تا کارلەکار نەترازاوە ناوی خوا بهێنن و ئارامبگرن...
  2026-11-17     
فەلەکەدین کاکەیی و جەلال تاڵەبانی

لیزا فەلەکەدین کاکەیی

 

زۆر هەوڵمدا ئەم ماوەیە دوورەپەرێزبم لە نووسین و قسەکردن لەسەر ئەم دۆخە سیاسییە مەترسیدارەی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە بەڵام، کە ڕەوشەکە گەیشتە خاڵی هەوڵی جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە لە هەولێر و دهۆک ئیتر چەقۆ گەشتە سەر ئێسقان و هەر کاتێکیش ئازار بگاتە ئێسقان، چیتر بێدەنگی مانای ئارامی نییە.

ئەم کورتە نووسینەم پەیوەندی بە پلە حزبییەکەمەوە نییە و وەکو لیزای فەلەکەدین کاکەیی دەنووسم...

 

ـ پایتەختی ڕۆشنبیری.

کاتی خۆی بیرۆکەی ناساندنی سلێمانی بە پایتەختی ڕۆشنبیری خاوەنەکەی مامۆستا (جەمال بابان)بوو، ئەوکات بابی ڕەوانشادم (فەلەکەدین کاکەیی) وەزیری ڕۆشنبیری بوو زۆر بەپەرۆشەوە کاری لەسەر بیرۆکەکەی مامۆستا جەمال کرد و دواتر توانرا لە پەرلەمان تێپەڕێندرێت. بیرم دێت بەیانییەکی زوو باوکم بە قاتێکی شاڵی شیری ڕەنگەوە بەرەو سلێمانی بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە ڤیستیڤاڵی گەلاوێژ و بە ئامادەبوونی بەڕێز کاک (نێچیرڤان بارزانی) کە ئەوسا سەرۆکی حکومەت بوو ئەو ڕۆژە لە ڤیستیڤاڵەکە سلێمانی بە پایتەختی ڕۆشنبیری ناسێندرا. هەربۆیەش سلێمانی لە ئەدەبیات و ژیانی ئێمەدا شوێنێکی تایبەتی هەیە و لەم سۆنگەیەوە خۆم بە بەرپرسیار دەزانم و ماف بەخۆم دەدەم دوو قسە لەسەر هەوڵی جیاکردنەوە و دابڕانی ئەم شارە نازدارە بکەم.

 

ـ برینەکانی شەڕی ناوخۆ هێشتا پڕ ئازارن...

ئێمە مناڵانی سەردەمی شەڕی ناوخۆین و ئێستاشی لەگەڵدابێت بیرەوەرییە تاڵ و ناخۆشەکانی ئەوسا جارجار برینی دڵمان دەکولێنێتەوە، بۆ ماوەیەکی زۆر ئێمە لە سلێمانی و سلێمانیش لە ئێمە دابڕا، لەبەر ئەوەی لە تەمەنێکی بچووکدا بووین وەکو ئەوە وابوو ساڵهای ساڵ بینینی سلێمانی لە ئێمە بێبەشکرابێت.

لەو قۆناغە تاریکەدا دووبارە شادبوونەوەمان بە سلێمانی گەورەترین خەون و ئاواتی ئەوسامان بوو، بۆیە ئەگەر بیرەوەرییەکی خۆشی ئەو سەردەمەم هەبووبێت یەکەم سەفەرم بووە بۆ سلێمانی دوایی کۆتایی هاتنی شەڕ، یادم دێت هەرکە لە دوکان تێپەڕین بە فرمێسکی خۆشییەوە بەرەو سلێمانی دەرچووین و کومەڵێک خزم و ناسیاو بەهەڵپەڕکێ و خۆشییەوە هاتنە پیریمانەوە.

وەلی سەردەمەکان جیاوازن، ئەوکات هەرێمی کوردستان فیدرالییەتی وەرنەگرتبوو، ئێستا چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستووریمان هەیە و بۆیە گرنگە زۆر زیاتر لەجاران خەمخۆر بین و ترسمان هەبێت لە لەدەستدانی. ئەگەر بڕیاربوو ڕۆژگارێک خۆمان بەدەستی خۆمان تێکوپێکی بدەین بۆ ئەو هەموو خەبات و شەونخوونییەی لەپێناودا کرا؟! لەبەر چی و لەبەر کێ؟ مەگەر بۆ کوردستان نەبوو؟

 

ـ قسەی تووند ناکەم

گرمەی شەڕی ناوخۆیە، باوکم میوانی بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنییە و بێژەرەکە بەردەوام پرسیاری لێدەکات و هەوڵ دەدات بیخاتە دۆخێکەوە کە قسەی ڕەق و تووند بکات بەرامبەر یەکێتی، لەپڕ زۆر بەهێمنی بە بێژەرەکە دەڵێ (دەزانم دەتەوێت قسەی تووند بکەم بەڵام من نایکەم، چونکە دەزانم لە کۆتاییدا ئەم ئاگرە هەر دەکوژێتەوە و لەگەڵ برایانی یەکێتی دەچینەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆیە وازبێنە و لەبڕی ئەوە با هەوڵ بدەین ئاوێک بەسەر ئەم ئاگرەدا بکەین). لەیادمە ئەوکات ئەم هەڵوێستەی بووبە ئومێد بۆ زۆربەی هاوڵاتیان و بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام باسی لێوە دەکرا ئەوە بێجگە لە نووسین و پەیامەکانی کە هەمووی پڕبوون لە وشەی خێر و ئاشتەوایی بۆ کورد.

ئێستاش درەنگ نییە با ناوی خوا بێنین و ئاوێک بکەین بەم ئاگرەدا. هەرێمی کوردستان ئەمانەتە و یادگاری هەزاران شەهید و تێکۆشەر و خەباتگێڕە، ئێمەش ملکەچین بەپارێزگاریکردن لە خۆی و لە ڕۆڵەکانی.

ئەم هەرێمە تەنها سەرەتایە و کورد هێشتا زۆری ماوە تا بگات بە ئامانج...

هەمیشە کە شۆفێرەکە بە خێرایی ئۆتۆمبێلی لێدەخوری باوکم پێی دەگووت (لەسەرخۆت بڕۆ چونکە قەزیەی کورد هێشتا زۆری ماوە)...

 

زۆرترین بینراو
لە سلێمانی دەست بەسەر کێڵگەیەکی برنجدا گیرا
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی: میوانداری وه‌فدێكی سلێمانیمان كرد كه‌ پێكهاتبون له‌ نزار ئامێدی، بافڵ تاڵه‌بانی و شاسوار عه‌بدولواحید
حکومەتی عێراق: مۆڵەت دراوە کەتیبەکانی حزبوڵڵا جورف سەخر چۆڵ بکەن و ئەگەری هەیە سوپا بچێتە هەرێمی کوردستان
نوسینگەی سەرۆکی کۆمەڵ: عەلی باپیر ڕەتینەکردوەتەوە پێشوازی لە شاسوار عەبدولواحید بکات
عێراق بڕیاریدا به‌ راگرتنی ته‌له‌گرام و هه‌رێم ده‌ڵێت: هیچ نوسراوێكی ره‌سمیمان پێنه‌گه‌یشتوه‌
رۆیته‌رز: بۆرییه‌كه‌ی جورف سه‌خر كون كراوه‌و له‌ 2021ه‌وه‌ به‌ به‌های سه‌دان ملیۆن دۆلار نه‌وتی لێبراوه‌
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌ ترسی عێراق، باری قاچاخ و تانكه‌ریان راگرت
شەپۆلێکی بارانبارین و سەرما ڕوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات
سروە عەبدولواحید: پەرلەمانتارانی دانیشتنەكەی هەولێر  بە پارە و هەڕەشەی ڕفاندنی منداڵەکانیان بەشدارییان پێکرا
عێراق لە نێوان بەرداشی ئەمریکا و ئێران؛ مەترسییەکانی گۆڕانی وڵات بۆ گۆڕەپانی جەنگێکی نوێ
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×