چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی: میوانداری وه‌فدێكی سلێمانیمان كرد كه‌ پێكهاتبون له‌ نزار ئامێدی، بافڵ تاڵه‌بانی و شاسوار عه‌بدولواحید
  2026-11-16     

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌كان له‌باره‌ی كێشه‌ی جورف سه‌خره‌وه‌ بێ ئه‌نجام بوه‌. چوارچێوه‌كه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، میوانداری وه‌فدێكی سلێمانیمان كرد كه‌ پێكهاتبون له‌ نزار ئامێدی، سه‌رۆك كۆماری عێراق، بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی و شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ. به‌پێی زانیارییه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كه‌ی سلێمانی، پرسی دوئیداره‌یی له‌ هه‌رێم و جیاكردنه‌وه‌ی پشكی سلێمانی له‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم تاوتوێ كراون.

ئاوێنه‌: فەرمانگەی ڕاگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعه‌كان، كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ "چوارچێوەی هەماهەنگی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە (301)ـی خۆی لە نوسینگەی شێخ هه‌مام حه‌مودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و بە ئامادەبونی عه‌لی فالیح زه‌یدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجام دا".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌ "بەشداربوانی کۆبونەوەکە کۆی پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنییان لەسەر هەردوو گۆڕەپانی عێراقی و هەرێمایەتی، سەرەڕای دوایین گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان و لێکەوتەکانیان، تاوتوێ کرد، هەروەها کۆبوونەوەکە باسی لە دۆسیەی بودجەی گشتی و ڕێگاکانی بەهێزکردنی سەقامگیریی ئابووری و دابینکردنی پێداویستییەکانی قۆناغەکە کرد، لە پاڵ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی پەرەپێدانی کاری لیژنە ناوخۆییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە شێوەیەک کە بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی و هەماهەنگیی هاوبەش مسۆگەر بکات."

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ چوارچێوه‌ی هه‌مانگیی شیعه‌كان هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی كێشه‌ جورف سه‌خر نه‌داوه‌، به‌ڵام به‌پێی میدیا عێراقی و عه‌ره‌بییه‌كان له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا له‌وباره‌یه‌وه‌ گفتوگۆی بێ ئه‌نجام كراوه‌و به‌وهۆیه‌وه‌ گرژی له‌نێوان به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانی لایه‌نه‌ شیعه‌كان دروست بوه‌و هه‌مام حه‌مودی به‌ناچاری كۆتایی به‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ هێناوه‌. 

به‌پێی میدیا عه‌ره‌بییه‌كان، هه‌ندێك لایه‌نی نێو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دژی بڕیاره‌كه‌ی زه‌یدی بون بۆ چونه‌ ناوه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ جورف سه‌خر. به‌ڵام زه‌یدی سوربوه‌ له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی و كۆبونه‌وه‌كه‌ی به‌جێهێشتوه‌.

وه‌ك به‌شێك له‌ میدیا عێراقییه‌كان ئاماژه‌یان پێداوه دۆخه‌كه‌ ئاڵۆز بوه‌و‌ له‌دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ هادی عامری، سه‌رۆكی رێكخراوی به‌در، خێرا خۆی گه‌یاندۆته‌ ئه‌بو فه‌ده‌ك، سه‌رۆك ئه‌ركانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ كۆبونه‌وه‌.

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌كان له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا وتویه‌تی "دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی کۆبونەوە فەرمییەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی میوانداریی وه‌فدێكی پارێزگای سلێمانی کرد کە پێکهاتبون لە سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی، بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید، کە تێیدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەکانی ئێستا له‌گه‌ڵ جەختكردنه‌وه‌ لەسەر گرنگیی بەردەوامیدان بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی عێراق."

هه‌رچه‌نده‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌كان له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیاریی زیاتری نه‌خستۆته‌ڕو، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كان له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا دۆخی هه‌رێمی كوردستان، پرسی كێشه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی، پرسی دوئیداره‌یی و جیاكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی سلێمانی له‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كراون.

زۆرترین بینراو
یەکێتی گوناحە، لای مێزەکەی "هەرێمە نوێکە" چی دەگوزەرێت؟
محه‌مه‌د فه‌یسه‌ڵ كه‌ریم خان برادۆستی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كوردستان كرد
وته‌بێژی پارتی: هه‌وڵی زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ده‌ده‌ین
دادگای فیدراڵی دۆسیەی موڵکە حکومییەکانی لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی کردەوە
دادگای فیدراڵی داوایەکی یەکێتی و نەوەی نوێی بۆ ڕاگرتنی بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە
گرژییەکانی سوریا قووڵتر دەبنەوە؛ گروپێکی نزیک لە ئێران هەڕەشەی تیرۆرکردن لە فەرماندەکانی دیمەشق دەکات
شاسوار عه‌بدولواحید: سێ بژارده‌مان له‌به‌رده‌مدایه‌، سبه‌ی ده‌چینه‌وه‌ به‌غدا بۆ درێژه‌دان به‌ گفتوگۆكان
شارەزایەکی ئابووری ڕێڕەوەکانی بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێم و ڕۆڵی کۆمپانیای DNO ئاشکرا دەکات
لە سلێمانی دەست بەسەر کێڵگەیەکی برنجدا گیرا
سوپای پاسداران ڕایگەیاند بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە بەحرەین کردووەتە ئامانج و جەخت لە داخرانی گەرووی هورمز دەکاتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×