"یەكێكیان پێشکەشی دادوەرەکەی دەکا" دو هونەرمەند پۆرترێتی منداڵی سزادراوێکی بادینان دەكێشن
  2021-02-19       3139       

دو هونەرمەندی شێوەكاری كورد بەجیا هەریەكەیان پۆرترێتی كچە منداڵە چاوگەشەكەی شڤان بەرۆشكی، یەكێك لە سزادراوانی بادینان دەكێشن و هونەرمەندێكیان پۆرترێتەكە پێشكەش بەو دادوەرە دەكات كە سزای باوكی ئەو كچە منداڵەو چواری دیكە لە دەستگیركراوانی بادینانی دا.

ئاوێنە: كاردانەوەكان بەرامبەر بە سزادانی پێنج لە دەستگیركراوانی بادینان لەلایەن دادگای هەولێرەوە بەشێوەی جۆراو جۆر گوزارشتیان لێدەكرێت، دو هونەرمەندی شێوەكار لەكاردانەوە بەرامبەر بە بڕیارەكەی دادگادا وێنەی كچە منداڵە چاوگەشەكەی شڤان بەرۆشكی كە بەدەم گریانەوە دەیوت لە رۆژی دادگاییەكەی باوكیدا رێگەیان نەداوە بیبینێت، دەكەنە تابلۆ و بەشێوەی پۆرترێت دەینەخشێنن.

محەمەد ئیسماعیل، هونەرمەندی كوردو دانیشتوانی هۆڵەندا، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك لەگەڵ بڵاوكردنەوە پۆرترێتەكە، نوسیویەتی"ئەم پۆرترێتە بۆ فرۆشتن نییە ... بۆ مۆزەخانەش نییە. گەر قبوڵی بکات ئامادەم ئەم کارە ھونەرییەم پێشکەش بەو حاکمە بەڕێزە بکەم، کەوا شەش ساڵ حوکمی بەسەر باوکی ئەو منداڵەدا سەپاند، بەمەرجێک نابێ فڕەێیبدات، نابێ پێشکەشی کەسێکیتری بکات، پێم خۆشە لە ژوری میوان یان لە نوسینگەکەی خۆی ھەڵیبواسێت بۆ ئەوەی ھەمو ڕۆژێک فرمێسکی ئەو منداڵە  بەرچاوی بکەوێت، بڵێت ھۆکاری گریاندنی ئەو منداڵە بوم."

 

هەروەها هونەرمەندی شێوەكار، یاسین حەسەن كە دانیشتوی ئەڵمانیایە، ئەویش پۆرترێتێكی ئەو كچە منداڵەی لەژێر ناوی "چاوێك پڕ لە پرسیار"دا نەخشاندوەو لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك رایگەیاندوە"بەداخەوە لەم پۆرترێتە زیاتر هیچم لە دەست نایەت کەوا بتوانم ئەو فرمێسکە پڕ لە هاوار و ئازارە لەسەر ئەو چاوە جوانەت لابدەم. خوای گەورە هەقت بكاتەوە."

لە لاپەڕەی هونەرمەند یاسین حەسەن بڵاوكراتەوە كە تابلۆكەی نمایش كردوە بۆ فرۆشتن بۆ ماوەی 72 سەعات و کێ زیاتری پێبدات، تابلۆکەی بۆ دەنێرێت لەسەر حسابی خۆی لەهەر کوێیەکی ئەم جیهانە بێت و، پارەکەیش کەسی کڕیار راستەوخۆ بۆ ماڵباتی ئەو منداڵەی دەنێرێت، بۆ بەشداریكردن لە كڕینی پۆرترێتەكە دەتوانن لەڕێی ژمارەی تەلەفۆنی هونەرمەند یاسین حەسەن، کە وەتسئاپیشی لەسەرە پەیوەندی بكەن: 004917661800083

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×