سەلام عومەر
ژمارەیەکی کەم لە خەڵک لە دەوری مێزەکە خڕبوونەتەوە. کات چارەکێک بەر لە کاتژمێر سێی سەر لە ئێوارەیە؛ مێزێکی بچووک، پارچەیەک قوماشی سپیی چرچبوو بەسەریدا شۆڕبۆتەوە، لەدواوە، لافیتەیەکی ناڕێک بەسەر سنگی باخی گشتیدا هەڵواسراوە و لێی نووسراوە: «هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژوو بۆ بەهەرێمکردنی سلێمانی».
دوو ئافرەتی گەنج بەڕێزەوە داوای ئیمزاکردنیان دەکرد. چەند لیستێک دانرابوون؛ بەشێک لە لیستەکان پڕکرابوونەوە، بەڵام بەتەواوی نا. من و هاوڕێکەم لە نزیکەوە سەیرمان دەکرد. من چاوەڕێ بووم چەند پرسیارێک بکەم، چونکە دۆخەکە زۆر تراژیدی و لە هەمان کاتدا پێکەنیناوی بوو:
من: سڵاو خانم.
ئەو: سڵاو.
من: ئەوە بۆچییە؟
ئەو: ئیتر ئیمزایە بۆ جیابوونەوە.
من: ئێوە کێن؟
ئەو: ئێمە کۆمەڵگەی مەدەنین.
من: دەی زۆر باشە، ناوی ڕێکخراوەکەتان چییە؟ ئاخر لەسەر ئەم کاغەزانە هیچ لۆگۆ و ناوێک نابینم؟
ئەو: ئیتر کۆمەڵگەی مەدەنین، نازانین! (دەستی ڕاکێشا بۆ لای ڕاستی و گوتی): بە کاک فڵان بڵێ؟
من: ئەزانم، من زۆر ناوی ڕێکخراو ئەزانم؛ ناوێکی ڕێکخراوێکیانم پێ بڵێ.
لەو کاتەدا، پیاوێکی سەروو پەنجا ساڵان هات و گوتی:
ئەتوانم ناوی ژنەکەشم بنووسم؟
ئەو: بەڵێ، فەرموو.
من: ئەی ئیجازەتان هەیە؟
ئەو: ئیجازەی چی؟
من: وا بەئاسانی ناهێڵن ئەم ئیشانە بکرێت.
ئەو (بە دوودڵییەوە): نازانم، قابیلە ئیجازەمان نەبێت؟!
دوای کەمێک، «جیلی ئاڵتوونی» و «جیلی زێد» دایان بەیەکدا!
دوو پیاوی بەتەمەنی تر هاتن بۆ ئیمزاکردن، هاوکات دوو کوڕی گەنجی تەمەن سەروو هەژدە و سەرەتای بیستەکان خۆیان پێداکرد.
بەرلەوەی پیاوەکان پێنوسەکە هەڵبگرن، یەکێک لە کوڕەکان بە تووڕەییەوە ڕووی دەمی کردە یەکێک لە خانمەکان کە لەبەردەم لافیتەکەدا دانیشتبوو و گوتی: «ئەوە چییە نووسیوتانە؟!»
یەکێک لە کچەکان: ئیمزا کۆئەکەینەوە.
کوڕێکیان: عەیب ناکەن؟! ئێمە بەتەمای چین و ئێوە بەتەمای چین! نابێت ئەوە لێرە بێت، لایبەن!
پیاوێکی تەنیشتم: لاچۆ، هەر ئەوەیە! چییە؟ بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی و هەولێرە.
کوڕەکە ڕووی لە پیاوەکە کرد و گوتی: «تۆ عەیب ناکەیت؟! خۆ گەورەیت، ڕاپەڕینت بینیووە، باشە ئێوە خەریکی چین؟!»
برادەرەکەی قۆڵی ڕاکێشا و بە تووڕەییەوە ڕۆیشتن. ئەو پیاوەی هاتبوو بە ناوی ژنەکەیەوە سلێمانی جیابکاتەوە، پاشەملە لە بن لێوەوە دەمی کردە کوڕەکان و گوتی: «ئەوانە جاشن!»
ئیتر کەمێک گەڕامە دواوە و ئیستێکم کرد و بیرم لەوە کردەوە: ئەمە شێوازی ڕێکخستنی ئیمزاکۆکردنەوەکەیان بێت، بڵێی هەرێمە نوێکە چۆن بەڕێوەببەن؟! زۆرجار خۆڕێکخستنی دەرۆزەکەرێک زۆر پیشەگەرانەترە لەوەی لەو ناوەدا دەبینرێت.
بەڵام دیارە وەزعەکە زۆر جدی نییە، چونکە کەس خۆی نەکردووە بە ساحێبی.
ئێوەش ناڵێن یەکێتی گوناحە؟ ئەتوانن موعارەزەی ئەنگۆلا لەو سەری دنیاوە بێنن بۆ کۆنفرانسەکەیان، بەڵام ناتوانن ئیمزای هەرێمەکەیان بە ڕێکوپێکی کۆبکەنەوە!
برادەرەکەم ووتی، بەسە!
بەڵام بیرمکەوتەوە لە یەکێتیش گوناحتر، لەوە دەچێت «یەکگرتوو» بێت؛ چونکە لافیتەکە بە قاوەیی و سپی نووسرابوو. ماوەیەکی تر ئیتر دەیدەن بەسەر ئەواندا، ئەوانیش زۆر مەناعەتیان نییە.
جا برادەرانی یەکگرتوو دەچن بۆ لای مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین، ئەویش دەڵێت: «خۆیان دەزانن چی بەسە، ئەم بێحورمەتییە بەسە!»