باڵیۆزی ئەمه‌ریکا: جۆ بایدن لەگرنگی عێراق تێدەگات‌و هیچکات کشانەوەی یەکجاریی لەستراتیژیدا نیە
  2021-08-10       415       
ماتیۆ تولەر
باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لەعێراق ده‌ڵێت، جۆ بایدن لەگرنگی عێراق تیدەگات‌و هیچکات کشانەوەی یەکجاریی سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا لەعێراق ستراتیژیدا نیە. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ هەبونی حکومەتێکی بەهێز لەهەرێمی کوردستان‌و حکومەتێکی فێدراڵی بەهێز لەبەغدا نمویەکی سەرکەوتو دەبێت بۆ ناوچەکە بەگشتی‌و لەبەرژوەندی هەرێم‌و بەغدایە.

ئاوێنه‌: ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لەعێراق لەمیانه‌ی‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا لەگەڵ ژمارەیەک میدیای هەرێمی کوردستان، باسی چەندین بابەتی گرنگ‌و پەیوەست بەسیاسەتی وڵاتەکەی لەهەرێمی کوردستان‌و عێراق كرد.

لەبارەی مەترسی دوبارەکردنەوەی سیناریۆی ئەفغانستان لەعێراق، ماتیۆ تولەر وتی‌، جۆ بایدن لەگرنگی عێراق تیدەگات و هیچکات کشانەوەی یەکجاری لەستراتیژیدا نیە. وتیشی، "نامانەوێت عێراق ببێتە شوێنێك لێیەوە هەڕەشە لەناوچەکەو وڵاتانی دیکەش بکرێت."

سەبارەت بە دەنگۆی کشانەوەی سەربازەکانیان لەبنکەی سەربازی هەریر تولەر ڕایگه‌یاند، "ژمارەیەکی کەم سەربازمان لەبنکەی سەربازی هەریر هەیەو ئەرکیان پشتیوانی هێزی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکانه‌ لەدژی داعش، قسە کردن لەسەر گواستنەوە یان جێگۆرکێی پێیان، ئەرك و بەرپرسیارێتی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمه‌ریکایە."

لەبارەی دروستکردنی گەورەترین کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لەهەرێمی کوردستان باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لەعێراق ڕونیكرده‌وه‌ كه‌ "پێمانوایە هەبوونی حکومەتێکی بەهێز لەهەرێمی کوردستان‌و حکومەتێکی فێدراڵی بەهێز لەبەغدا نمویەکی سەرکەوتو دەبێت بۆ ناوچەکە بەگشتی‌و لەبەرژوەندی هەرێم‌و بەغدایە."

دوپاتیشیكرده‌وه‌، "کورد هاوپەیمانی گرنگی ئێمەن و ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێز بێت و لەناوەندیش کار بکەین، بۆ ئەوەی رێگە بگرین لەو هێزانەی کە سەر بەمیلیشیاکانن بێنە ناو پەرلەمان و حکومەت، بەدڵنیاییەوە ئەمەش لەبەرژەوەندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیش دەبێت."

تولەر راشیگەیاند، "له‌دوای‌ 31ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ ئەمه‌ریکا هیچ هێزێکی شەڕکەری لەعێراق نامێنیت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیه‌نێت كه‌ ئێمە هیچ سەربازێکمان لێرە نابێت، بەڵکو راوێژکار و راهێنەرمان دەمێننەوە، راوێژ و راهێنان بەپێشمەرگەو هێزەکانی عێراق دەدەن."

جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ "لەرۆژانی داهاتودا دەبینن کە هەندێك هێزمان لەعێراق دەچنە دەرەوە. داواکاری حکومەتی عێراقیش زۆر رونە بەئاشکرا وتویەتی دەمانەوێت پەیوەندی ستراتیژیمان لەگەڵ ئەمه‌ریکا بمێنێتەوە، ئەم پەیوەندییە سەربازیش دەگرێتەوە."

باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لە عێراق ئه‌وه‌شی‌ وت، "ئامانج‌و بونمان لەسەر بانگهێشتی فەرمی حکومەتی عێراقەو ئەرکمان لەناوبردنی داعشه‌، بەڵام رۆڵی خۆمان دەگۆرین بۆ راوێژکاری."

تایبەت بەهەڵبژاردنی داهاتوی عێراق، باڵیۆزی ئەمه‌ریکا پێیوایه‌ هەڵبژاردنەکان بەرێوەدەچن، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی‌، "هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێن، ئامادەکاری کراوەو نەتەوەیەکگرتوەکان‌و یەکێتی ئەوروپاش چاودێری خۆیان دەنێرن."

هیواشیخواست كه‌ هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەر پاك‌و بێ کێشە بن‌و متمانەی خەڵك بۆ پرسەی هەڵبژاردن‌و حکومەت بگەڕێتەوەو هاوکێشەی سیاسیش لەعێراق بگۆڕن‌و پارتەکانی سەر بەمیلیشیاکان بچوك بکرێنەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×