خه‌فاجی: ئه‌م هه‌فته‌یه‌ بودجه‌ نه‌گاته‌ په‌رله‌مان، گفتوگۆ كردن له‌سه‌ری ده‌كه‌وێته‌ دوای پشوی یاسادانان
  2026-11-21     

محه‌مه‌د خه‌فاجی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق هۆشداری داوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌م هه‌فته‌یه‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌نگ له‌سه‌ر ره‌شنوسی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ نه‌دات و نه‌ینێرێت بۆ په‌رله‌مان، ئه‌وا ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ی بودجه‌وه‌ بكه‌وێته‌ دوای پشوی وه‌رزی یاسادانان.

ئاوێنه‌: محه‌مه‌د خه‌فاجی، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ شه‌فه‌ق نیوز رایگه‌یاندوه‌، په‌رله‌مانی عێراق له‌ مانگی رابردودا وه‌رزی یاسادانانی خۆی درێژكرده‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ماوه‌ی 22 رۆژه‌ هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجام نه‌داوه‌.

وتیشی، ئه‌گه‌ر پێش رۆژی 29ی ئه‌م مانگه‌، پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ نه‌گاته‌ په‌رله‌مان كه‌ واده‌ی كۆتاییهاتنی وه‌رزی یاسادانان و ده‌ستپێكردنی پشوی په‌رله‌مان، ئه‌وا گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكه‌ ده‌كه‌وێت دوای پشوی په‌رله‌مان.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، دۆخی سیاسی و روداوه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێستا و رێك نه‌كه‌وتن له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك لیژنه‌كانی په‌رله‌مان، بۆته‌ هۆی په‌ككه‌وتنی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م دۆخانه‌ نابنه‌ پاساو بۆ په‌كخستنی كاری یاسادانان.

خه‌فاجی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ژماره‌یه‌كی زۆر یاسا هه‌ن كه‌ چاوه‌ڕیی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دوه‌من، له‌گه‌ڵ بونی چه‌ند یاسایه‌كی دیكه‌ كه‌ چاوه‌ڕیی ده‌نگ له‌سه‌ردانن، له‌وانه‌ش یاسای هاتوچۆی گشتی. وتیشی، وه‌رزی یاسادانان به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت و هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆر دۆسیه‌ی یاسادانان به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×