دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاند، پێشبینیدەکات لە پێش کۆتایی ئەمساڵدا ڤاکسینی کۆرۆنا بەرهەمبهێنرێت و بکەوێتە بازاڕەکانەوە.
ئاوێنە: بیڵ گەیتس، گەورە ملیاردێری جیهانی و دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز رایگەیاند، کە لەو باوەڕەدایە، لە پێش کۆتایی ئەمساڵی ٢٠٢٠، ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەوێتە بازاڕەکانەوە و بەوەش، مرۆڤایەتی هیوایەکی بۆ بگەڕێتەوە.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە تێوەگلانی لە بابەتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا دەکەن، بیڵ گەیتس باسی لەوەکرد، "من هەرگیز لە کارێکی لەمشێوەیە تێوەنەگلاوم و بەمشێوەیە گومانی خراپم پێنەبراوە، هەربۆیە رەتکردنەوە و حاشاکردن لێی قورسە، چونکە تۆمەتێکی گەمژانەیە."
لەگەڵ بڵاوبونەوەی کۆرۆنادا، چەندین دەنگۆ لەسەر چۆنێتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە بڵاوکرانەوە و یەکێک لەوانەش، دەنگۆی تێوەگلانی چەند سەرمایەدارێکی جیهانیی بو، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی رەتیکردەوە پێکهاتەی جینەتیکی ڤایرۆسەکە دەستکرد بێت و رایگەیاند، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە تەواوی سروشتییە.
لە ئێستادا دەیان وڵات و دەیان کۆمپانیای دەرمان و شارەزایان کێبڕکێی دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکەن و قۆناغی دوەمی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ تەواو بوە و بەرەو قۆناغی سێیەم و کۆتایی دەچن.