لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستبەسەر کێڵگەیەکی برنجدا دەگرن کە گومان دەکرێت بە ئاوەڕۆ ئاودرابێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە سنووری شارەدێی عەربەت لەسەر چەمی تانجەرۆ، سەردانی کێڵگەیەکی کشتوکاڵییان کرد کە بەرهەمی برنجی تێدا چێندراوە.
بابان ئەحمەد سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت لەسەر بوونی کێڵگەیەکی برنج لە سنووری عەربەت لەسەر چەمی تانجەرۆ، دەستبەجێ تیمەکانمان سەردانی شوێنەکەیان کرد، چونکە گومانی ئەوە دەکرێت ئەم بەرهەمە بە ئاوەڕۆ ئاودرابێت، کە ئەمەش مەترسی بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێستا ڕێکاری پێویست گیراوەتەبەر و لەلایەن تیمێکی تایبەتمەندەوە نموونە لە برنجەکە وەرگیراوە بۆ ئەوەی لە تاقیگە پشکنینی وردی بۆ بکرێت.
بابان ئەحمەد جەختی لەوەش کردەوە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین بەرهەمێک بخرێتە بازاڕەوە کە زیان بە تەندروستی هاوڵاتیان بگەیەنێت، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکان دەکەین، ئەگەر دەرکەوت برنجەکە لە پشکنین دەرنەچووە و گونجاو نییە بۆ خواردن، ئەوا بڕیاری لەناوبردنی تەواوی بەرهەمی کێڵگەکە دەدرێت و خاوەنەکەشی ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی دەکرێتەوە.