پێش تیرۆرکردنی، كاوه‌ گه‌رمیانی "دوجار نانبڕاو كراوه‌" له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی
  2020-12-04       572       

   ئا: محه‌مه‌د حسێن


تا ئه‌و ئێواره‌ باراناویه‌ی‌ له‌ناو ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا‌و به‌به‌رچاوی دایكیه‌وه‌ كوشتیان، كاوه‌ گه‌رمیانی روبه‌ڕوی چه‌ندین شێواز‌و ئاستی جیاجیای گرتن‌و لێدان‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ به‌رپرسه‌ حیزبی‌و ئه‌منی‌و حكومیه‌كانی كوردستان (به‌تایبه‌تی گه‌رمیان)ی بوه‌وه‌، هه‌رچی به‌رامبه‌ر كرابێت له‌كاتی خۆیدا بوه‌ته‌ هه‌واڵی‌ میدیاكان، به‌ڵام هێشتا كه‌س باسی له‌وه‌ نه‌كردوه‌ كه‌ "كاوه‌ دو جار نانبڕاوكراوه‌ له‌سه‌ر كاره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی"، یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ موچه‌ی‌ شه‌هیدانه‌ی‌ باوكی بڕا، دواجاریش له‌لایه‌ن حیزبی شیوعی كوردستانه‌وه‌ موچه‌كه‌ی‌ خۆی‌.


له‌و باره‌یه‌وه‌ هاوڕێ‌و هاوكاری‌ كاوه‌ گه‌رمیانی، رۆژنامه‌نوس دڵشاد ئه‌نوه‌ر، به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند، باوكی كاوه‌ له‌شۆرشی ئه‌یلول سه‌رلق بوه‌‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیاری‌ ناوچه‌كه‌ی‌ خۆیان بو، ساڵی‌ 1987 به‌پلانی مسته‌شارێكی فه‌وجه‌ خه‌فیفه‌كانی رژێمی پێشوی عێراق(به‌عس) توشی‌ روداوی ئۆتۆمبیلی‌ ده‌كه‌ن‌و ده‌كوژرێت. هه‌ربۆیه‌ خانه‌واده‌ی‌ كاوه‌ موچه‌ی‌ شه‌هیدانه‌ی‌ باوكیان بۆ بڕایه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌. "به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كاوه‌ نه‌بوه‌ ئه‌ندامی پارتی، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ داوای‌ لێكرابو له‌لایه‌ن ئه‌و حیزبه‌وه‌ موچه‌ی‌ شه‌هیدانه‌ی‌ خێزانه‌كه‌یان بڕی‌".
له‌م باره‌یه‌وه‌، كارگێڕی‌ لق‌و به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندیه‌كانی لقی‌ 29ی گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، شوان محه‌مه‌د، ئه‌وه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ بڕینی ئه‌م موچه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌هه‌ڵوێسته‌كانی كاوه‌ گه‌رمیانیه‌وه‌ هه‌بێت‌و وتی، "چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا یاسای‌ مافی كه‌س‌و كاری‌ شه‌هیدان ده‌ركرا‌و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شه‌هیدانه‌وه‌ جێبه‌جێكرا، به‌هۆی‌ ئه‌و یاسایه‌وه‌ زیاتر له‌4000 شه‌هیدی‌ هاوڵاتی موچه‌كانیان بڕرا، باوكی كاوه‌ گه‌رمیانیش یه‌كێك بو له‌و كه‌سانه‌".
شوان رایگه‌یاند، "هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ جه‌ختمان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ باوكی كاوه‌ گه‌رمیانی یه‌كێك بوه‌ له‌سه‌رلقه‌ دیارو ئازاكانی شۆڕشی ئه‌یلول، دواتر چه‌ندین نوسراومان كردوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته‌‌و دوانوسراومان مانگی 9/2013 بوه‌‌و ئێستا له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌".
به‌ڵام كاروان ئه‌حمه‌دی‌ برای‌ كاوه‌ گه‌رمیانی وتی،"ئێمه‌ پێمانوانیه‌ ئه‌و پاساوه‌ راستبێت، گومانمان هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی كاوه‌ی‌ ره‌حمه‌تی ئه‌و موچه‌یه‌ بڕرابێت، ئه‌گه‌ر وانیه‌ بۆ دوای‌ بڕینی موچه‌كه‌‌و له‌و چه‌ند ساڵه‌دا هێشتا چاكیان نه‌كردۆته‌وه‌؟".
جگه‌ له‌موچه‌ی‌ شه‌هیدانه‌ی‌ باوكی، كاوه‌ گه‌رمیانی موچه‌كه‌ی‌ خۆیشی‌ ده‌بڕدرێت له‌كاتێكدا له‌ناو راگه‌یاندنه‌كانی حیزبی شیوعی كوردستاندا كاری‌ ده‌كرد، له‌وباره‌یه‌وه‌ كاروان ئه‌حمه‌دی‌ برای‌ به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند، "كاوه‌و زۆر له‌و كه‌سانه‌ی‌ تریش كه‌ ئه‌وكات له‌گه‌رمیاندا‌و له‌ناو راگه‌یاندنی حیزبی شیوعی كاریانده‌كرد، وه‌ك پۆلیسی ئه‌و حیزبه‌ دامه‌زرابون‌و موچه‌یان وه‌رده‌گرت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كاوه‌ نه‌بوه‌ ئه‌ندامی حیزبه‌كه‌ موچه‌كه‌یان بڕی‌".
به‌هه‌مانشێوه‌ رۆژنامه‌نوس دڵشاد ئه‌نوه‌ر رونیكرده‌وه‌ كه‌ كاوه‌ گه‌رمیانی پێشتر كارمه‌ندی راگه‌یاندنی ئه‌و حیزبه‌ بوه‌، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك موچه‌كه‌یان بڕی‌. دوای‌ هه‌وڵێكی زۆری‌ خۆی‌ موچه‌یه‌كی كه‌می بۆگه‌ڕێنرایه‌وه‌، به‌ڵام به‌بیانوی دروستكردنی كه‌ناڵی‌ ئاسمانی (ڕێگا)وه‌ دواتر هه‌مو مانگێك 100,000 دیناریان له‌و موچه‌ كه‌مه‌شی ده‌بڕی تا له‌دواجاردا كاوه‌ بڕیاریدا ئه‌وه‌ش وه‌رنه‌گرێت، ئه‌وه‌بو به‌شێوه‌ی‌ پاداشت ته‌نها كاری رۆژنامه‌وانی بۆ رادیۆی‌ ئازادی ده‌كرد.
به‌ڵام جێگری‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی‌ گه‌رمیانی سه‌ته‌لایتی رێگا، ساڵح  عه‌لی‌، به‌جۆرێكی تر باس له‌هۆكاره‌كانی ئه‌م موچه‌بڕینه‌ی‌ كاوه‌ گه‌رمیانی ده‌كات‌و بۆ ئاوێنه‌ی‌ رونكرده‌وه‌، "كاوه‌ گه‌رمیانی خۆی‌ بڕیاریدا واز له‌و كاره‌ی‌ بهێنێت‌و ده‌یگوت من ئه‌گه‌ر پۆلیسبم ناتوانم وه‌ك پێویست كاری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ بكه‌م‌و سه‌ربه‌خۆبم".
ساڵح عه‌لی‌ وتیشی‌، ئه‌وان مه‌به‌ستیان بوه‌ كاوه‌ هه‌ربمێنێته‌وه‌ له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی‌‌و هه‌وڵیان زۆر له‌گه‌ڵدا‌و "چه‌ند كارێكی ترمان بۆ دۆزیه‌وه‌ له‌سه‌ته‌لایتی رێگا به‌س بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت به‌رده‌وامبێت، به‌ڵام ئه‌و خۆی‌ سوربو له‌سه‌ر وازهێنان‌و ده‌یگوت من پیاوێكی راستگۆم‌و نامه‌وێت جیاواز له‌بیروباوه‌ڕه‌كه‌م كاربكه‌م".
 وتیشی كاوه‌ گه‌رمیانی جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌رادیۆی‌ ئازادی وه‌ك په‌یامنێرێكی كارا ئیشی‌ ده‌كرد‌و پاداشتی كاره‌كانی وه‌ك هه‌ر رۆژنامه‌نوسێكی تر وه‌رده‌گرت، له‌راگه‌یاندنی كۆمیته‌ی‌ محه‌لی‌ حیزبی شیوعیش هاوكاریه‌كی مانگانه‌ی‌ هه‌بو.
كاوه‌ گه‌رمیانی له‌كۆتایی‌ ساڵی‌ 1978دا له‌یه‌كێك له‌ئۆدوگاكانی ئه‌و كوردانه‌ی‌ به‌هۆی‌ شكستی شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌ ئاواره‌ی‌ ئێران بون، له‌ره‌ش‌و مازینده‌رانی ئێران له‌دایكبو. نزیكه‌ی‌11مانگه‌ ژیانی هاوسه‌رگیری‌ پێكهێناوه‌، له‌ژیانی پیشه‌یی خۆیدا چه‌ندینجار توشی لێدان‌و گرتن‌و ئازاردان‌و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ راسته‌وخۆو ناراسته‌وخۆی‌ به‌رپرسه‌ حیزبی‌و حكومی‌و ئه‌منیه‌كانی گه‌رمیان‌و كوردستان بوه‌ته‌وه‌، تا شه‌وی‌ 5/9/2013 له ناو ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا‌و به‌به‌رچاوی دایكیه‌وه‌ به‌ده‌ستڕێژی‌ گولله‌ كوشتیان.

 

*لەژمارە ٤٠٦ی رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×