فەرماندەیی لیوای یەکی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ناحیەی قەرەهەنجیر، هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە کشانەوەی هێزەکانیان لەو سنوورە دەکەن و جەخت لە مانەوەیان لە سەنگەرەکانی بەرگریدا دەکاتەوە.
ئاوێنە: عەمید تالیب فاروق محەمەد، فەرماندەی لیوای یەکی پیادە لە سنووری قەرەهەنجیر، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند: «لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و سەربازییەوە، وەک فەرماندەی لیوای یەکی پیادە لە سنووری قەرەهەنجیر، بە هەموو شێوەیەک سەرتاپای ئەو دەنگۆ و هەواڵە ناڕاستانە ڕەتدەکەینەوە کە باس لە کشانەوەی هێزەکانمان دەکەن لەم سنوورە.»
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا، فەرماندەی لیوای یەکی پیادە دڵنیایی دەداتە سەرجەم لایەنەکان و دەڵێت: «پێشمەرگە قارەمانەکانی لیوای یەکی پیادە، وەک هەمیشە بە ورەیەکی پۆڵایین و ئامادەباشییەکی تەواوەوە لە سەنگەرەکانی بەرگریدان و بەردەوامن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و سەروماڵی هاوڵاتیان.»
عەمید تالیب فاروق محەمەد لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بە ئامانجی پشت ئەو دەنگۆیانە کردووە و ڕایگەیاندووە: «بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵە بێ بنەمایانە تەنها بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێیە لای هاوڵاتیان و هیچ بنەمایەکی ڕاستییان تێدا نییە. ئێمە وەک هەمیشە قەڵغانی پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان دەبین و بستێک لە سەنگەرەکانمان چۆڵ ناکەین.»