وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، بە فەرمی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی لە ڕێگەی بۆریی کۆنی نێوان عێراق و تورکیاوە ڕاگەیاند، کە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەبەستێتەوە.
ئاوێنە: لەم بارەیەوە، باسم خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، پڕۆسەی ڕەوانەکردنی نەوت لەو بۆرییەوە دەستی پێکردووەتەوە، ئەمەش دوابەدوای ئەوە دێت کە سەرجەم کارەکانی نۆژەنکردنەوە، چاکسازی، ئامادەکردن و تاقیکردنەوە تەکنیکییەکانی بۆرییەکە بە سەرکەوتوویی کۆتاییان هاتووە و بە تەواوی خراوەتەوە کار.
سەبارەت بە قەبارەی هەناردەکردن، وەزیری نەوت ڕوونیکردەوە کە لە قۆناغی سەرەتادا، ڕۆژانە ١٢٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی ئەم بۆرییەوە ڕەوانە دەکرێت. بڕیاریشە لە ماوەی داهاتوودا بە شێوەیەکی قۆناغبەندی، توانای هەناردەکردنەکە بەرز بکرێتەوە تا ئەو کاتەی دەگاتە ئاستی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
وەزیری نەوتی عێراق کاراکردنەوە و گەڕانەوەی ئەم بۆرییەی بۆ نێو پرۆسەی هەناردەکردن بە "هەنگاوێکی ستراتیژی" ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەم کارە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تواناکانی عێراق لە بواری هەناردەکردنی نەوتدا، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ فرەچەشنکردنی دەروازەکانی فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکە. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە چالاککردنەوەی ئەم دەروازەیە، سەرچاوەیەکی گرنگ دەبێت بۆ دابینکردنی داهاتی دارایی زیاتر و پاڵپشتیکردنی ئابووریی عێراق.