دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵای یاسایی دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵیی ڕەتکردەوە، کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵی دەوڵەتیان دەکرد لەسەر ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئاوێنە: لە بڕیارێکی یەکلاکەرەوەدا و بە پشتبەستن بە مادەی 141ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە پوچەڵکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لەلایەن دوو دامەزراوەی بەغداوە بۆ وەرگرتنەوەی موڵکە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوون، بەمەش خاوەندارێتیی ئەو موڵکانە لەسەر حکومەتی هەرێم مایەوە.
سەبارەت بە ناوەڕۆک و بنەمای یاسایی بڕیارەکە، ئەیاد کاکەیی، پارێزەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی لە یەکلاکردنەوەی دۆسیەکەدا پشتی بە مادەی 141ی دەستووری عێراق بەستووە. ئەو مادە دەستوورییە ڕەوایی یاسایی و دەستووریی بە سەرجەم ئەو یاسا، بڕیار و حوکمانە بەخشیوە کە لە دوای ساڵی 1992ەوە لەلایەن پەرلەمان، حکومەت و دادگاکانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچوون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی ئەو پارێزبەندییە دەستوورییە، هیچ یاسا و دادگایەک دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دوای ساڵی 1992ی نییە، بەو هۆیەشەوە موڵکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر پاراستنی دەستووردا دەمێننەوە.
بەپێی خستنەڕووی پارێزەرەکەی حکومەتی هەرێم، سکاڵاکان لەلایەن دوو دامەزراوەی جیاوازی عێراقەوە تۆمارکرابوون و بەم شێوەیە یەکلایی کرانەوە:
1. سکاڵای یەکەم (ژمارە 247): لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی عێراقەوە دژی سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو. سکاڵاکار داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کارگێڕیی ژمارە (3326)ی ساڵی 1992ی دەکرد، کە بەهۆیەوە سەرجەم موڵکە حکومییەکان خرابوونە سەر وەزارەتی دارایی هەرێم؛ بەڵام دادگای فیدراڵی ئەم سکاڵایەی بەتەواوی ڕەتکردەوە.
2. سکاڵای دووەم (ژمارە 251): لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی دڵنیایی عێراقییەوە دژی سەرۆکی حکومەت و وەزیری دادی هەرێم تۆمارکرابوو. لەم سکاڵایەدا داوا کرابوو هەمان بڕیاری ساڵی 1992 بە نادەستووری بناسێنرێت و موڵکەکان بگەڕێندرێنەوە یان قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام دادگای فیدراڵی بە پاساوی نەبوونی پسپۆڕیی یاسایی لەو پرسەدا، سکاڵاکەی ڕەتکردەوە.
بڕیاری کارگێڕیی ژمارە 3326 لە ڕێکەوتی 24ی تشرینی دووەمی 1992، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرچووە. ئەم بڕیارە بە یەکێک لە بڕیارە بنەڕەتییەکان دادەنرێت کە لە ڕێگەیەوە تەواوی باڵەخانە، زەوی و موڵکە گشتییەکانی دەوڵەت لە سنووری پارێزگاکانی هەرێم خرانە سەر میلاکی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان. بە دەرچوونی ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵیش، خاوەندارێتیی فەرمیی سەرجەم ئەو موڵکانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان مایەوە.