پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان كرایە دەرەوە
  2021-05-05       955       

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئەمڕۆ(چوارشەممە)ی پەرلەمانی كوردستاندا، كاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری نەوەی نوێی كردە دەرەوە كاتێك باسی لە لێپڕینی موچەی موچەخۆران كرد، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی قسەكانی لە دەرەوەی خاڵی پەیڕەوییە.

ئاوێنە: كاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان باسی لە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران كرد، بەڵام هێمن هەورامی كە دانیشتنەكە بەڕێوەدەبات، داوای لێكرد قسەكانی لەوبارەیەوە رابگرێت چونكە لە دەرەوەی خاڵی پەیڕەویین.

پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ بەردەوام بو لەسەر قسەكانی بۆیە لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە كرایە دەرەوەی دانیشتنەكە.

كاوە عەبدولقادر، لەدوای ئەوەی لە دانیشتنەكەی پەرلەمان كرایە دەرەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی"لای ئێمە کاتێک باسی کێشەی خەڵک دەکەیت خاڵی پەیڕەوییە و گرنگە."
وتیشی"دانیشتنێک لە پێناوی خەڵک نەبێت و چارەسەری گرفتی خەڵک نەکات تەنیا کات کوشتنە."

ئاماژەی بەوەشکرد"شانازییە لە پێناو مافی خەڵک لە دانیشتنی پەرلەماندا دەربکرێین."

رۆژی 31ی 3ی ئەمساڵیش كازم فاروق، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بەهۆی ئەوەی پێڵاوی گرتە سەرۆكایەتی پەرلەمان، هەمان رۆژ بە دەنگی 73 پەرلەمانتار بڕیاردرا بە بێبەشكردنی لە بەشداریی دانیشتنەكانی پەرلەمان تا ئەو كاتەی داوای لێبوردن ئەكات.

ئەمڕۆش بۆ پێنجەم جار رێگریی لەکازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ كرا بچێتە ناو بینای پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبونەوەكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×