گۆڕەپانی ئەمنیی سوریا ڕووبەڕووی پێشهات و ئاڵۆزییەکی نوێ دەبێتەوە، دوای ئەوەی گروپێکی چەکداری نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە فەرمی هەڕەشەی بەئامانجگرتن و تیرۆرکردنی ئاڕاستەی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی دەسەڵاتی دیمەشق کرد، ئەوەش بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندیی نهێنی لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیلدا.
ئاوێنە: گروپێکی چەکدار کە خۆی لەژێر ناوی (بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە سوریا ـ ئولی ئەلبەئس) دەناسێنێت و لەلایەن تارانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە ڕاگەیەندراوێکی تونددا هێرشی کردە سەر ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانی دەسەڵاتی دیمەشق و چەند لایەنێکی دیکە، و بە ئەنجامدانی "خیانەت" تۆمەتباری کردن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەو گروپە چەکدارە ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمەڵێک بەڵگەنامە و دۆسیەی تەواویان لەبەردەستدایە، کە بە وتەی خۆیان دەیسەلمێنێت ئەو بەرپرس و فەرماندانەی دیمەشق لە ناوچەکانی باشووری سوریا، لە پەیوەندیی بەردەوام و نهێنیدان لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو فەرماندانە، گروپی (ئولی ئەلبەئس) هۆشداریی ڕاستەوخۆی داوە و ڕایگەیاندووە، هەر کەس و لایەنێک تێوەگلانی لە سیخوڕیکردن و پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیلدا لەسەر بسەلمێنرێت، دەکرێتە ئامانجی ڕاستەوخۆ و لەناودەبرێت. هاوکات ئاشکرایان کردووە کە تەواوی دۆسیە، وێنە و وردەکاریی مامەڵە نهێنییەکانی ئەو فەرماندانەیان ئامادە کردووە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ ڕای گشتیی بڵاویان بکەنەوە.
چاودێران پێیان وایە، دەرکەوتنی ئەم هەڕەشە ئاشکرایانە لە کاتێکدایە کە ناکۆکی و ململانێی نێوان گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و دەسەڵاتی نوێی دیمەشق گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆز؛ ئەم پەرەسەندنەش وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار دەبینرێت بۆ ئەگەری دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی تیرۆرکردنی سیاسی و سەربازی، کە دواجار دەبێتە هۆی تێکچوونی زیاتری دۆخی ئەمنی و سەقامگیریی ناوخۆیی لە سوریادا.