لە ترسی هەژموونی ڕووسیا و بەردەوامیی جەنگی ئێران، ئەمریکا هێزەکانی لە ئەورووپا دەهێڵێتەوە
  2026-11-15     

واشنتن لە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرفراوانی هێزە سەربازییەکانی لە کیشوەری ئەورووپا پاشگەز دەبێتەوە؛ ئەم هەنگاوەش بە پلەی یەکەم بۆ پتەوکردنی پێگەی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامیی ململانێکان لەگەڵ ئێران دەگەڕێتەوە، هاوکات لەگەڵ هەڵوێستی توندی مۆسکۆ سەبارەت بە ڕێکخستنە ئەمنییەکانی ئەورووپا بۆ قۆناغی دوای جەنگی ئۆکراینا.

ئاوێنە: ​بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی (بلوومبێرگ)ی ئەمریکی کە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، پێداچوونەوە بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا بە جۆرێک دەبێت کە ژمارەیەکی زۆر کەمتر لە سەربازان دەکشێنرێنەوە بەراورد بەوەی سەرکردە ئەورووپییەکان ترسیان لێی هەبوو.

​سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریکادا دوای ئەوە دێت کە واشنتن پێشوازی لە زیادکردنی بودجەی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کردووە؛ هەنگاوێک کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی سەر شانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دابینکردنی خەرجییەکانی پاراستنی هاوپەیمانەکانیدا.

​گرنگیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەرووی هورمز

​بڕیارەکەی واشنتن تەنیا پەیوەست نییە بە لایەنی داراییەوە. لە ئێستادا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پشت بەو هێزانەی دەبەستێت کە لە ئەورووپا جێگیر کراون، بە مەبەستی پاراستنی هەژموونی تەواوەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە چارەنووسی جەنگی دژی ئێران بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، دانوستانەکانی ئاشتی پەکیان کەوتووە و جووڵەی دەریاوانی لە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا پەکخراوە.

​پێشتر هاوپەیمانە ئەورووپییەکان ترسیان هەبوو واشنتن نزیکەی ٢٥ هەزار سەرباز لە کیشوەرەکە بکشێنێتەوە، بەڵام بەپێی پێشبینییە نوێیەکان و لێدوانی سەرچاوەکان، قەبارەی کەمکردنەوەکە لە ٥ هەزار سەرباز تێپەڕ ناکات. سەرەڕای ئەمەش، بڕیاری کۆتایی لە دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا دەمێنێتەوە، کە چەندین جار ڕەخنەی توندی لە وڵاتانی ئەورووپا گرتووە بەهۆی پێشکەشنەکردنی پاڵپشتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگی دژی تاراندا.

​دانوستانەکانی ئۆکراینا و مەترسییەکانی ڕووسیا

​مانەوەی زۆرینەی هێزەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەورووپا لە هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆیاندان لەو دانوستانانەی لەگەڵ مۆسکۆ بەڕێوەدەچن، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ جەنگی ئۆکراینا بەبێ سازشکردن لەسەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی یەکێتیی ئەورووپا، بەتایبەت لە سایەی زیادبوونی نیگەرانییەکان لە شێوازە جۆراوجۆرەکانی "جەنگی تێکەڵ" (الهجينة) کە ڕووسیا پەیڕەوی دەکات.

​ئەگەرچی یەکەمین گفتوگۆی سێقۆڵی لە مانگی شوباتەوە تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی بۆ کۆتاییهێنان بە توندترین ململانێی ئەورووپا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بووە هۆی ئەوەی سەرجەم لایەنەکان لەسەر پێویستیی بەشداریپێکردنی ئەورووپییەکان لە دانوستانەکانی داهاتوودا ڕێکبکەون.

​ئەڵمانیا؛ دڵە لۆجستییەکەی سوپای ئەمریکا

​ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی ئەورووپا دەگاتە نزیکەی ٨٠ هەزار سەرباز. ئەڵمانیا بە تەنیا لە ساڵی ١٩٤٥ەوە میوانداریی نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیە دەکات، ئەمەش وای کردووە ببێتە ناوەندێکی لۆجستی و ئۆپەراسیۆنیی ئەوتۆ کە گۆڕینی یان دەستبەرداربوونی کارێکی قورس بێت:

​بنکەی ئاسمانیی ڕامشتاین: دەکەوێتە هەرێمی (ڕاینلاند پالاتینات) و بە شادەماری گواستنەوەی ئاسمانیی سەربازیی جیهانی دادەنرێت، کە لە ڕێگەیەوە هاوکاری و پاڵپشتییە سەربازییەکان ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەکرێن.

​نەخۆشخانەی لاندشتوڵ: گەورەترین نەخۆشخانەی سەربازیی ئەمریکایە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە، کە ناوەندێکی ژیانییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو سەربازانەی لە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکاندا بریندار دەبن.

​ناوەندەکانی فەرماندەیی و مەشق: لە شارەکانی شتوتگارت و ڤیسبادن چەندین ناوەندی فەرماندەیی ستراتیژی بوونیان هەیە، لەوانە فەرماندەیی ئەمریکا لە ئەفریقا (ئەفریکۆم)، سەرباری بنکەی (گرافینوێر) لە هەرێمی باڤاریا کە گەورەترین ناوەندی مەشق و ڕاهێنانی سوپای ئەمریکایە لە ئەورووپا.

​گوشارەکانی ترەمپ و کۆتوبەندەکانی کۆنگرێس

​لە سەرەتای ئەمساڵدا و هاوکات لەگەڵ هەڵمەتە سەربازییەکەی ئەمریکا دژی ئێران، پلانی کشانەوەی بەشێک لە سەربازەکان خرایە ڕوو، دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ یەکێتیی ئەورووپای بە کەمتەرخەمی لە پاڵپشتیکردنی هەڵمەتەکە تۆمەتبار کرد. هەروەها ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) ئاشکرای کردبوو کە گفتوگۆی کردەیی لەناو ئیدارەی ئەمریکادا هەبووە بۆ کشانەوەی بەشێک لە هێزەکان لە وڵاتانی دیکەی وەک فەرەنسا، ئیسپانیا و بەریتانیا.

​ترەمپ لەژێر دروشمی "ئەمریکا لەپێش هەمووانەوە" هەوڵی داوە خەرجییەکانی پاراستنی هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ کەم بکاتەوە، لە بەرامبەردا گوشاری خستووەتە سەر وڵاتانی ئەندام تا بودجەی بەرگرییان بۆ لانیکەم ٣٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی بەرز بکەنەوە؛ ئەمەش شڵەژانێکی گەورەی لەناو هاوپەیمانێتییەکەدا دروست کرد و گومانی لە پایتەختە ئەورووپییەکاندا سەبارەت بە داهاتووی بەرگریی هاوبەش لە نێوان هەردوو بەری ئەتڵەسیدا وروژاند.

​لەلایەکی دیکەوە، کۆنگرێسی ئەمریکا ساڵی ڕابردوو یاسایەکی پەسەند کرد کە دەسەڵاتی وەزارەتی جەنگ (بەرگری) بۆ کەمکردنەوەی هێزەکان لە ئەورووپا سنووردار دەکات. بەپێی یاساکە، پێنتاگۆن ناتوانێت ژمارەی هێزەکانی بۆ کەمتر لە ٧٦ هەزار سەرباز دابەزێنێت، یان دەستبەرداری بنکە سەربازییەکان بێت و کەرەستەی سەرەکی بکشێنێتەوە، بەبێ ڕاوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکان و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ مەترسییەکان.

​لە ئێستادا پێداچوونەوەکەی پێنتاگۆن هەڵسەنگاندنێکی مەترسی لەخۆدەگرێت کە لەلایەن ئەلێکسۆس گرینکێڤیچ، فەرماندەی باڵای هێزەکانی ناتۆ و سەرۆکی فەرماندەیی ئەمریکا لە ئەورووپا ئامادە کراوە، لەگەڵ تێڕوانینی وردی وڵاتانی ناتۆ، کە ئیدارەی ئەمریکا دەتوانێت وەک بەڵگەیەک بۆ جێبەجێکردنی مەرجە یاساییەکان بەکاریان بهێنێت.

​بەڵام گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەناوخۆی ئەمریکا و کۆنترۆڵکردنی داهاتووی کۆنگرێس لەلایەن دیموکراتەکانەوە، دوای سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە ٣ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا —کە دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی خەرجییە حکومییەکانیان پێ دەبەخشێت— دەبێتە بەربەستێکی دیکە لە بەردەم تواناکانی ترەمپ بۆ ئەنجامدانی هەر کەمکردنەوەیەکی گەورە لە ژمارەی هێزەکانی دەرەوەدا.

زۆرترین بینراو
خانه‌واده‌كه‌ی: هاوخه‌می به‌رفراوانی خه‌ڵك بۆ كۆچی مام عوسمان نیشانی دا كه‌ كه‌یسی سه‌رده‌شت هه‌ر به‌زیندویی ده‌مێنێته‌وه‌
مەلا بەختیار: خۆفرۆشەکانی سەردەمی بەعس‌و گەندەڵەکانی دوای راپەڕین مافی شانازیکردنیان بەسلێمانیەوە نیە
ڕوونکردنەوەیەک لە دانە غاز لەبارەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ
"قاچیان دەشکێنین": تورکیاو ئێران لەترس‌و دڵەڕاوکێدان بەهۆی هەنگاوێکی ترەمپەوە
رۆیتەرز: تره‌مپ به‌ راوێژكاره‌كانی وتوه‌، ئێران گێچه‌ڵ نه‌كات هێرشی سه‌ربازی ده‌ست پێ ناكه‌ینه‌وه‌
قەحتان ونداوی، کاندیدی بەرەی تورکمانی بە پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردرا
دادگای فیدراڵی دۆسیەی موڵکە حکومییەکانی لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی کردەوە
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
یەکێتیی ئەوروپا مەترسی نوێی سەربازی لەنێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکات
گرژییەکانی سوریا قووڵتر دەبنەوە؛ گروپێکی نزیک لە ئێران هەڕەشەی تیرۆرکردن لە فەرماندەکانی دیمەشق دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×