فڕۆکەخانەی سلێمانی سکاڵای یاسایی لەسەر هونەرمەندێک تۆمار دەکات
  2020-10-24       2169       
پاش ئەوەی هونەرمەندی گۆرانیبێژ سالار مەحمود لە گرتە ڤیدیۆییەكدا باسی لە "مامەڵەی خراپ"ی كارمەندانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی كرد، فڕۆكەخانەكە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو هونەرمەندە تۆمار كردووە.

ئاوێنه‌: لە ڕوونکردنەوەیەکیدا فڕۆکەخانەی سلێمانی لە ڕێگەی ئەفسەر تاریق فەریق محەمەد-ەوە بڵاویکردووەتەوە، "کچێکی ئەو هونەرمەندە هەڵسوکەوتێکی هەڵەشەی لەگەڵ کارمەندانی فرۆکەخانەكە نواندووە و بەناچاری داوایلێکراوە سەردانی بنکەی پۆلیسی فڕۆکەخانە بکات و لەوێ دابنیشێت و هێمن بکرێتەوە، بەڵام دیارە ئەم کارە بە تەشەنوج وەرگیراوە".

ئەفسەرەكەی فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێشتر سکاڵا لەسەر سالار مەحمودی هونەرمەند تۆمارکراوە، بەڵام دواتر کە داوای لێبوردنی کردووە سکاڵاکە کشێندراوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی ئەو هونەرمەندە جارێکی دیکە قسەی لەسەر فڕۆکەخانە کردووە، بۆیە سکاڵاکە دیسانەوە تۆمارکراوەتەوە".

پێشتر سالار مەحمود، هونەرمەند و گۆرانیبێژ لە پارچە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاندبوو، "کارمەندانی فڕۆکەخانەی سلێمانی شارستانییانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو و گەشتیاران نەکردووە و بەچاوێکی دوور لە کارکردن سەیری ژنان و گەشتیارانیان کردووە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×