بەهۆی بەسەرچونی
ماوەکەی و نەشیاوی بۆ بەکارهێنان، لیژنەی کۆگاکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر
بڕێکی زۆر توتن (معسل)ـی نێرگەلەدا دەگرێت.
ئاوێنە: بەپێی
راگەیەندراوێكی قائیمقامیەت، لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی
سلێمانی رایگەیاند: بەهۆی بەسەرچونی ماوەکەی و نەشیاوی بۆ کێشان، لەلایەن لیژنەی کۆگاکانەوە
لەناوچەی راپەڕینی شاری سلێمانی دەست بەسەر زیاتر لە سێ هەزار کارتۆن توتنی نێرگەلەدا
گیراوە.
وتیشی: بەپێی رێنماییە
تەندروستییەکان ئەو توتنی نێرگەلەیەی بەسەردەچێت شیرینییەکە لەتوتنەکە جیادەبێتەوەو
ناوەندێکی باشە بۆ گەشەکردنی بەکتریاو کەڕوکردن، ئەمەش زیانە تەندروستییەکەی بۆ بەکارهێنەرانی
زیاتر دەکات.
رونیکردەوە: بەپێی
تایبەتمەندی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئەو کاڵاوشمەک و خواردەمەنیانەی لەبازاڕەکاندا
دەفرۆشرێن، پێویستە بەرواری دروستکردن و بەسەرچونی بەشێوەی لێزەر لەسەر لێبڵەکەی هەڵکۆڵرابێت
و لەکاتی نزیکبونەوەی بەسەرچونیدا لەلایەن دوکان و بازرگانەکانەوە کۆبکرێتەوەو بە هاوڵاتیان
نەفرۆشرێت، بەپێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد:
بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی ئەو توتنەی کە زیاترە لە 18 تۆن و دەستی بەسەردا
گیراوە، لەناودەبرێت و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.