۆ کۆبوونەتەوە، بەڵام لە پێناسەکردنی ئامانجی ئەو ڕێککەوتنەدا لە یەکتر دوورن. بۆ فەلەستینییەکان، ئۆسلۆ قۆناغێکی کاتی بوو بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆیان و گەیشتن بە دەوڵەتی فەلەستین؛ بەڵام بۆ ئیسرائیلییەکان، زیاتر وەک ماوەیەکی تاقیکردنەوە سەیر دەکرا. ئەم جیاوازییە لە تێگەیشتن، کە لە سەرەتادا ڕەنگە وەک جیاوازییەکی ئاسایی لە هەڵوێستە سیاسییەکاندا دیار بێت، لە بنەڕەتدا بۆشاییەکی گەورەی لە نێوان دوو ئامانجی جیاوازدا ئاشکرا دەکرد.
گرنگیی ئەم نموونەیە لەوەدایە کە ڕێککەوتن بە تەنها بە بوونی واژۆ و دەقی پەیمان بەدی نایەت؛ پێویستە لایەنەکان لەسەر مانا و ئامانجی کۆتایییەکەشی تێگەیشتنێکی ڕوونیان هەبێت. لە ئۆسلۆدا، بابەتە بنەڕەتییەکانی وەک ئورشەلیم، سنوورەکان، دۆخی ئەو خەڵکانەی لە ناوچە عەرەبییەکاندا نیشتەجێ دەکران، و بە تایبەتی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین وەک ئامانجی کۆتایی، بە شێوەیەکی ڕوون چارەسەر نەکرابوون. بەمەش، هەر لایەنێک دەتوانی هەمان دەق بە شێوەیەکی جیاواز بخوێنێتەوە و هیوای گەیشتن بە ئامانجێکی جیاواز هەڵبگرێت. بۆیە، وەک ئەوەی حافز ئەسەد ئاماژەی پێداوە، دەقی پەیمانەکە پێویستی بە ڕوونکردنەوەیەکی زۆر هەبوو؛ ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ناڕوونیی سیاسی دەتوانێت لە جیاتی ئەوەی ڕێگا بۆ چارەسەر بکاتەوە، ببێتە سەرچاوەیەکی نوێی ناکۆکی.
لەبەر ئەوە، ئەزموونی ئۆسلۆ تەنها نموونەیەک لە شکستی ڕێککەوتنێکی سیاسی نییە، بەڵکوو ئاگادارکردنەوەیەکە لە مەترسیی ڕێککەوتنێک کە ئامانجی کۆتایییەکەی بە ڕوونی دیاری نەکراوە. ئەگەر ئەم ئەزموونە بە بەراورد لەگەڵ پرسی کورددا بخوێنینەوە، پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: ئایا ڕێککەوتنە سیاسییەکان تەنها دەرفەتێکن بۆ بەڕێوەبردنی کاتیی ناکۆکی، یان بە ڕاستی ڕێگایەکن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕوون؟ ئەوەی لەم نموونەیەوە فێری دەبین، ئەوەیە کە دیاریکردنی ئامانجی کۆتایی، ڕوونیی وشە و پەیمانەکان و هاوتاییی تێگەیشتنی لایەنەکان، هەمان ئەوەندە گرنگن کە خۆی پرۆسەی گفتوگۆ گرنگە.
لێرەدا یەکێک لە وانە گرنگەکانی بەشی چوارەم دەردەکەوێت: پێویستە جیاوازی لە نێوان دەربڕینی سیاسی و ناوەڕۆکی یاسایی و توانای جێبەجێکردنی ڕێککەوتن بپارێزرێت. هیچ ڕێککەوتنێک تەنها بەوەی لایەنەکان ناویەکی هاوبەشی لەسەر دادەنێن، مانایەکی یەکسان و دەرئەنجامێکی یەکسان بەرهەم ناهێنێت.
بۆ پرسی کورد، ئەم تێڕوانینە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە مێژووی کورد پڕە لە قۆناغەکانی دانوستاندن، هاوپەیمانی، خۆبەڕێوەبردن و پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. ئەوەی لە ئەزموونی فەلەستین فێر دەبین، ئەوە نییە کە چارەنووسی هەموو نەتەوەکان بە هەمان شێوە دەبێت؛ بەڵکو ئەوەیە کە پێویستە ناوەڕۆکی ڕێککەوتن و پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و جێبەجێکردن بە وردی هەڵبسەنگێندرێت. مافی سیاسی، ناوچەی خۆبەڕێوەبردن یان داننان بە ناسنامەی نەتەوەیی، هەرچەندە دەتوانن قۆناغێکی گرنگ بن، بە خۆیانەوە وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دەوڵەتسازی نادەنەوە. ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە ئەم قۆناغانە چ پەیوەندییەکیان بە دەسەڵاتی یاسایی، ئابووری، ئاسایشی و دیپلۆماسییەوە هەیە، ئایا توانای گۆڕینیان بۆ شێوازێکی بەردەوامی چارەسەری سیاسی هەیە یان نا.
ئەگەر ئەم پێنج ئەزموونە لە یەک چوارچێوەی شیکارییدا کۆ بکرێنەوە، دەردەکەوێت کە بەشی چوارەم بە شێوەیەکی بنەڕەتی پرسیار لە تێگەیشتنێکی باو دەکاتەوە: ئەوەی کە نەتەوەیەک بەهۆی مێژووی درێژ، ناسنامەی جیاواز و خەباتی سیاسییەوە دەبێت بە خۆکارانە بگاتە دەوڵەت. ئەزموونی ئێرلەندا نیشان دەدات کە سەربەخۆیی و دابەشبوون دەتوانن پێکەوە ڕووبدەن؛ سایپرس سەرنج دەخاتە سەر سنووری دامەزراندنی دەوڵەت لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا؛ فەلەستین پرسی ناوەڕۆکی ڕێککەوتن و جیاوازیی نێوان پێناسە و جێبەجێکردن دەخاتە ڕوو؛ ئیستۆنیا ڕۆڵی دەرفەتە نێودەوڵەتییەکان و ئامادەیی ناوخۆیی ڕوون دەکاتەوە؛ کەتهلۆنیاش سنووری نێوان ناسنامەی نەتەوەیی، خواستی سیاسی و چوارچێوەی یاسایی دەخاتە بەرچاو. ئەم جیاوازییانە بە خۆیانەوە وانەیەکی گشتییان هەیە: دەوڵەتسازی نە ئەنجامی خەباتی تەنها، نە بەرهەمی بڕیاری زلهێزەکان بە تەنها، و نە بەرهەمی ناسنامەی نەتەوەیی بە تەنها نییە؛ بەڵکو لە پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان ئەم هۆکارانە و چەندین هۆکاری تردا شێوە دەگرێت.
بەشی پێنجەم، بە ناونیشانی «سەربەخۆیی کوردستان لە گرەوی چیدایە»، گفتوگۆکە لە بەراوردی مێژووییەوە دەگوازێتەوە بۆ پرسی سیاسیی کوردستان و هەلومەرجی سەردەمی نوێ. باسکردنی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان، جینۆسایدی کورد، جەنگەکانی کەنداوی فارس و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کورد، چوارچێوەیەک پێک دەهێنن بۆ تێگەیشتن لەوەی کە داواکاریی سەربەخۆیی تەنها بە خواستی نەتەوەیی بەدی نایەت، بەڵکو پەیوەستە بە هاوکێشەی هێز، پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و توانای سیاسی و دامەزراوەیی.
گرنگیی ئەم بەشە لەوەدایە کە بەراوردەکانی بەشی چوارەم بە پرسیارێکی کردەیی دەبەستێتەوە: کام هۆکارانە دەرفەت بۆ سەربەخۆیی دروست دەکەن و کام سنوورانە ڕێگری لێ دەکەن؟ لەم ڕووەوە، پشتگیریی ناوخۆیی، توانای بەڕێوەبردن، پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەر و هەڵوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکان، هەر یەکەیان ڕۆڵی خۆیان هەیە و هیچ کامیان بە تەنها دڵنیایی لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی نادات. بۆیە، دەوڵەتسازی تەنها پرسی خواست نییە، بەڵکو پرسی ستراتیژی، توانای سیاسی و هەلومەرجی مێژووییشە.
لە کۆتاییدا، باسکردنی «دوو قوتابخانەی جیاواز» ناکۆکیی ناوخۆیی لەسەر ڕێگای گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی دەخاتەڕوو؛ ناکۆکییەک لە نێوان ناسینی سنوورەکانی واقیعی سیاسی و پێداگری لەسەر گۆڕینی ئەو واقیعەدا. بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت لە نێوان ئامانجی سیاسی و توانای کردەوەیی پرد دروست بکرێت. بەو پێیە، ئەم بەشە تەواوکەری بەشی چوارەمە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەزموونی نەتەوەکانی تر و مێژووی کورد، کاتێک بەسوود دەبن کە ببنە بنەمایەک بۆ شیکردنەوەی واقیع و داڕشتنی ستراتیژییەکی ڕوون، نەک تەنها دووبارەکردنەوەی خواستێکی نەتەوەیی.
[1] مارتن مەکگینس (1950–2017): سیاسەتمەدارێکی ئێرلەندی و یەکێک لە سەرکردە ناسراوەکانی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ئێرلەندا بوو. پێشتر لە ڕێکخراوی چەکداریی IRAدا ڕۆڵی هەبوو، دواتر بووە یەکێک لە سەرکردە سیاسییەکانی شین فین و ڕۆڵێکی گرنگی لە گفتوگۆکانی ئاشتی و ڕێککەوتنی "هەینی نایاب"ی باشووری ئێرلەندا (Good Friday Agreement) لە ساڵی ١٩٩٨دا هەبوو. لە ٢٠٠٧ تا ٢٠١٧یش جێگری سەرۆکی حکومەتی ئێرلەندای باکوور بوو.
[2] برێندان دێدی (١٩٣٦–٢٠١٧): بازرگانێکی ئێرلەندی خەڵکی شاری دێری بوو، کە بە نهێنی وەک ناوبژیوان و پەیوەندییەکی نێوان سەرکردایەتیی IRA و حکومەتی بەریتانیا کاری دەکرد. بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە، پەیام و گفتوگۆی نهێنیی لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا دەگواستەوە و ڕۆڵێکی گرنگی لە ئامادەکردنی زەمینەی ئاگربەستی IRA لە ١٩٩٤ و پرۆسەی ئاشتیی ئێرلەندا هەبوو.
[3] ڕۆبێرت مەکلارنۆن (Robert McLarnon): کە بە ناوی نهێنیی "فێرد (Fred)" ناسراو بوو، ئەفسەرێکی هەواڵگریی بەریتانیا (MI5) بوو. دوای خانەنشینبوونی مایکل ئۆتلی، جێگرەوەی ئەو بوو لە پەیوەندییە نهێنییەکانی نێوان حکومەتی بەریتانیا و سەرکردایەتیی IRA لە ساڵی ١٩٩٣دا ڕۆڵی گرنگی لە گەیاندنی پەیام و ئاسانکاریی گفتوگۆکاندا هەبوو، کە دواتر بوونە بەشێک لە پرۆسەی ئاشتیی ئێرلەندا.
[4] دێنیس ڕۆز: دیپلۆماتکارێکی ئەمریکییە کە لە ماوەی سەرۆکایەتی جۆرج بوشی باوک و بیل کلینتندا ڕۆڵێکی گرنگی لە دیپلۆماسیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گفتوگۆکانی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین هەبووە. لە هەوڵەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی ئۆسلۆ و ڕێککەوتنەکانی دواتریشدا بەشدار بووە.