وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردەوە، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵ، یەکەم کاروانی نەوتی سپی لە بەغداوە بۆ هەرێم نێردرا.
ئاوێنە: وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێگەی خۆی ئاشکرایکرد "یەکەم کاروانی تەنکەرەکانی نەوتی سپی بارکراوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هەر ئەمشەو یەکەم کاروانی نەوتی سپی دەگاتە کۆگاکانی پارێزگای دهۆک و لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی دهۆک لە ناوچە شاخاوییەکانی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".
ئەوەش هاتووە "بۆ بەشە نەوتی سپی هەرسێ پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە ڕەزامەندی دراوە و دەست بە بارکردن دەکرێت و لەگەڵ گەیشتنی بەکۆگاکان، دەست بە بەرنامەی بارکردن و دابەشکردن دەکرێت لەسەر هاوڵاتییان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان".