كازمی "شانەی قەیرانی كارەبا"ی پێكهێنا
  2021-07-02       470       

دوای ئەوەی لە شەوی رابردوەوە كارەبا لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق بەتەواوەتی كوژایەوە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق شانەیەكی قەیرانی بۆ روبەڕوبونەوەی كەمی كارەبا پێكهێنا كە چەند ئەركێكی بەپەلەی خستۆتە سەر شانی بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیران، مستەفا كازمی، ئەمڕۆ هەینی، لە پێناو چارەسەركردنی بەپەلەی ئەو قەیرانەی توشی تۆڕی كارەبای عێراق بوە، بڕیاریداوە بە پێكهێنانی شانەیەكی قەیران.

بەپێی راگەیەندراوەكە، شانەكە بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران و ئەندامێتی هەریەكە لە وەزارەتەكانی كارەبا، نەوت، دارایی، ناوخۆ، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیران، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و سكرتێری دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان دەبێت.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، شانەی قەیرانەكە چەند ئەركێكی دەبێت، لەوانە گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلەی پێویست بۆ زیادكردنی سەعاتەكانی دابینكردنی كارەبا لە بەغداو پارێزگاكانی دیكە، دابینكردنی هەمو پشتیوانییەكی دارایی و تەكنیكی و لۆجستی و ئەمنی بۆ وەزارەتی كارەبا بەشێوەیەكی خێرا، بەشداریپێكردنی پارێزگاكان لە بەرهەمهێهنانی كارەباو دابەشكردنیدا، لابردنی زیادەڕۆییەكانی سەر تۆڕی كارەبا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×