فەرماندەیەکی پێشوی سوپای عێراق بەدەستڕێژی گولـلە کوژرا
  2021-06-14       1843       
عەمید روکن سەباح جاسم عوبێدی، یەکێک لەفەرماندەکانی هێزی ئاسمانی عێراق لەسەردەمی رژێمی بەعس، لەلایەن گروپێکی چەکداری لەبەغدا کوژرا.

ئاوێنە: سەرچاوەکانی هەواڵ لەبەغدا بڵاویانکردەوە، عەمید روکن سەباح جاسم عوبێدی یەکێک لەفەرماندەکانی هێزی بەرگری ئاسمانی عێراق لەسەردەمی رژێمی بەعسی روخاو، لەلایەن گروپێکی چەکدارییەوە لەبەغدا و لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە کوژراوە.

ئەو فەرماندە سەربازییە بەشداریکردوە لە جەنگی عێراق و ئێران (1980-1988)، هەروەها لەجەنگی 1991 و شەڕی گەردەلولی بیابانیشدا بەشداربوە.

عەمید روکن سەباح جاسم عوبێدی لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لەساڵی 2003 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیرکراوە و دوای ساڵێک مانەوەی لەزیندان ئازادکراوە، دوای ئازادکردنیشی نەچوەتە دەرەوەی وڵات و لەعێراقدا ژیاوە.

پەیوەست بەم روداوەش عەمادەدەین جبوری، شیکەرەوەی سیاسی عێراق لەهەژماری خۆی لەتویتەر نوسیویەتی، "ئەو فەرماندەی پێشوی سوپا بەشدار بوە لەشەڕی ئێران-عێراق، بۆیە لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی نزیک لەئێران کوژراوە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×