هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاشتییدا، ڕۆشتە شوێنە نوێیەکەی کە بۆی دیاری کراوە لە ئیمراڵی، هەلومەرجەکانی کارکردنی بەڕێز ئۆجالان گۆڕاون و سکرتارێتییەکەی بەهێز کراوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی گرووپی پەرلەمانیی سەبارەت بە پێگەی ڕێبەر ئاپۆ وتی "پرۆسەکە بە ئیرادەیەکی گەورە بەردەوامە، ئەم پرۆسەیە وەک بونیاتنانی ژیانی هاوبەش دەبینین، لە جێبەجێکردنی ئاشتییدا دواخستن هەڵەیە، بەڕێوەبەریی تەڤگەر هەڵوێستی خۆی بە ئیرادەیەکی کۆنکرێتی نیشان دا و وتیان: ئیرادەیان بۆ چارەسەری نەگۆڕە و ئەگەر دەوڵەت هەنگاوە پێویستەکان بنێت ئەوا ئەوان ئامادەن".
وتیشی "قۆناغی یەکەم کۆتایی هاتن بوو بە شەڕ، ئەمەش بەدی هات، ئەوی تریان دانوستانە و ئەمەش بەدی دێت، ئەوی تریش چوارچێوەی یاساییە، ئەمەش سەرەڕای کەموکوڕیی و ناتەواوییەکان بەدی هات و تێیداین، ئەوی تریش دیموکراتیکبوونە و ئەمەش لە پێشمانە".
لەبارەی ئۆجەلانەوە، تونجەر ئاشکراشیکرد "دەبێت یاسای چوارچێوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەبارەی گۆڕانکارییەکان بەسەر دۆخ و پێگەی کارکردنی ڕێبەر ئاپۆوە بەڕێز ئۆجالان ڕۆشتە شوێنی نوێی لە دوورگەی ئیمراڵیی، لە هەلومەرجی کارکردنی بەڕێزیاندا گۆڕانکاری کرا و سکرتارێتییەکەی بەهێز کرا، ئێمە بۆ یەکەمجارە ئەم زانیارییانە بڵاودەکەینەوە، ئێمەش دەڵێین وەرن با داهاتووی تورکیا بەیەکەوە بنووسینەوە، دەبێت لە شوێنی چەک، یاسا جێگیر بکرێت، با ئێمە پێکەوە بە دەرگای ئاشتیدا تێپەڕین، با ئەم پەرلەمانە ببێتە پەرلەمانی چارەسەریی پرسی سەد ساڵە".
"ئێمە لەمیانەی چاوپێکەوتنەکەماندا لەگەڵ بەڕێز نوعمان کورتولموش وتمان؛ هەمیشەییبوونی ئاشتی بە دیموکراسی دەکرێت و دەبێت کۆمیسیونی پەرلەمان تەنها چاودێر نەبێت، بەڵکو پشتگیری لە کۆمەڵگەییکردنی ئاشتی بکات، بەڕێز نوعمان کورتولموش بە شێوەیەکی ئەرێنی نزیک بووەوە لە ڕەخنە و پێشنیارەکانی ئێمە. لەم پرۆسەیەدا نێتمان پاک و باشە". هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی وای وت