دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینییەکانی بۆ دۆخی کەشوهەوای ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی سارد لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوا و ناوەڕاستی ئەوروپاوە بەرەو ناوچەکە، لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەوە کەشوهەوای وڵات دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی ناسەقامگیر و بەهۆیەوە پلەکانی گەرما دادەبەزن و بارانبارین دەستپێدەکات.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکەی دەستەی کەشناسی، چەقی کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە ناسەقامگیرە لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی باکووری عێراق دەبێت و پێشبینی دەکرێت باران بە بڕ و ڕێژەی جیاواز لەو ناوچانەدا ببارێت، لە کاتێکدا کاریگەریی شەپۆلەکە لەسەر ناوچەکانی دیکەی عێراق لاوازتر دەبێت.
سەبارەت بە وردەکاریی کەشوهەوای ڕۆژانی داهاتوو، لە ڕاگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕۆژی سێشەممە ئەگەری بارینی نمەباران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. هاوکات لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە کاتەکانی شەودا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو.
بۆ ڕۆژی چوارشەممە، پێشبینییەکانی کەشناسیی عێراق دەریدەخەن کە ئاسمانی تەواوی ناوچەکان نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەگەری نمەباران و بارانی مامناوەند کە هەورەبروسکە و هەورتریشقەی لەگەڵدا دەبێت. هەر لەو ڕۆژەدا شەپۆلەکە درێژدەبێتەوە و لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش نمەباران دەبارێت.
دەستەی کەشناسی ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ناسەقامگیریی دۆخی کەشوهەوا تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە درێژەی دەبێت، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە دۆخەکە لە گۆڕانکاریی بەردەوامدایە سەبارەت بە دیاریکردنی وردی ئەو ناوچانەی کە بارانبارینەکە دەیانگرێتەوە.