ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری میسر لەسەر ئاگربەست رێككەوتن
  2021-05-20       628       

ئیسرائیل و حەماس جەخت دەكەنەوە كە لەسەر ئاگربەست رێككەوتون و بەرپرسێكی حەماسیش دەڵێت: ئاگربەستەكە لە سەعات 2ی بەرەبەیانی رۆژی هەینی دەچێتە بواری جێبەجێكردن.

ئاوێنە: هەرچەندە پێشتر میدیاكانی ئیسرائیل رایانگەیاندبو، ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بۆ كاروباری سیاسی و ئەمنی تاكلایەنە بڕیاری ئاگربەستی داوە، بەڵام دواتر وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەكەی پێشنیارێكی میسری بۆ ئاگربەست لەلایەن هەردو لاوەو بەبێ هیچ مەرجێك، پەسەندكردوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، وادەی جێبەجێكردنی ئاگربەستەكە دواتر دیاری دەكرێت.

لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی رۆیتەرز، لەزاری بەرپرسێكی حەماسەوە بڵاویكردۆتەوە، ئیسرائیل و حەماس لە سەعات 2ی بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە شەڕ رادەگرن.

ئەو بەرپرسەی حەماس جەختی كردۆتەوە كە ئاگربەستەكە هاوكات و لەلایەن هەردولاوە پەیڕەو دەكرێت.

ئەم بەرەوپێشچونە رۆژێك دوای ئەوە دێت كە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا داوای لە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كرد، هەوڵی راگرتنی بارگرژییەكان لە غەزە بدات. ئەوەش وێڕای هەوڵەكانی میسر، قەتەرو نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ نێوەندگیری.

لەسەرەتای ئەم شەڕەی دوایی نێوان گروپە فەلەستینییەكان و ئیسرائیل كە رۆژی 10ی ئەم مانگە دەستیپێكرد، بەپێی قسەی بەرپرسانی تەندروستی غەزە، 232 فەلەستینی كوژراون كە لەنێویاندا 65 منداڵ و 39 ژن هەن و هەروەها زیاتر لە یەك هەزارو 900 كەسی دیكەش برینداربون و ئیسرائیلیش دەڵێت: لانیكەم 160 چەكداری گروپە فەلەستینییەكان لە غەزە كوژراون.

هەروەها ئیسرائیل رایگەیاندوە كە بەهۆی هێرشی موشەكی گروپە فەلەستینییەكانەوە لەسەرەتای شەڕەكەوە تاوەكو ئێستا 12 كەس لە ئیسرائیل كوژراون و سەدان كەسیش كە لە هێرشەكاندا برینداربون چارەسەركراون.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×