ئەمڕۆ، خوێندکارانی زانکۆی ڕۆژئاوا ڕێگرییان لە دەرچوونی شاندێکی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا کرد، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەوڵەکانی تێکەڵکردنی زانکۆکەیان بە زانکۆی فورات، هاوکات داوای بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردییان کرد و داوایان لە حکومەت کرد لە بڕیارەکانی پەشیمان ببێتەوە.
ئاوێنە: ڕووداوەکە دوای ئەوە هات کە شاندێکی حکومەت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆی ڕۆژئاوا کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی تێکەڵکردنی زانکۆکە بە زانکۆکانی دیکەی سووریا. دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، خوێندکاران شاندەکەیان گەمارۆدا و ڕێگەیان نەدا زانکۆکە جێبهێڵن تاوەکو بە فەرمی گوێ لە داواکارییەکانیان نەگیرێت.
ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خوێندکاران بەتایبەتی دژی دوو بڕیارە کە بەتوندی ڕەتیاندەکەنەوە؛ یەکەمیان بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەیە کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی یەکسانکردنی بڕوانامە بۆ چەند کۆلێژێکی زانکۆی ڕۆژئاوا، دووەمیشیان بڕیاری تێکەڵکردنی زانکۆکەیە بە زانکۆی فورات.
لە ڕوانگەی خوێندکارانەوە، پرسی تێکەڵکردنەکە تەنها هەنگاوێکی ڕێکخراوەیی و کارگێڕی نییە، بەڵکو وەک هەوڵێک بۆ سڕینەوەی ناسنامەی تایبەتی زانکۆکەیان لێکدەدرێتەوە.
بە وتەی خوێندکارە ناڕازییەکان، لە ساڵانی ڕابردوودا زانکۆی ڕۆژئاوا توانیویەتی سەربەخۆیی کارگێڕی و ئەکادیمیی خۆی لە ڕووی پڕۆگرامی خوێندن، زمان و شێوازی بەڕێوەبردنەوە بپارێزێت. جەختیش دەکەنەوە کە هەر بڕیارێک بۆ لەناوبردنی ئەو سەربەخۆییە، بە واتای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو دەسکەوتانە دێت کە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا بەدەستهاتوون.
تا ئێستا ئەنجامی کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکومەت و بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆکە بە ناڕوونی ماوەتەوە، بەو پێیەی هیچ کام لە بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆی ڕۆژئاوا و شاندی حکومەت زانیارییان لەبارەی ناوەڕۆک و بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکردووە، ئەم بێدەنگییەش بێ ڕوونکردنەوە، بووەتە هۆی زیاترکردنی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خوێندکاران.