ئاژانسی رۆیتهرز له زاری سهرچاوه ئاگادارهكان و بهرپرسانی عێراقهوه بڵاویكردۆتهوه كه بۆری نهوتهكهی جورف سهخر تیرهكهی 26 ئینجه و لهلایهن تۆڕهكانی قاچاخچێتییهوه كون كراوهو ههرچهنده هێشتا زوه بۆ دیاریكردنی زیانهكانی بهقاچاخبردنی نهوت لهو بۆرییهوه، بهڵام مهزهنده دهكرێت له ساڵی 2021هوه به بههای سهدان ملیۆن دۆلار نهوتی لێ برابێت.
ئاوێنه: ئاژانسی رۆیتهرز، له راپۆرتێكدا له زاری سهرچاوهكانهوه بڵاویكردۆتهوه كه كهتیبهكانی حزبوڵا، بههێزتری گروپی چهكداری شیعهی عێراقی نزیك له ئێران، سەدان ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی بەقاچاخبردنی نەوتی دزراوی دەوڵەتەوە بەدەست دەهێنێت، ئەمەش وایکردوە سەرۆکوەزیران هێزە ئەمنییەکان کۆبکاتەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو گروپە پڕچەکە.
چهند بەرپرسێكی باڵا لە دەزگا ئەمنییەکان، سوپا و کەرتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندوە کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، تا ئێستا بەهێزترین هەڵمەتی خۆی دەستپێکردوە بۆ بەئامانجگرتنی گروپی کەتائیبی حزبوڵا، هاوکات لەگەڵ توندکردنەوەی گەمارۆ لەسەر ئەو تۆڕی قاچاخچێتییەی نەوت کە گروپەکە چەندین ساڵە بەڕێوەی دەبات.
ڕوونیشیان کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی، کە بە هاوکاری و تێوەگلانی لایەنەکانی ناو دەسەڵاتدارانی بەرپرس لە ئاسایش و نەوت ئەنجام دەدرێن، لە ساڵی 2021هوه زیانی سەدان ملیۆن دۆلاریان بە حکومەت گەیاندوە.
کەتائیبی حزبوڵڵا، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنی کردووە، یەکێکە لە دەیان گرووپی چەکداری نزیک لە ئێران کە لە هەمان کاتدا پێگەیەکی نیمچە فەرمییان لە عێراقدا هەیە. گرووپەکە تێوەگلانی خۆی لە ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتیدا ڕەتدەکاتەوە و هەڵمەتەکەی حکومەت بە بەشێک لە هەوڵێک بۆ چەککردنی وەسف دەکات.
ئهو گروپه دوێنێ له راگهیهندراوێكدا وتی "ڕووبەڕووی گەورەترین ئۆپەراسیۆنی فشارخستنەسەر دەبینەوە بۆ دەستبەرداربوون لە چەکی کەرامەت کە لە زیاتر لە قۆناغێکدا سەروەری و مافەکانی عێراقییەکانی چەسپاندووە".
جاسم بەهادلی، شرۆڤەکاری ئەمنیی عێراقی و پسپۆڕ لە لێکۆڵینەوە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران، ڕایگەیاند کە هەڵمەتەکەی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی، گۆڕاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکەدا.
وتیشی: "زەیدی دەچێتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ گرووپێک کە خاوەنی هەژموونێکی فراوانە لە ناو هەردوو سیستەمی ئەمنی و سیاسیدا، سەرەڕای هەبوونی سەرچاوەی ئابووریی گەورە، ئەمەش هەنگاوێکە کە مەترسیی گەورەی بۆ هەردوولا تێدایە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "بە شێوەیەکی فراوانتر، وا دیارە ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی هەوڵێک دەکات بۆ سنووردارکردنی هەژموونی گرووپە چەکدارە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی ئەو تۆڕە ئابوورییانەی کە هێزەکەیان پشتی پێ دەبەستێت، بەتایبەتی دوای بەرەنگاربوونەوەی کەتائیبی حزبوڵڵا بۆ هەوڵەکانی حکومەت به ئامانجی ملکەچکردنی زیاتری گرووپە چەکدارەکان بۆ ژێر دهستی دەوڵەت".
تا ئێستا نۆ بەرپرسی باڵای ئەمنی و نەوت لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، ئەمەش دوای لێکۆڵینەوەیەکی حکومی لە ئاستێکی باڵادا سەبارەت بە بەقاچاخبردنی نەوت، کە تیشکی خستووەتە سەر ناوچەی جورف سهخر لە پارێزگای بابل، کە پێگەیەکی سەرەکیی گرووپی کەتائیبی حزبوڵڵایە و دەکەوێتە دووری نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە باشووری بەغدا.
زەیدی فەرمانی دا بە ڕەوانەکردنی سەرجەم گومانلێکراوان بۆ دادگا، هەروەها فەرماندەی پۆلیسی بابل، فەرماندەکانی هەواڵگری و ئاسایش لە پارێزگاکە، و بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵی بۆرییە نەوتییەکانی حکومەتی لە کارەکانیان دوورخستەوە.
لە ئێستادا زەیدی فەرمانی بە فەرماندە باڵا سەربازی و ئەمنییەکان کردووە کە هێزی زیاتر لە دەوروبەری جەرفولسەخر بڵاوبکەنەوە و ئامادەکاری بکەن بۆ چوونە ناوەوەی هێزەکانی حکومەت بۆ ناوچەکە، ئەمەش ڕەنگە حکومەت بخاتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ چەکدارەکان.
رۆیتهرز هێمای بۆ ئهوهش كردوه، ڕاپۆرت و هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن کە گرووپە چەکدارەکان خاوەنی کۆگای چەکن کە چهكی هێرشبەر، ڕەشاش، مووشەکی ئاراستەکراوی دژە تانک، گوللـە هاوەن، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار لەخۆدەگرێت، لەگەڵ توانای مووشەکی بالیستیی کورت مەودا و مووشەکی کرووز، کە ئێران پێی داون یان لەسەر بنەمای سیستەمە ئێرانییەکان پەرەیان پێدراوە.
دوو سەرچاوەی ئەمنی کە ڕۆژی شەممە بەشدارییان لە ئەرکێکی پشکنیندا کردووە لە جورف سهخر، ڕایانگەیاند کە لێکۆڵەران بەڵگەیان دۆزیوەتەوە لەسەر ئەوەی قاچاخچییەکان بۆرییەکی نەوتی خاویان کون کردووە و نەوتە خاوەکەیان ڕاکێشاوە و لە ناو چاڵی ساده لە زەویدا عەمباریان کردووە.
لە بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی نەوتی عێراقدا کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بینیویەتی، هاتوە کە ئەو هێڵە بۆرییە تیرەکەی 26 ئینجە (نزیکەی 66 سانتیمەتر)، ڕۆژانە لانیکەم 200 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەگوازێتەوە.
هەردوو سەرچاوەکە ئاماژەیان بەوەدا کە لێکۆڵەران کەرەستەی ناردنی نهوتییان دۆزیوەتەوە کە لەژێر چەند کۆگایەکدا شاردرابوونەوە بۆ خۆدزینەوە لە چاودێریی ئاسمانی لە کاتی بارکردنی تانکەرەکان بە نەوتە خاوە دزراوەکە. وتیشیان، لێکۆڵەران پاڵاوگەیەکی بچووکی نەوتیشیان دۆزیوەتەوە کە لە ناوچەکەدا شاردرابوەوە.
دوو بەرپرسی عێراقی لە کەرتی نەوت کە ئاگاداری ڕاستەوخۆی لێکۆڵینەوەکانن، ڕایانگەیاند کە هێشتا زووە قەبارەی زیانەکان دیاری بکرێت بەبێ زانینی ئەو ماوەیەی کە خاڵەکانی دزەپێکردن کاریان پێکراوە، بەڵام بەهای ئەو نەوتە خاوەی کە ڕەنگە لە ساڵی 2021هوه برابێت به سەدان ملیۆن دۆلار مهزهنده دهكرێت.
رۆیتهرز هێمای بۆ ئهوهش كردوه كه هەڵمەتەكهی زهیدی لە سایەی گوشاره زیادبووەکانی ئەمریکادایه بۆ سەر عێراق سەبارەت بە ڕۆڵی گرووپە نزیکەکانی ئێران لە کەرتی نەوتی وڵاتدا.
لە مانگی ئایاردا، واشنتۆن سزای بەسەر بریکاری وەزیری نەوتی عێراقدا سەپاند و تۆمەتباری کرد بە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق لە بەرژەوەندیی ئێران و بریکارەکانی. هەروەها سزا بەسەر سەرکردەی چەند گرووپ و تۆڕێکدا سەپێندرا کە واشنتۆن ڕایگەیاند سامانی نەوتی عێراق دەقۆزنەوە بۆ پاڵپشتیکردنی دارایی ئەو گرووپانەی هاوپەیمانی تارانن.