ئێزیدییەکان خوازیارن شەنگال لەچەک دابماڵرێت
  2020-09-18       853       

ئا: ئاوێنە


پاش تێپەڕینی زیاتر لەسێ‌ ساڵ بەسەر ئازادكردنی شەنگال-دا لەدەست چەكدارانی داعش، هێشتا ئەو ناوچەیە چەقی ململانێ‌‌و زۆرانبازییە، زۆرانبازییەك كە هەم رەهەندی ناوخۆ‌و هەم رەهەندی هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتیش لەخۆدەگرێ‌، چەندین هێزی چەكدار پاڵپاڵێنیانە لەپێناو دەستگرتن بەسەر ئەو روبەرە ستراتیجییە بچوكەدا، كە زێدی رەسەنی ئێزیدییەكانەو ئێزیدییەكانیش خوازیارن داماڵرێت لەچەك‌و بخرێتە ژێر پاراستنی نێودەوڵەتییەوە.



ئێزیدییەكان، پێکهاتەیەکی دێرینی کوردستان‌و عێراقن، کە سەدان‌ ساڵە لەناوچەکانی دەوروبەری موسڵدا ژیان بەسەردەبەن، بەدرێژایی سەدان ساڵە قوربانی توندوتیژییەکانی ئەم ناوچەیەن، ئەوان چاوەڕوان بون پاش رزگاركردنەوەی ناوچەكانیان لەژێردەستی داعش دڵنیاییان بدرێتێ‌و بگەڕێنەوە سەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان، بەڵام هێشتا بەشێکی بەرچاویان لەکەمپی ئاوارەکاندا دەژین.


هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال لە3ی ئابی2014دا، بەتەنیا روانگەی ئێزیدییەكانی نەگۆڕی، بەڵكو باڵانسی هێزی لایەنە سیاسییەكانیشی لەو ناوچەیە گۆڕی، کە کراوەتە گۆڕەپانی زۆرانبازیی پارتی‌و پەکەکەو حەشدی شەعبی‌و تورک‌و ئێرانی‌و روس‌و ئەمەریکییەکانیش لەنزیکەوە چاودێری دەکەن.

حەشدی شەعبی، كە ئامڕازی سەرەكی جێبەجێ‌ كردنی پڕۆژەی شیعەیە لەعێراقدا، دەیەوێت ئەو سنورە بخاتە بندەستی خۆیەوە تا لەڕێگەی وشكانییەوە دابڕانێك بخاتە نێوان سوننەكانی عێراق‌و سوننەكانی شامەوە‌و هاوكات تا ئێرانیش لەڕێی وشكانییەوە گرێبدات بەناوچەكانی بندەستی شیعەی شام‌و لوبنانەوە.

پەكەكە چاوی لەسەر شەنگال‌و مانەوە لەچیای شەنگالە، كە وەك درێژكراوەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەرۆژئاوای كوردستان‌و بنكەیەكی پاڵپشتی قەندیل لەهەرێمی كوردستاندا لێیدەڕوانێت.

پارتی هەمو هەوڵی خۆی خستوەتە گەڕ بۆ ئەوەی رێگە لەهەڵخلیسكانی شەنگال بەرەو بندەستی پەكەكەو حەشدی شەعبی بگرێت، لەدیدی پارتییەوە روداوێكی بەوجۆرە كارەساتە، كە ساڵانێكی زۆرە ناوچەی بادینان كانتۆنێكی پارتییە.

توركەكان نیگەرانن لەوەی پەكەكە پێگەی خۆی لەشەنگالی نزیك لەسنورەكانی قایم بكات. ئێرانییەكانیش دەیانەوێت لەڕێگەی دروستكردنی دۆستایەتییانەوە لەگەڵا بەشێك لەئێزیدییەكان هانیان بدەن شەنگال بكەنە پارێزگایەكی سەربەخۆ.


ئەجندا ناكۆكەكانی روس‌و ئەمەریكییەكانیش لەم روبەرە جیۆپۆلیتیكە گرنگەی شەنگال بەدور نین‌و كێشەی دەڤەری شەنگال كێشەیەكی گەورەی نێودەوڵەتی‌و هەرێمییەو گەورەترە لەشەنگال خۆی.

چڕبونەوەی ئەم هەمو زۆرانبازییە لەشەنگالدا هێندەی تر ئێزیدییەكانی بەدبەخت‌و تەنها كردوەو مانەوەو بونی ئەوانی لەو ناوچەیەدا كە زێدی رەسەن‌و پیرۆزو مێژوویی ئێزیدییەكانە خستوەتە مەترسییەوە، كە ماوەی شەش ساڵە بەشێكی زۆریان لەوپەڕی ناخۆشیدا ژیان لەكەمپی ئاوارەكاندا بەسەردەبەن‌و بەهۆی دڵەڕاوکێیانەوە نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان، كە شەڕ زۆربەی شارو شارۆچکەو گوندەکانیانی كاول‌و وێران كردوە، بەشێكی لەئێزیدییەکانیش بەیەكجاری بەرەو دەرەوەی وڵات كۆچیان كردوەو وڵاتیان بەجێهێشتوە.

بەشێکی بەرچاوی چالاكوانانی ئێزیدیی لەساڵانی رابردودا كاریان بۆ ئەوە كردوە كە ناوچەكەیان داماڵرێت لەچەك‌و بخرێتە ژێر پاراستنی نێودەوڵەتییەوە، نەك لەژێر رەحمی ناكۆكی حزبەكان‌و ململانێی نێوان بەغداو هەرێمدا بێت تاوەكو ئەو دەڤەرە بتوانێت لەسەر پێی خۆی راوەستێت‌و توشی جینۆسایدو فەرمان نەبێتەوە.


بە بڕوای ئەم چالاكوانانە دەبێ ئەو ناوچەیە بكرێتە دەڤەرێكی تایبەت، واتە لەڕوی سیاسی‌و ئیداریی‌و ئەمنییەوە شنگال‌و دەشتی نەینەوا كە كەمایەتی تێدایە بكرێتە ناوچەیەكی تایبەت‌و هێزێكی سەربازی نێودەوڵەتی كە سەر بەیوئێن بێت تیایدا بالادەست بێت.


تا ئێستا ئەم خواست‌و هەوڵانە بێ‌ ئەنجام بون‌و شەنگالیش هەروا چەقی ململانێ‌و زۆرانبازیی هێزە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكانە.

شەنگال قەزایەكی سەر پارێزگای موسڵ‌و لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدایە، وەكو كەركوك‌و مەخمورو خانەقین ناوچەی كێشە لەسەری نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی ناوەندی عێراقە.


ئێزیدییەكان ژمارەیان لەهەرێمی‌ كوردستان‌و عێراقدا بە 500 هەزار تا 600 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت‌و بەشێوەیەكی‌ سەرەكی‌ لەشارۆچەكەكانی‌ شەنگال‌و شێخان‌و لالش‌و باعدریە‌و دەوروبەری شاری موسڵ نیشتەجێن. ئێزیدییەكان رابردوویەكی‌ خوێناوی‌ لەدوای‌ خۆیانەوە بەجێدەهێڵن، بەدرێژایی‌ سەدان ساڵ‌ بەهۆی‌ جیاوازی‌‌و شاراوەیی‌ بیروباوەڕی‌ ئاینییەكانەوە كەوتونەتە بەر شاڵاوی‌ كۆمەڵكوژیی‌و خوێنڕشتن‌و قڕ كردنەوە. دوایین كۆمەڵكوژیی هێرشی چەكدارانی داعش بو بۆ سەر ناوچەی شەنگال لەمانگی ئابی2014دا كە تێیدا بەهەزاران پیاوی ئێزیدی هەر لەجێدا كوژران‌و سەدان منداڵیشیان لێ فڕێندراو بەهەزاران ژن‌و كچیشیان وەک کەنیزەک بران.


چارەنوسی ئێزیدییەكان خەمناكترین چارەنوسە مێژوی هاوچەرخی عێراق بەخۆیەوە بینیبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×