فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق داوا لە فەرەنسا، ئەڵمانیاو بەریتانیا
دەكات رۆڵی كارایان هەبێت بۆ راگرتنی دەستدرێژییەكانی توركیاو كشاندنەوەی هێزەكانی
سوپای ئەو وڵاتە لەنێو خاكی عێراق.
ئاوێنە: ئەمڕۆ
هەینی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە فواد حسێن، بەجیا سێ
پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەكە لە جان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنساو
هایكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاو، جەیمس كلیفرلی، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ
كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا، ئەنجامداوە.
بەپێی بەیاننامەكە،
فواد حسێن لەگەڵ ئەو سێ وەزیرە ئەوروپییەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتە سیاسی و
ئەمنییەكانی عێراقی كردوە كە دوایینییان ئەو دەستدرێژییەی توركیابو كە تێیدا دو
ئەفسەرو سەربازێكی سوپای عێراق كوژران.
وەزیری دەرەوەی
عێراق لەهەر سێ پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا پێشێلكردنی سەروەری عێراقی لەلایەن
توركیاوە رەتكردۆتەوەو ئیدانەی دەستدرێژییەكەی ئەم دواییەی توركیاشی كردوە لە ناوچەی
سیدەكان لە پارێزگای هەولێر.
هەر بەگوێرەی
بەیاننامەكە فواد حسێن داوای لە هەر سێ وەزیرەكە كردوە كە حكومەتەكانیان رۆڵی
كارایان هەبێت بۆ راگرتنی دەستدرێژییە بەردەوامەكانی توركیاو كشانەوەی هێزەكانی
سوپای ئەو وڵاتە لەنێو خاكی عێراق.
هەر سێ وەزیرە
ئەوروپییەكەش سەرەخۆشی خۆیان ئاڕاستەی حكومەتی عێراق كردوە بەهۆی قوربانیانی ئەو
دەستدرێژییەی توركیاوەو پشتیوانی وڵاتەكانیان بۆ عێراق دوپاتكردۆتەوە و هەروەها
ئیدانەی ئەو دەستدرێژییەی توركیایان كردوە.
هەر بەگوێرەی
راگەیەندراوەكە وەزیرانی ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە جەختیان لە پێویستی رێزگرتن لە
بنەمای دراوسێیەتی باش و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان و رێزگرتن لە سەروەری عێراق و
یەكپارچەیی خاكەكەی كردۆتەوە.