کتێبی (ئەگەر مردن شتێکی بردوویت بۆی بگەڕێنەوە - کتێبی کارڵ) چاپ و بڵاودەکرێتەوە
  2021-01-31       2053       
وەشانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا به‌مزوانه‌ کتێبی (ئەگەر مردن شتێکی بردوویت بۆی بگەڕێنەوە- کتێبی کارڵ)  چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه. ئەم کتێبەلە نووسینی خانمە نووسەری دانیمارکی: نایا مارییا ئایت و ئالان پەری کاری وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە بۆ کردووە.

 ئەم کتێبە بە فرۆشراوترین کتێبی نێودەوڵەتی ناوبانگی دەرکردووە   The international bestseller کە پتر بۆ ١٣ زمان وەرگێڕدراوە و خاوەنی دوو خەڵاتی جیهانییە. نووسیار مافی وەرگێڕانی بۆ کوردی وەرگرتووە و بە ڕەزامەندی نووسەر چاپ و بڵاودەکرێتەوە.

لە مانگی مارسی ساڵى ٢٠١٥ دا کارڵ، کوڕی خانمە نووسەری دانیمارکی (نایا ماریيا ئایت) لە تەمەنی بیستوپێنج ساڵیدا بە کارەساتێکی دڵتەزێن گیان لە دەست دەدات.
(ئه‌گه‌ر مردن شتێکى بردوويت بۆی بگەڕێنەوە) باس لە دووەمین ساڵى دوای بیستنی ئەم هەواڵە جەرگبڕە دەکات. ئەم هەواڵە بە جۆرێک کار له‌ نووسەر ده‌كات، شۆکی دەکات و دواتر بە نووسینی ئەم کتێبە وردە وردە هێور دەبێتەوە. سەرلەبەری ئەم کتێبە باس لە چۆنیەتيى ژیان لەدوای لەدەستدانی منداڵێکەوه دەکات.‌ هەروەها باس لەوەش دەکات کە چۆن لەگەڵ تێپه‌ڕبوونى کاتدا، خەم پێوەنديی نێوان دوو كه‌سى لێكنزيك له‌ واقيعدا دەگۆڕێت. ئەم کتێبە لەبارەی لەدەستدان و خۆشەویستییەوە دەدوێت.
له‌باره‌ی ئه‌م کتێبە ئالان پەری دەڵێت:  
''کاتێک بۆ یەکەم جار ئەم کتێبەم خوێندەوە، سەرنجی ڕاکێشام. ناونیشانی ئەم کتێبە شێواوی پێوە دیارە وەک چۆن ناوەڕۆکی کتێبەکەش فراوان و واڵایە. ئەم کتێبە زۆرترین ژانری ئەدەبی دەگرێتە خۆی: تاوێک شیعرە و تاوێک گێڕانەوە و یاداشتە، تاوێکیش ڕۆمانە. بەگشتی زیاتر دەنێوە گێڕانەوەی دەقی واڵادا خۆی دەبینێتەوە. خوێنەر دەتاسێنێ و بەر هەستیارترین بابەت بارگاوی دەبێت، ئەویش بابەتی (مردن) ــە. نووسەر بە شێوازی خۆی شیوەن و ماتەمینی خۆی دەنووسێتەوە، کە دەکرێت سود لە ئەزموون و شێوازی تەکنیکی ئەم کارە ئەدەبییە وەربگرین . ئەمە بێجگە لەوەی ئامادەبوونی دەقی چەندین نووسەری تر لە بارەی لەدەساتدنی کەسانی ئازیزانی خۆیان. ئەم کتێبە بۆ من زۆرترین کات و وزە و چێژی پێ بەخشیم و دەتوانم بڵێم دەبێتە دڵخوازترین کتێب کە کاری وەرگێڕانم بۆ کردبێت''
پەرەگرافیک لە کتێبەکە:
''پەرداخەکەم بەرز دەکەمەوە و لەگەڵ کوڕە گەورەکەمدا لێكيان ده‌ده‌ين. لە سەرەوە ژنە دووگیانەکەی لەگەڵ کچەکەیدا خەوتوون. کچەکەیان تازە بووه‌تە سێ ساڵ. شەوێکی مارسه‌. ده‌ره‌وه‌ سارد و سايه‌قه‌يه‌‌. ''بە خۆشی ژیان!'' من وتم، کاتێک پەرداخەکان بە دەنگێکی ناسک و کپ بەر یەک ده‌کەوتن. دایکم شتێک بە سەگەکە دەڵێت. زه‌نگى تەلەفۆنەکە دێت و هەڵی ناگرین.
 کێیە بەم شەوە درەنگەی شەممە تەلەفۆنمان بۆ دەکات؟!''
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×