دەسەڵاتدارانی ئەمنیی لوبنان بە فەرمی ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەیان ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن، گوایە بەیروت لایەنی عێراقی ئاگادارکردبێتەوە لەوەی کوژرانی پەرلەمانتاری کۆچکردووی عێراق (ئەحمەد عەلوانی) پەیوەندی بە کێشەی "ئەخلاقی یان شەرەف"ـەوە هەبێت.
ئاوێنە: لە بەیاننامەیەکدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی لوبنان وردەکاریی هەڵوێستی فەرمی خۆی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ سەرلەبەری ئەو زانیارییانە ڕەتدەکەنەوە کە لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمەکانی ڕاگەیاندن بڵاوکراونەتەوە، کە گوایە لیوا حەسەن شوقێر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی لوبنان، بەرپرسان یان سیاسەتمەدارانی عێراقی لەوە ئاگادارکردبێتەوە کە دۆسیەی کوژرانی ئەو پەرلەمانتارە پەیوەندی بە کێشەی ئەخلاقییەوە هەیە.
بەیاننامەکەی ئاسایشی لوبنان جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەو بانگەشانە بە تەواوی دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکی واقیعییان نییە، هەروەها داواشی لە هەموو لایەک کردووە پێش بڵاوکردنەوەی هەر زانیاری و پڕوپاگەندەیەک، پشت بە سەرچاوە فەرمییە باوەڕپێکراوەکان ببەستن و وردبین بن.
لە لایەکی دیکەوە و هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، تەرمی ئەحمەد عەلوانی لە بەیروتەوە گەیەندراوەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و دواتر بۆ زێدی خۆی لە پارێزگای ئەنبار گواستراوەتەوە. پاش ڕێکخستنی مەراسیمێکی فراوانی جەماوەری لە دیوەخانی هۆزی (ئەلبوعەلوان) بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی، پیاوماقوڵان و ڕۆڵەکانی هۆزەکە، تەرمەکەی لە گۆڕستانی (ئەلعەلی ئەلسولەیمان) بەخاک سپێردرا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا پچڕا، تەرمی ئەحمەد عەلوانی بە کوژراوی لە یەکێک لە شوقەکانی ناوچەی (تەریق جەدیدە) لە بەیروتی پایتەختی لوبنان دۆزرایەوە. ڕووداوی کوژرانی ئەم پەرلەمانتارە، کاردانەوەی فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقدا لێکەوتەوە و بووە هۆی دروستبوونی مشتومڕێکی گەرمی سیاسی و گوتاری تایفەگەری لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.