فەیسبوك ماوەی راگرتنی هەژمارەكانی ترەمپ درێژدەكاتەوە
  2021-01-07       503       

مارک زۆکەربێرگ، دامەزرێنەری كۆمپانیای فەیسبوک رایگەیاند، كۆمپانیاكەیان راگرتنی هەژمارەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە هەریەكە لە فەیسبوك و ئینستاگرام لانیكەم بۆ ماوەی دو هەفتە درێژدەكاتەوە تا ئەو كاتەی پڕۆسەی دەستاودەستكردنی دەسەڵات تەواو دەبێت.

ئاوێنە: مارک زۆکەربێرگ، ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو سزایەی بەسەر هەژمارەكانی ترەمپدا بۆ ماوەی 24 سەعات سەپێندرابو، لانیكەم بۆ ماوەی دو هەفتەی دیكە درێژدەكرێتەوە تا ئەو كاتەی دەسەڵات لە ئەمریكا دەستاودەست دەكرێت.

بەپێی قسەی دامەزرێنەی فەیسبوك، هۆكاری راگرتنی هەژمارەكانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ناوبراو هانی یاخیبونی توندوتیژانەی داوە دژی هەڵبژاردنی دیموكراتیانە.

مارک زۆکەربێرگ هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پێیان وایە رێگەدان بە دۆناڵد ترەمپ بۆ بەردەوام بون لەسەر بەكارهێنانی خزمەتگوزارییەكانیان لەم ماوەیەدا مەترسی زۆر گەورەی بەدواوەیە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كۆمپانیای تویتەر هەژماری ترەمپ-ی لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكەیان بۆ ماوەی 12 سەعات راگرت بەڵام هێشتا دیار نییە كە سزادانەكەی لەسەر هەڵگیرابێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×