دوایین چركه‌ساتی‌ كاوه‌ گه‌رمیانی: دایكه‌، خۆزگه‌ بتوتایه‌ له‌ماڵه‌وه‌ نییه‌‌
  2020-12-04       1973       

   ئا: ئیحسان مه‌لا فوئاد



به‌پێچه‌وانه‌ی‌ سروشته‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی‌ خۆی‌ كه‌ كه‌سێكی‌ ساده‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی بو، ئه‌و شه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌غه‌یبه‌وه‌ پێیبڵێن: "میوانه‌كانی‌ ئه‌مشه‌وه‌ نیازیان خراپه‌"، بۆیه‌ كاتێك دایكی‌ بانگی‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ده‌م ئه‌و میوانانه‌وه‌ بچێت كه‌ ده‌رگای‌ حه‌وشه‌یان ده‌كوتا، كاوه‌ گه‌رمیانی‌ ده‌ڵێت: "دایه‌ خۆزگه‌ بتوتایه‌ له‌ماڵه‌وه‌ نییه‌". 



كاوه‌ نه‌یده‌زانی‌ ئه‌و میوانانه‌ كێن‌و بۆچی‌ هاتون، ئه‌و ته‌نها سه‌رقاڵیه‌كه‌ی‌ به‌ئیشی‌ رۆژانه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ وایلێكرد ئه‌و خۆزگه‌یه‌ به‌رامبه‌ر دایكی‌ بخوازێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، دورنیه‌ شتێك وای‌ له‌كاوه‌ كردبێت له‌ناخه‌وه‌ حه‌زنه‌كات پێشوازی‌ له‌و میوانه‌ ناوه‌ختانه‌ بكات، چونكه‌ ئه‌وان بۆ هه‌واڵپرسی‌ نه‌هاتبون، نه‌شهاتبون بۆئه‌وه‌ی‌ لای‌ كاوه‌ میوان بن، ئه‌وان ته‌نها یه‌ك شت‌و یه‌ك په‌یامیان پێبوه‌: فیشه‌ك‌و مه‌رگ.   

میوانه‌كان ئه‌وه‌نده‌ به‌په‌له‌ ده‌بن بۆ گه‌یاندنی‌ ئه‌و په‌یامه‌ ترسناكه‌یان، هه‌ر له‌سه‌ر ده‌رگای‌ حه‌وشه‌وه‌ به‌دایكی‌ كاوه‌ ده‌ڵێن: مامه‌ كاوه‌ له‌ماڵه‌وه‌یه‌؟ میمكه‌ سنه‌وبه‌ری دایكی كاوه‌ش به‌ده‌م پێشوازییه‌كی‌ گه‌رمه‌وه‌ هاوار له‌كوڕه‌كه‌ی‌ ده‌كات: "كاوه‌ گیان بانگت ده‌كه‌ن". كاوه‌ كه‌ له‌و كاته‌دا سه‌رقاڵی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی‌ بوه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ستانه‌ سه‌رپێ بۆ پێشوازیكردن له‌میوانه‌كانی‌، وتی‌: "دایه‌ خۆزگه‌ بتوتایه‌ له‌ماڵه‌وه‌ نییه‌"، به‌ره‌و ده‌رگاكه‌ ده‌ڕوات. به‌ڵام له‌بری‌ میوان، ریزێك فیشه‌ك خۆیان ده‌كه‌ن به‌ژورداو به‌ره‌و كاوه‌ ده‌چن.

ئه‌وه‌ چیرۆكی دوایین چركه‌ساتی ژیانی كاوه‌ گه‌رمیانیه‌ له‌زاری‌ كاروانی برایه‌وه‌. به‌وته‌ی‌ ناوبراو، كاوه‌ ئاواتی زۆری هه‌بو، هه‌میشه‌ باسی‌ له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ واز له‌گۆڤاری‌ رایه‌ڵ ناهێنێت، "تا ده‌یكه‌مه‌ گۆڤارێكی به‌ناوبانگ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تییش". وتیشی‌، خۆشبه‌ختانه‌ ره‌نگه‌ هاوڕێكانی به‌رده‌وامیی پێبده‌ن، به‌هیوام به‌رده‌وامیی پێبده‌ن.
كاروان داواكاریشه‌ "هاوڕێكانی كاوه‌ وازنه‌هێنن تا تاوانبارو بكوژه‌كان ده‌دۆزنه‌وه‌و گۆڤاری‌ رایه‌ڵ دانه‌خرێت‌و بره‌وی پێبدرێت".

كاروان ئه‌گه‌رچی‌ برای‌ كاوه‌یه‌، به‌ڵام چونكه‌ هاتنی‌ میوانه‌ ناوه‌خته‌كان ئه‌وه‌نده‌ كتوپڕبوه‌و ده‌ست‌و دیارییان ئه‌وه‌نده‌ "ره‌ش" بوه‌، ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر روداوه‌كه‌ ده‌یزانێت ته‌نها له‌زاری‌ چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ بوه‌‌و ده‌ڵێت: "بۆ ئێمه‌ رونبوه‌ته‌وه‌ كه‌ بكوژه‌كان دو ئۆتۆمبیلیان پێبوه‌، ئۆتۆمبیلێكی تاهۆی ره‌ش‌و ئه‌وی‌ دیكه‌یان لاندكرۆزه‌ر (وه‌نه‌وشه‌)، به‌ڵام نازانین ژماره‌ی هه‌بوه‌ یان بێژماره‌ بوه‌، شایه‌تحاڵه‌كان ده‌ڵێن به‌كۆڵانه‌ باریكه‌كه‌ی‌ لای ماڵی كاوه‌دا به‌خێراییه‌كی زۆر رۆیشتون، ته‌نانه‌ت سه‌ریان لێشێواوه‌و چونه‌ته‌ كۆڵانێكی تره‌وه‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ر شه‌قامه‌ گشتییه‌كه‌، ئیدی به‌و شه‌قامه‌دا به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئاراسته‌ی‌ شه‌قامه‌كه‌وه‌ هه‌ڵاتون تا سه‌ر پرده‌كه‌ی‌ گازینۆ، له‌و پرده‌وه‌ چوه‌ته‌ سایده‌كه‌ی‌ تر".

ئێمه‌ دڵنیاین ئه‌و دو ئۆتۆمبیله‌ به‌زاڵگه‌كه‌ی‌ ئاسایشدا تێنه‌په‌ڕیون، به‌ڵكو رێگای تر هه‌یه‌ به‌ره‌و سه‌نگاوو چه‌مچه‌ماڵ ده‌ڕوات‌و به‌و رێگایه‌دا رۆیشتون، چونكه‌ لای ئه‌و پرده‌وه‌ رێگه‌یه‌ك هه‌یه‌ به‌دو كاتژمێر ده‌گاته‌ تاسڵوجه‌، من خۆم مامۆستام له‌و گوندانه‌و به‌چاكی شاره‌زای‌ ئه‌و رێگاو دێهاتانه‌م.

كاروان ده‌ڵێت: "نزیك كاتژمێر 5:30 كاوه‌ هاتبو بۆ ماڵی دایكم‌و منیش له‌وێ بوم، چونكه‌ كاره‌باكه‌یان بڕابو، ئه‌وه‌تا كاره‌باو خانوه‌كه‌ی‌ به‌چاوی خۆتان بیبینن چه‌ند وێرانه‌یه‌، به‌ 140 هه‌زار دینار كرێ له‌و خانوه‌دایه‌. پێشتر هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و قسه‌یه‌كی پێ كرابێت به‌ئێمه‌ی‌ نه‌وتوه‌، چونكه‌ ئێمه‌ به‌دایكمان ده‌وت." له‌و كاته‌ش كه‌ ته‌قه‌كان له‌كاوه‌ كراون، ته‌نها دایكی‌‌و كارزانی‌ برا بچوكی‌‌و دو خوشكی‌ له‌ماڵه‌وه‌ بون.

كاروان سوپاسی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات‌و ده‌ڵێت، "بیستومانه‌ له‌هه‌مو ماڵێكدا داخ‌و خه‌فه‌ت بۆ كاوه‌ی‌ ئێمه‌ ده‌خۆن‌و پرسه‌یان گێڕاوه‌ بۆی، تكا ده‌كه‌م به‌رده‌وامبن له‌ناڕه‌زایی ده‌ربڕین تاوه‌كو بكوژه‌كان ئاشكرا ده‌بن".

كاوه‌ گه‌رمیانی‌، سه‌رنوسه‌ری‌ گۆڤاری‌ رایه‌ڵ‌و په‌یامنێری‌ رۆژنامه‌ی‌ ئاوێنه‌، شه‌وی‌ 5/12 له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ تیرۆركرا.


*لەژمارە ٤٠٦ی رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×