لوتکەی ئەپێك چییەو کێ بەشداری دەکات؟ هەموو ئەو شتانەی کە پێویستە بیزانیت
  2026-11-18     
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جینپینگ هاوتا چینییەکەی

ئا: ئاوێنە

 

کۆبوونەوەی لوتکەی ئەپێک لەڕۆژانی 18 و 19ی ئەم مانگەلە شاری شێنژن لە چین بەڕێوەدەچێت و سەرۆکی ٢١ وڵاتی ئەندام بەشدار دەبن، لە نێویاندا سەرۆکەکانی ئەمریکا، چین و روسیا. بڕیارە لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی سەرکردەکانی ئەمریکا، چین و ڕووسیا، پرسگەلێکی وەک شەڕی ئۆکرانیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بازرگانی، زیرەکی دەستکرد و چەکی ئەتۆمی تاوتوێ بکرێت.

 

ئەپێک چییە؟

ئەپێک یان کۆڕبەندی هاوکاری ئابووری ئاسیاو زەریای هێمن لەساڵی ١٩٨٩ لەپایتەختی ئوسترالیا، کانبێرا دامەزرا. وەک دەستپێشخەرییەکی گفتوگۆی نافەرمی لەنێوان ١٢ ئەندام دامەزراوەو پەرەی سەندووە و بووەتە کۆڕبەندی ئابووری پێشەنگی ناوچەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان بەئامانجی پێشخستنی گەشەپێدان و بازرگانی و وەبەرهێنان.

گروپی "ئەندامە ئابوورییەکان" کە نزیکەی ٦٢%ی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی و نزیکەی نیوەی بازرگانی جیهانی پێکدەهێنێت، نەک دەوڵەتەکان- ڕێگە بە بەشداریکردنی هۆنگ کۆنگ و تایوان دەدات، کە پەکین وەک خاکی خۆی بانگەشەی بۆ دەکات.

بەڵام هیندستان ناگرێتەوە کە پڕ دانیشتووترین وڵاتی جیهانە. 

 

كێ ئامادە دەبێت؟

جگە لە شی جینپینگ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاو ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسییەکەی و فێردیناند مارکۆس جونیۆر سەرۆکی فلیپین بەشداری دەکەن.

لەهەمان کاتدا چاوەڕوان دەکرێت سەرکردەکانی کەنەدا و ئوسترالیا و مەکسیک و ئەندەنوسیاو مالیزیا و کۆریای باشوورو ڤێتنام بەشداری بکەن، کە وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمنن.

تایوان، ستان شی دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەیسەری وەک نوێنەری وڵاتەکە دەستنیشان کرد. تۆکیۆ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە سەرۆکوەزیران سانای تاکایچی بەشداری دەکات، هاوکات نیوزلەنداش پشتڕاستی کردەوە کە کریستوفر لوکسۆن-ی سەرۆکوەزیران بەشداری دەکات.

 

لە ئەپێک چی باس دەکرێت؟

ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: کاریگەرییە ئابوورییەکانی ململانیەکان، وەک مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایشی وزە، ڕەوتی بازرگانی، زنجیرەکانی دابینکردن و هەڵاوسان، پرسگەلێکی گرنگن کە چاوەڕوان دەکرێت باس بکرێن.

داینامیکی سێ قۆڵی: هەموو چاوەکان لەسەر لوتکەی ڕۆژی پێنجشەممەیە، کە چاوەڕوان دەکرێت سەرکردەکانی چین و ڕووسیا و ئەمریکا تێیدا کۆببنەوە. بەپێی ئەو شرۆڤەکارانەی کە ڕۆیتەرز ئاماژەی پێکردووە ، چین دوودڵە لەبەشداریکردن لە گفتوگۆکانی داماڵینی چەکی ئەتۆمی، چونکە چەکی ئەتۆمی کەمتری هەیە لەچاو دوو وڵاتەکەی دیکە، لەکاتێکدا پێشخستنی ئاشتی و سەقامگیری جیهانی بە "گرنگییەکی سەرەکی" وەسفکردووە. لە هەمان کاتدا ئەمریکا و ڕووسیا هەوڵدەدەن باسی شەڕی ئۆکرانیا بکەن , بەڵام مەرج نییە چین.

پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا: پرسێکی سەرەکی لە ئاپێک ئەوەیە کە ئایا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو چین دەتوانن بەجێگیری بمێننەوە یان نا. شرۆڤەکاران دەڵێن هەردوو لایەن بەڵێنەکانیان بۆ ئاگربەستی بازرگانی درێژخایەن جێبەجێ ناکەن. هەروەها پێدەچێت دابینکردنی زەوییە دەگمەنەکان و زیرەکی دەستکرد و باجەکان لە بەرنامەی کاردا بن، لەکاتێکدا فرۆشتنی چەکی ئەمریکا بەتایوان لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت.

پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ ژاپۆن و فلیپین: گرژییەکان لە پەیوەندییەکانی ژاپۆن و چین وەک خۆیان ماونەتەوە لەو کاتەوەی سەرۆکوەزیرانی چین تاکایچی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا پەکینی توڕە کرد و پێشنیاری کرد کە ژاپۆن دەتوانێت هێزە چەکدارەکانی بڵاوبکاتەوە ئەگەر هەنگاوێکی چینی دژی تایوانی دراوسێش هەڕەشە لە خاکەکەی بکات .

هەروەها لە نزیکەوە چاودێری پەیوەندییەکانی چین و فلیپین دەکرێت لە کاتێکدا گرژییەکان بەردەوامنلە دەریای باشووری چین کە ناوچەی جێناکۆکە.

بۆچی شاری شێنژن؟

ئەمە سێیەم جارە چین میوانداری ئاپێک دەکات، دوای کۆبوونەوەی لوتکەی شەنگەهای لە ساڵی ٢٠٠١و لە ساڵی ٢٠١٤ لە پەکین.

بەپێی وتەی تیم لی، شرۆڤەکاری باڵا لەیەکەی هەواڵگری ئابووری چین، هەڵبژاردنی شاری شێنژن وەک شاری میوانداری بۆ ئەمساڵی ئاپێک بەڕێکەوت نییە.

ناوبراو بەئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە ، هەڵبژاردنی کۆمپانیای شێنژن کە لە تەنیشت ناوەندی دارایی هۆنگ کۆنگەوەیە، بەهۆکاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دیاری دەکرێت. وەک بەشێک لە "ناوچەی کەنداوی گەورە"ی چین، کە هۆنگ کۆنگ و ماکاو لەخۆدەگرێت، ناوچەیەکی ئیدارییە کە پەکین هەوڵدەدات وەک ناوەندێکی جیهانی بۆ تەکنەلۆژیا و داهێنان دایبمەزرێنێت، شێنژن سەکۆیەک پێشکەش دەکات بۆ پیشاندانی دیدگای چین بۆ گەشەپێدان و بازرگانی.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە شێنژن شوێنی چەندین کۆمپانیای پێشەنگی چینییە لە بواری ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆجیادا، وەک BYD و Huawei و Tencent.

یاڵتایەکی نوێ

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لە پەراوێزی لوتکەکەدا هەرسێ سەرکردە کۆبوونەوەیەکی بێوێنە ئەنجامبدەن و پێدەچێت شەڕی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا و شەڕی ئەمریکا دژی ئێران و هەروەها پرسە گەورەکانی دیکەی وەک بازرگانی و زیرەکی دەستکرد و چەکی ئەتۆمی تاوتوێ بکەن.

بە گوتەی شرۆڤەکاران، کۆبوونەوەکە دەرفەتێکە بۆ شی بۆ پڕۆژەکردنی دەسەڵاتی چین و شکۆمەندی نێودەوڵەتی ، پێشوازی لە دوو سەرکردە بکات کە ڕووبەڕووی شەڕەکان بوونەتەوە کە لەهەوڵدان بۆ کۆتاییهێنانی.

بەڵام ئەم کۆبوونەوەیە بووەتە هۆی بەراوردکردن لەگەڵ کۆنفرانسی یاڵتای ساڵی ١٩٤٥ی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت کە ناوچەکانی نفوزی جیهانی دوای جەنگی دووەمی جیهانی دابەشکردو بناغەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی دوای جەنگ داناو بووە هاواتای سەپاندنی ڕێککەوتنی دەسەڵاتە زلهێزەکان بەسەر وڵاتە بچووکەکاندا.

جگە لەوەش نیگەرانی سەرکردەکانی ئابووری بچووکی دروستکردووە ، بەتایبەتی لە ئەوروپا و ئاسیا، کە ترسیان لەوە هەیە کە گەورەترین زلهێزە سەربازییەکانی جیهان بەرژەوەندییەکانیان پشتگوێ بخەن.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×