مەیدان؛ لەسەر وەرگرتنی پارە لەشۆفێرانی بارهەڵگر سکاڵا تۆماردەکرێت
  2021-01-24       1335       

ئا: ئاوێنە

 

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدە گەیەنێت: ئەمڕۆ یەكشەممە، سەردانی دادگای خانەقین - قۆرەتوی كردوە بۆتۆمارکردنی سکاڵا لەبارەی وەرگرتنی بڕی پێنج هەزار دینار لەشۆفێرانی بارهەڵگر بەدەر لەیاسا و ڕێنماییەکان لە ناحیەی مەیدان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لەوبارەیەوە بۆ ئاوێنە دەدوێن.

 

کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئاوێنەی ڕاگەیاند "پردێک لەخواروی پردەکەی مەیدانەوە دروستکراوە ئەهلیە هەمو بارهەڵگرێک کە بەسەریدا دەڕوات دەبێت بڕی پێنج هەزار دینار بداتە خاوەنی پردەکە."

وتیشی"هەمو پارەیەک کە وەردەگیرێت لەهەرکەسێک دەبێت بەوەسڵ بێت، بەفەرمان و ڕێگەپێدان بێت، ئەو هاوڵاتییە مۆڵەتەکەی بۆ غەسالە وەرگرتوە بەڵام بۆ ڕێگاوبانیش بەکاریدەهێنێت، ئەمە دوشتی جیاوازە، ئەگەر هەر کارێکی وابکرێت دەبێت بەڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت، بەڵام ئایا ئۆتۆمبێلێک لەسەر ئەو پردە بکەوێتە خوارەوە کێ بەرپرسە لێی."

ئەندامەکەی ئەنجومەن وتیشی"نوسراوێکی وەزارەت کراوەو دەڵێت، پردە گەورەکە بەکارمەهێنن چونکە مەترسی ڕوخانی لەسەرە، ئەم پردە بەڵگەو نوسراوی فەرمی نییەو ڕێکاری یاسایی نەگیراوەتە بەرو غەسەلەیان لەو جێگادا هەیە، ئەو پردەیان دروستکردوەو هەمو ئۆتۆمبێلێک بەپارە بەسەر ئەو پردەدا تێدەپەڕێت، بۆیە ئەمڕۆ سکاڵام تۆمارکرد لەدادگای قۆرەتو."

هاوکات دلێر عەبدوڵا بەڕێوەبەری ناحیەی مەیدان لەسەر ئەو بابەتە بە ئاوێنەی ڕاگەیاند"ئەو پردە سێ ساڵ پێش دەست بەکاربونی من هەبوە، کە من هاتوم بونی هەبوە، لەو ڕۆژەوەیش کە من هاتوم نە خاوەنیم بینیوە، نە کەس هاتوە سکاڵا لای من بکات، نە چومەتە لایان نە ئاگاشم لێیەتی، کەسیش نەهاتوە بڵێت پارە وەردەگرێت یان پارەکە زۆرە لەبەرئەوە من هیچ پەیوەندیەکم نییە پێیەوە، چونکە پێش هاتنی من بونی هەبوە و کەسیش سکاڵای نەهێناوەتە لای من لەسەر ئەو بابەتە".

لای خۆیشیەوە عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی گەرمیان بە ئاوێنەی ڕاگەیاند"ئێمە هیچ ڕێگاپێدانێکمان نەکردوە، ئەو شتی کردوە بەحساب بۆخۆی کردویەتی، ئێمە کاتی خۆی نوسراومان کردوە کە ڕێگەی دروستکردنی پێنەدرێ، نابێ دروستبکرێ، وەرگرتنی پارەش شتێکی نایاساییە."

وتیشی"دروستکردنی پرد لەلایەن هاوڵاتیەوە، ئەگەر بۆخۆشی بێت نایاساییە، ئەبێت ڕەزامەندی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەبێت ئەوکاتە دروستی بکات."

هێمای بۆ ئەوەشکرد"لایەنی ئیداری ئەبێت ڕێگا بە دروستکردنی نەدات، چونکە زیاتر لایەنی ئیداری بەرپرسیارە لە دروستکردن یان دروستنەکردنی، ئەبێت نوسراو بۆ ئێمەبێت، ئێمەش ئەگەر دیزاینی تەواوبێت داوای ڕەزامەندی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی بۆ دەکەین، ئەو پرەدە لای ئێمە هیچ کارێکی یاسای نەکردوە و نیە."

سەبارەت بەو بابەتە سەید کەمال یەکێک لەخاوەن غەسالەکان لەمەیدان بە ئاوێنەی ڕاگەیاند"ئێمە خاوەن کارگەکانی مەیدان لەساڵی 2015 بۆ 2016 ئاگادارکراینەوە، ئەوەی ئۆتۆمبێلی گەورەیە لە 12 تەن نەیاندەهێشت ئەوکاتە بەسەر پردەکەدا بڕوات ئۆتۆمبێلی بچوک نەبێت، ئەوکات ئێمەش ڕۆشتین لەهەولێر بۆری گەورەمان هێنا "ئارامکۆ" دامان نا وتمان بەڵکو ئیشەکەمان بڕوات، لافاوێک هات بۆریەکانی برد، دواتر وەستایەکمان هێنا پردێکمان دروست کرد مەسروفاتێکی زۆرمان کرد لەبەرئەوەی کارەکەمان بکەین دواتر لافاوێک هات و ئەویش ئاو بردی، دوای ئەوە ناچار وەستاین و ئیشمان نەما  ساڵێک وەستاین."

وتیشی"دواتر هاتین بۆ لای سەرپەرشتیاری پێشوی ئیدارەی گەرمیان و سەردانی ڕێگاوبان و جیۆلۆجی مانکرد بۆئەوەی  هەوڵێکمان بۆبدەن بەڵکو ئۆتۆمبێل بەسەر پردەکەدا بڕوات، پێیان وتین ئەگەر ئۆتۆمبێل بۆ لای ئێوە بێت دەبێت ئۆتۆمبێلی مەرزەکەو دێهاتەکانیش بەسەریدا بڕوات، چارەنەما و نەیانهێشت بڕوات."

هێمای بۆ ئەوەش کرد"ئەو کاتە وتمانە سەرپەرشتیاری پێشوی ئیدارەی گەرمیان، ئەویش پێی وتین، من ڕێگەتان پێدەدەم بچن پردێک دروست بکەن بۆ خۆتان، بۆجاری سێیەم پردێکمان دروست کردەوە، لەبەغدادەوە کەرەستەمان بۆهێناوە دروستمانکردوە، هەتا ئێستا 290 هەزار دۆلاری تێچوە ئەگەر ئێمە 5 هەزار وەربگرین ئەبێت هەمو ڕۆژێک شۆفڵێک بنێرین ڕێگاکە ڕێکبخات و تەعدیلی بکات، لەبەرئەوەی قیر و چیمەنتۆ نیە ئەوەش بۆ ئێمە زۆری تێدەچێت."

وتیشی"هەمو ساڵێک لەمانگی 11وە دەبێت پارە بەسێ گوند بدەین واتە ساڵانە دەبێت نزیکەی 9 هەزار دۆلار  بدەینە گوندو خاوەن زەوی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×