وێرای ئەوەی وتەبێژێکی یەکێتیی ئەوروپا داوایکرد، دەرفەت بە دیپلۆماسی بدرێت، هاوکات هۆشداری مەترسیشیدا لە هەڵکشانێکی نوێی سەربازی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا کە لێکەوتەی زۆر مەترسیداری بۆ تەواوی ناوچەکە دەبێت.
ئاوێنە: وتەبێژێک لە یەکێتیی ئەوروپا لە لێدوانێکی تایبەتدا بە میدیا کوردییەکانی وت "هەر هەڵکشانێکی نوێی سەربازی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئێراندا دەکرێت لێکەوتەی زۆر قورس و مەترسیداری بۆ تەواوی ناوچەکە هەبێت، داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەم دان بەخۆیاندا بگرن و دەرفەت بە هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان بدەن".
وتیشی "زۆر گرنگە هەموو کارەکتەرەکان لەهەر کردەوەیەک خۆیان بەدوور بگرن کە ئاسۆی گەیشتن بە چارەسەرێکی دانوستانکارانە دەخاتە مەترسییەوە، چونکە یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام بڕوای تەواویان وایە کە تەنیا دیپلۆماسی دەتوانێت چارەسەرێکی بەردەوام بۆ سەرجەم پرسە هەڵپەسێردراوەکان بهێنێتە ئاراوە".
هاوکات یەکێتیی ئەوروپا ستایشی هەوڵەکانی دەوڵەتی قەتەر و هاوبەشە هەرێمییەکانی دیکەی کرد بۆ نێوەندگیری، و ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ سەرخستنی دانوستانەکان لەرێگەی بەکارهێنانی کارتی ئابووری، پێشکەشکردنی شارەزایی تەکنیکی لە دۆسیەی ئەتۆمدا، هاوکاریکردن لە ئاسایشی دەریایی و بەکارهێنانی کەناڵە راستەوخۆکانی پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا لەوانەش تاران.
هەروەها ئاشکراشیکرد "بەڵێننامەی تایبەتی یەکێتیی ئەوروپا بە ناوی 'بێ باج و سەرانە'، کەلە تشرینی یەکەمی 2026دا بۆ رێگریکردن لە سەپاندنی باجی نایاسایی بەسەر کەشتییەکاندا راگەیەندرا، تاوەکو ئێستا 67 دەوڵەتی جیهان پەیوەندییان پێوە کردووە و پشتیوانییان لێکردووە.