ژن‌و ناسیۆنالیزم لەکۆمارە کوردییەکەی ساڵی ١٩٤٦دا
  2021-09-17       905       
شەهرەزاد موجاب

نوسینی: شەهرەزاد موجاب*

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

* پرۆفیسۆر د. شەهرەزاد موجاب:
توێژەر و پرۆفیسۆر و چالاکوانە و لە جیهاندا بە کارەکانی  ناسراوە لە سەر کاریگەرییەکانی جەنگ، راگوێزان و ئاوارەبوون و توندوتیژی لەسەر فێربوون و خوێندنی ژن، جەندەر، کۆچ و دیاسپۆرا، فێمینیزمی مارکسی و زانستی پەروەردەی دژە رەگەزپەرستی. پرۆفیسۆری خوێندنی گەورە و گەشەکردنی کۆمەڵ، ژن و توێژینەوە جەندەرییەکانە لە زانکۆی تۆرۆنتۆ – کەنەدا. لە گەلێ زانکۆی ئەمەریکی و کەنەدی موحازەرەی لەو بوارانەی سەرەوەدا وتووەتەوە و پۆستی زانستیی بەرزی هەبووە، بەتایبەتی لە بواری جەندەردا و چەندین خەڵاتی زانستی کراوە و لە نێویاندا خەڵاتی کۆمەڵەی شاهانەی کەنەدا لە بواری توێژینەوە جەندەرییەکاندا، ساڵی ٢٠١٠. 
د. شەهرەزاد ژنێکی بە رەگەز ئێرانییە و لەدایکبووی شاری شیرازە و چەپڕەوێکی ناسراوە لە ئاستی جیهاندا لە بوارە جۆراوجۆرەکانی مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی ژن و جەندەر بەتایبەتی. هاوسەری پرۆفیسۆر د. ئەمیری حەسەنپوور بووە کە زانایەکی ناسراوی بواری زمان و ناسیۆنالیزم بووە و لە بنەچەدا کوردی مهاباد بووە و لە زانکۆی تۆرۆنتۆی کەنەدا پۆفیسۆر بووە و ساڵ ٢٠١٧ لەو وڵاتە کۆچی دوایی کردووە.
ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە کتێب و لێکۆڵینەوەکانی:
•Mojab, Shahrzad, ed. (2015). Marxism and Feminism. London: Zed Books.
-مارکسیزم و فێمینیزم (٢٠١٥) ......
•Mojab, Shahrzad (ed.). Women, War, Violence, and Learning. London: Routledge.
-ژن، جەنگ، توندوتیژی وخوێندن و فێربوون .......
•Mojab, Shahrzad; Carpenter, S. (eds.). Educating from Marx: Race, Gender, and Learning. New York: Palgrave.
-فێربوون لە مارکسەوە: رەگەز، جەندەر و خوێندن و فێربوون ........
•Mojab, Shahrzad; Abdo, N., eds. (2004). Violence in the Name of Honour: Theoretical and Political Challenges. Istanbul: Bilgi University Press. ISBN 975-6857-98-6.
-توندوتیژی بە ناوی شەرەف و نامووسەوە: تەحەدا تیۆری و سیاسییەکان (٢٠٠٤) ........
•Mojab, Shahrzad, ed. (2001). Women of a Non-State Nation: The Kurds. Translated into Turkish by Fahriye Adsay, Sema Kiliç, and Ekin Uşaklı. Costa Mesa, California: MAZDA Publishers. ISBN 1-56859-093-8.
-ژنان و گەلێکی بێدەوڵەت: کوردەکان (٢٠٠١) ........ (ئەم کتێبە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە تورکی). ئەو بابەتەی ئێمە لێرەدا کردوومانە بە کوردی، بەشی سێهەمی ئەم کتێبەیە.
•Bannerji, H.; Mojab, Shahrzad; Whitehead, J., eds. (2001). Of Property and Propriety: The Role of Gender and Class in Imperialism and Nationalism. Toronto: University of Toronto Press.
-خاوەندارێتی و ئادابی کۆمەڵگە: رۆڵی جەندەر و چین لە ئیمپریالیزم و ناسیۆنالیمدا (٢٠٠١) ..........
•Mojab, Shahrzad; Hojabri, A, eds. (2000). Women of Iran: A Subject bibliography. Cambridge, MA: Iranian Women's Studies Foundation. ISBN 0-9701413-0-0.
-ژنانی ئێران: بابەتێکی بیبلۆگرافی (٢٠٠٠). کامبریج، MA: دامەزراوەی توێژینەوەی ژنانی ئێرانی .....

___________________

 

هەرچەندە کورد وا ناسراون کە گەورەترین گەلی "بێدەوڵەتن" لە جیهاندا، بەڵام مێژوویەکی     دوور و درێژیان هەیە لە حوکمی سەربەخۆییدا. یەکەم مێژووی کوردەکان، شەرەفنامە      Sharaf – Name  ساڵی ١٥٩٧ لەلایەن شەرەفخانەوە نووسراوە، کە حوکمڕانی میرایەتیی بەهێزی بەدلیس بووە. ئەو مێژووی بنەماڵە و رووداوەکانی نووسیوەتەوە چونکە مێژوونووسان مێژووی "حوکمڕانانی کوردستان و بارودۆخیان فەرامۆش کردووە". بە گوێرەی ئەم سەرچاوەیەی کە لە سەر ئاستێکی بەرفراوان ناسراوە، حکوومەتداریی کورد لە فۆرمی بەربڵاوی حوکمی سەربەخۆیی پێکهاتووە، کەوا لە حوکمی پاشایەتییەوە دەیگرێتەوە (سەڵتەنەت) تا حوکمی میرنشینە نیمچە سەربەخۆکان. ئەم سیستەمە تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە بەردەوام بوو، کاتێ کە هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانی هێزی سەربازییان بەکارهێنا بۆ رووخاندنی دوا شەش میرنشینەکەی کورد.   
 دروستکردنی دەوڵەت بوو بە چەق و تەوەری خەبات و تێکۆشانی بزووتنەوە نەتەوەییەکانی کورد بە درێژایی سەدەی بیستەم. بایەخدارترین ئەزموون کە دەکرێ جیابکریتەوە لە پێکهێنانەکانی دەوڵەتی پێش مۆدێرن، کۆمارە کوردییەکەی ساڵی ١٩٤٦ بوو، کە لە باکووری رۆژهەڵاتی کوردستاندا دروستکرا و ئێستا بەشێکە لە باکووری رۆژئاوای ئێران. دەکرێ ئەم دەوڵەتە لە دەوڵەتە پێش مۆدێرنەکانی بەر لەخۆی جیابکرێتەوە نەک هەر لەبەر فۆرمە کۆمارییەکەی، کەوا لە لایەن پارتێکی سیاسی و ئەنجومەنێکی وەزیرانەوە بەڕێوەدەبرا بەڵکو لەبەر سیستەمی خوێندنی مۆدێرنی، میدیای مۆدێرنی، سوپای نیشتمانی، سیستەمی باجی، سروودی نیشتمانی، ئاڵای نیشتمانی، زمانی نەتەوەیی و ئاڕاستەکردنی ژنان بەرەو ژیانی خوێندەواری و کولتووری و سیاسی.
لەکاتێکدا کە ئامادەگیی ژنان لە ژیانی خوێندەواری و رۆشنبیری و سیاسیی کۆمارە کوردییەکەدا جیایدەکردەوە لە هەموو فۆرمە پێش مۆدێرنەکانی حکوومەتداریی کوردی، ئەم فەسڵە مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکات کە پیادەکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە هەردوو حاڵەتەکەدا لە دەستی پیاودا بوو. لەڕاستیدا خەباتی نەتەوەیی لەپێناوی سەربەخۆییدا، زیاتر وەک یاسای نێودەوڵەتی کە پشتیوانیی لە چارەی خۆنووسینی کورد دەکات بەتەواوی سیاسەتێکی بندەسەڵاتی پیاوە (بڕوانە ماکدۆناڵد، لەم بەشەدا).
 ئەم بەشە یان فەسڵە باس لە بەشداری و تێهەڵکێشبوونی ژنان دەکات لە کاروباری سیاسەتدا کە بە نەریت دەسەڵاتی پیاو بەسەریدا زاڵە لە کۆمارە کوردییەکەدا. ئەمەش پشت بە رووماڵێک دەبەستێت بۆ بڵاوکراوە و بەڵگەنامەکانی دەوڵەتەکە و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو ژن و پیاوانەی لە سایەی رووماڵکردنی گۆڤارەکەدا ژیاون. حکوومەت، لە ماوەی ئەو مەودا کورتەی ژیانیدا ژمارەیەک هەنگاوی نا بەرەو بەشداری پێکردنی ژنان لە ژیانی گشتیدا. بەهەرحاڵ، ژنان چوونە ناو ژینگەیەکی نامۆ و نائاساییەوە لە پشتیوانیکردنی پرسی نەتەوەییدا و زۆربەیان وەک چالاکوان لە بزووتنەوەیەکی ژنان یان وەک سەرکردە یان کادری چالاک لە نێو حیزبی حوکمڕاندا. سەرکردە پیاوەکانی ئەم جووڵانەوە نەتەوەییە لە رۆڵی "شایستە" و "شەرەفمەندانەی" ژنانیان دەڕوانی    هێما و ئیکۆنی گەل و نیشتمانێکی مۆدێرن و وەک شکۆ و شانازییەکیش بۆ "دایکانی نیشتمان" لەقەڵەمیاندەدا. 


ناسێۆنالیزمی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت

لە پاش رووخانی میرنشینەکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا داواکاریی بۆ دەوڵەتێکی کوردی بەردەوامیی هەبوو لە ئەجێندای بنەماڵە لەسەرکار لابراوەکانی میرەکانەوە. حاجی قادری کۆیی (١٨١٨ – ١٨٩٧)، کە مەلا و شاعیرێک بوو کۆچی کرد بۆ ئەستەمبووڵ، بانگەشەی هەستان و رابوونی بۆ کورد دەکرد لەپێناوی دروستکردنی دەوڵەتی خۆیاندا. ئەو هانی کوردی دەدا بۆ بەکارهێنانی زمانی خۆیان و ئەدەبی زارەکی و نووسراوی خۆیان کۆبکەنەوە و چاپ و بڵاوی بکەنەوە و زانستی نوێ و سێکولار بەدەستبێنن و بواری خوێندن بۆ مێیننە بڕەخسێنن و بکەونە بڵاوکردنەوەی رۆژنامە و گۆڤار. سەرەڕای ئەوەش، هەر لە دەسپێکی سەدەی بیستەمەوە ئینتلێجێنتسیایەکی نوێ پەیدابوون، کەوا لەو فێرگە و قوتابخانە نوێیانەدا خوێندبوویان کە دەوڵەتانی عوسمانی و ئێران دروستیانکردبوون. لە شاری ئەستەمبووڵی پایتەخت و ناوەندە شارستانییەکانی تردا، ئەم چالاکوانانە کەوتنە بڵاوکردنەوە و کار ڕێکخستن. بزووتنەوەی تورکە لاوەکان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا و هاوزەمان لەگەڵ بزووتنەوە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی ئەوروپا و ئاسیادا هانی ئایدیای نەتەوەیی و دەوڵەتێکی مۆدێرنی نەتەوەییان دەدا. یەکەم رۆژنامەی کوردی لە ساڵی ١٨٩٨دا بڵاوکرایەوە و بەدوایشیدا یەکەم رێکخراوی سیاسی لە ساڵی ١٩٠٨دا دامەزرا (بڕوانە کڵەین، لەم بەشەدا). لەگەڵ ئەوەشدا، ڕابەرایەتیی ئەم چالاکییانە لە دەستی ئەروستکراتییەتی زەویدا بوو.
 جەنگی جیهانیی یەکەم وێرانکارییەکی هێجگار گەورەی لە کوردستاندا بەرپاکرد. لە پاش جینۆسایدکردنی گەلی ئەرمەن لە ساڵی ١٩١٥دا، دەوڵەتی عوسمانی سەدان هەزار کوردی بۆ ڕۆژئاوای تورکیا ڕاگواست و زۆریان مردن پێش ئەوەی بگەنەجێ. بەهەرحاڵ، ئیمپراتۆرییەت لە جەنگدا دۆڕا و زۆربەی خاک و قەڵەمڕەوی لە نێوان زلهێزە ئەوروپییەکاندا دابەشکرا. هەردوو دەوڵەتی نوێی عێراق و سووریا لەلایەن بەریتانیا و فەرەنساوە دروستکران و وەک ئەنجامێک کوردستانی عوسمانی لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتە تازە دروستکراوە و تورکیادا دابەشکرا. براوەکانی جەنگ لە پەیمانی سیڤەری ساڵی ١٩٢٠دا بەڵینی دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردییان دا. بەهەرحاڵ، بەر لە دروستکردنی ئەم دەوڵەتانە، عوسمانییەکان لەم شکستخواردنە هاتنەوە سەرخۆیان و هێزەکان لەلایەن مستەفا کەمالەوە رێکخرانەوە و هێز و دەسەڵاتێکی کاریگەری دروستکرد لەوەی کە لە ئیمپراتۆرییەت مابووەوە، کە ئەو خاکەی ئەمڕۆی تورکیایە. لە سایەی گۆڕینی گۆڕانی تەرازووی هێزەکاندا پەیمانی سیڤەر گۆڕا بە پەیمانی لۆزان، کە باسی دامەزراندنی دەوڵەتێکی بۆ کورد تێدا نەهاتبوو. لە ساڵی ١٩٢٣دا، تورکیا وەک کۆمارێک راگەیەنرا و دەسبەجێ کەوتە تواندنەوەی کورد لە ناو رژێمی ئیتنۆ – ناسیۆنالیستی نوێدا.
خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی بەردەوام بوو لە ژێر سایەی سیاسەتی "بەمۆدێرن کردن" و سەنتراڵیزەکردنی حکوومەتەکانی دوای جەنگدا. لە ئەنجامی ئەمەشدا زنجیرەیەک ڕاپەڕین و شۆڕشی گەورە بەرپابوون لە نێوان ساڵانی ١٩٢٥ و ١٩٤٢دا لە ئێران و تورکیا و عێراقدا و بەتوندی سەرکوتکران. لە ژێر داگیرکاریی بەریتانیا و ماندێتی بەسەر عێراقدا، حکوومەتێکی سەربەخۆ دەسەڵاتی گرتەدەست بە سەرکردایەتیی شێخ مەحموود، کە ڕابەرێکی ئاینی و فیوداڵێکی خاوەن مڵک بوو، لە کۆتایی ساڵانی ١٩١٠ و سەرەتای ١٩٢٠کاندا. شێخ مەحموود بەرهەڵستیی ئەو سنووردارکردنی دەسەڵاتەی دەکرد کە بەریتانیا بەسەریدا سەپاندبووی و خۆی وەک مەلیکی کوردستان ڕاگەیاند. بەهەرحاڵ، حکوومەتەکەی هاوشێوەی میرنشینەکان بوو کە لەسەر شێوازی دەرەبەگایەتیی (فیوداڵیی) کۆن رێکخرابوو، سەرەڕای کابینەکەشی سوپایەکی نیمچە مەشقپێکراو و رۆژنامە و بڵاوکراوەی حکوومیشی هەبوو. بەڵام حیزبی سیاسیی نەبوو و هەموو دەسەڵات لە ژێر دەستی شێخ مەحموودا بوو و سەرۆکە فیوداڵەکان لەلایەن خۆیەوە دادەمەزران. هیچ گۆڕانکارییەکیش رووینەدا لە ژیانی ژنان و جووتیاراندا کە زۆربەی زۆری دانیشتووانیان پێکدەهێنا. 
  ئەم سەرلەنوێ دابەشکردنەی کوردستان کاریگەریی جۆراوجۆری هەبوو لە سەر گەشەکردنی کورد وەک گەل و نەتەوە. لەکاتێکدا لە فیوداڵیزم و خێڵەکێتی لە دێهاتی کوردستاندا باڵادەست بوو، کۆمەڵگەی کورد لە ئەرمینیای سۆڤیێتیدا لە گۆڕان و وەرچەرخانێکی سۆشیالیستانەدا بوو لە ناوچە ئۆتۆنۆمیدارەکەی ساڵانی (١٩٢٣ – ١٩٢٩)یاندا لە ناگۆڕنۆ - قەرەباغ. لەکاتێکیشدا کە تورکیا و ئێران کوردیان خستبووە بەر سەختترین شێوەی لەناوبردنی رەگەز و زمان (ethnocide linguicide)، دەسەڵاتی ماندێتی بەریتانیا لە عێراقدا، لە ژێر سەرپەرشتیی کۆمەڵەی گەلاندا، ئازادیی بەخشییە کوردەکان لە بەکارهێنانی زمانی خۆیاندا بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە و خوێندنی سەرەتایی. هەرچەندە زۆربەی گەورەساڵانی کورد تا ئەودەمە نەخوێندەوار بوون، بەڵام کوردەکانی یەکێتیی سۆڤیێت تا ساڵانی ١٩٣٠کان بەتەواوی بوون بە خوێندەوار. گەلی کورد لە ساڵی ١٩١٨وە لە ژێر حوکمی سیستەمی  سیاسیی جۆراوجۆردا ژیانیان بەسەردەبرد، لە فەرەنسییەوە (سووریا ١٩٢٠ – ١٩٤٦) و تا ماندێتی بەریتانی (عێراق ١٩٢٠ – ١٩٣٢) بۆ پاشایەتیی سێکولار (ئێران ١٩٢٥ – ١٩٧٩، عێراق ١٩٣٢ – ١٩٥٨)، ئاینی یان تیۆکراسی (ئێران لە ساڵی ١٩٧٩وە) و رژێمە کۆمارییەکانی عەلمانی و ناسیۆنالیستی پەڕگر (تورکیا لە ١٩٢٣وە، عێراق لە ١٩٦٣وە، سووریا لە ١٩٦٣وە).
کاتێ کە یەکەم حکوومەتی کوردیی شێوە مۆدێرن هاتەکایەوە، کە ئەویش کۆماری کوردیی ساڵی ١٩٤٦ بوو کە لە ئێران دامەزرا، مۆرکی دێهات زاڵ بوو بە سەر کۆمەڵگەی کوردیدا لەگەڵ سیستەمێکی پەرەسەندووی بەهێزی پەیوەندیی دەرەبەگایەتی ئەگەرچی پێکهاتەی خێڵەکی بەرەو پاشەکشە دەچوو، بەڵام دانیشتووانی شارنشین بە چەسپاوی گەشەیان دەکرد ئەگەرچی بە خاوی هەنگاوی دەنا لەگەڵ بورجوازییەتی بچووکی بازرگانی و توێژێکی خوێندەواری سێکولاردا. هیچ ئاسەوارێکی پەرەسەندنی پیشەسازیی نوێ و پرۆلیتاریایەک لەئارادا نەبوو تەنها لە پیشەسازیی نەوتدا نەبێت لە قەراخ و بیجاخی کوردستاندا لە کەرکووک و کرماشان. بەشبەشبەش کردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی بە هۆی سنوورەکانی دەوڵەتە نەتەوەییەکانەوە پرۆژەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی زیاتر ئاڵۆز کرد سەبارەت بە بنیاتنانی نەتەوە و دەوڵەت. 

 

سەرهەڵدان و رووخانی کۆمارە کوردییەکە
پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردی لە سایەی ئەو بارودۆخە ستراتیجییەی لە سەرەوە باسکرا لە حاڵەتێکی مەحاڵ دەچوو. بەهەرحاڵ، جەنگی جیهانیی دووەم هاوسەنگیی هێزی لە ناوچەکەدا گۆڕی و هەلومەرجێکی لەباری خولقاند بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ئێراندا. پاش ئەوەی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٤١دا هێرشی کردە سەر یەکێتیی سۆڤیێت، هەردوو هێزی هاوپەیمان، بەریتانیا و یەکێتیی سۆڤیێت ئێرانیان داگیرکرد، لەبەر ئەوەی نەوەک ئەڵمانیا دەسپێشخەری بکات و وڵاتەکە داگیر بکات، کە لە سایەی حوکمی رەزا شادا بە لای ئەڵمانیادا دایدەشکاند. هێزەکانی سۆڤیێت باکووری ئێرانیان داگیرکرد و لە هەمان کاتیشدا هێزەکانی بەریتانیا باشووری وڵاتەکەیان گرت و ناوچەیەکی بچووکی جیاکەرەوەیان لەنێوان خۆیاندا هێشتەوە. 
کوردەکانی باکووری کوردستان بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لە هاتنی سوپای سوور کرد، هەر هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی بوو بە هۆی هەڵوەشانەوەی خێرای دامودەزگا ستەمکارەکانی دەوڵەتەکەی ڕەزاشا، واتە پۆلیس و سوپا و جاندارمیری (جەندرمە، دەرەک). بە لاوازکردنی دەوڵەتی پەهلەوی، هەستی نەتەوەیی کورد و تورکە ئازەربایجانییەکانی دراوسێیان ئاشکرابوو. هێزە داگیرکەرەکانی سۆڤیێت پابەند بوون بە رێزگرتن لە یەکگرتوویی خاکی دەوڵەتی ئێران تا ئەو دەمەی خاکی وڵاتەکەیان لەژێر دەستتدا دەمێنێتەوە لە کاتی جەنگدا. بەهەمان شێوە بایەخیشیان بە پاراستنی یاسا و نیزام دەدا لە کوردستان و ئازەربایجاندا کەوا بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک ڕاڕەو بەکاریان دەهێنا بۆ ناردنی هاوکاری و یارمەتیی پێویست بۆ بەرەکانی شەڕ لە ستالینگرادەوە بۆ لینینگراد. بەو پێیە، یەکێتیی سۆڤیێت ناسیۆنالیزمی کوردی یان ئازەربایجانییان هان نەدەدا و پەکیانخستبوون، بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٤١وە تا ١٩٤٥. بەڵام سەرەڕای ئەم سنووردارکردنانەش هەردوو ناسیۆنالیزمی کورد و ئازەربایجانی گەشەیەکیان بەخۆیانەوە بینی.
تەنانەت لە پێش کۆتایی جەنگیشدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان یارمەتیی شای نوێی ئێرانیان دەدا بۆ بنیاتنانەوەی سوپا و دەرەک. خەڵک لە سەرانسەری ئێراندا خەبات و تێکۆشانیان دەکرد لە پێناوی دێموکراسی و سەربەخۆبوون لە بەریتانیا و هەژموونی روولەزیادی ئەمریکا. کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا داوای ئیمتیازی نەوتی باکووری ئێرانیان دەکرد لە حکوومەتی ئێران، کە نزیکی کێڵگە نەوتییەکانی باکۆ بوون. یەکێتیی سۆڤیێت ئەمەی وا لەقەڵەمدا کە نەخشە و پلانێکی ئەمریکی بێت بۆ دامەزراندنی بنکەی چاودێری لە سنووری کۆمارەکانی قەوقازیدا.
هێزە رۆژئاواییەکان و بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەرچەندە شکستخواردنی ئەڵمانیا خۆشحاڵی کردن و لایان بایەخدار بوو، بەڵام نیگەران بوون لە سەرکەوتنەکانی سۆڤیێت و لێی سڵەمینەوە و بە هەمان شێوەش لە سەرکەوتنی حیزبە کۆمۆنیستەکان لە یۆنان و ئەلبانیا و یۆگوسلاڤیا و چین و شوێنەکانی تری جیهان. ئەم سەرکەوتنانە بوون بە پشتیوان بۆ بزووتنەوە سۆشیالیستی و نیشتمانییە رزگاریخوازییەکان لە ئێران و وڵاتە ئاسیاییەکانی تردا. بە هۆکاری گۆڕانی بارودۆخی سیاسی لە دواساڵی جەنگدا هێزە رۆژئاواییەکان هەوڵی ڕاگرتنی هەڵکشانی بزووتنەوە دژە کۆڵۆنیاڵییەکانیان دەدا. ویلایەتە یەکگرتووەکان وایان دەڕوانییە ئێران و تورکیا و یۆنان کە ناوچەی ستراتیجیی سەرەکی بن بۆ دامەزراندنی بنکەکانیان دژ بە یەکێتیی سۆڤیێت و ئابڵووقەدانی بزووتنەوە کۆمۆنیستەکان لە وڵاتانی بەڵکان و رۆژئاوای ئاسیادا. ناکۆکی و ململانێی تر، کە هەندێکیان کۆن و هەندێکیشیان نوێ بوون، لە نێوان یەکێتیی سۆڤیێت و هێزە رۆژئاواییەکاندا لە ئەوروپا و ئاسیا هاتنە بەرپاکردن بە کۆتاییهاتنی جەنگ لە ساڵی ١٩٤٥دا.
  بەگوێرەی ئەم بارودۆخە، یەکێتیی سۆڤیێت رەتیکردەوە هێزەکانی لە باکووری ئێران بکشێنێتەوە پاش ئەوەی کە جەنگ کۆتایی هات. بێجگە لەوەش مۆسکۆ هانی ناسیۆنالیستەکانی ئازەربایجان و کوردستانی دا حکوومەتی سەربەخۆی خۆیان پێکبێنن لە چوارچێوەی دەستووری ئێراندا. لە دیسەمبەری ساڵی ١٩٤٥دا "حکوومەتی نیشتمانیی ئازەربایجان" دامەزرا و لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦دا "کۆماری کوردستان" لە مهاباد راگەیەنرا٢. هەردوو رژێمە سەربەخۆکە بوون بە پێگەی ململانێی نێوان رۆژئاوا بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەریتانیا و ئێرانی پاشایەتی و یەکێتیی سۆڤیێت و کوردەکان و ئازەربایجانییەکان. بە هاوکاریی رۆژئاوا ئێران مەسەلەی رەتکردنەوەی کشانەوەی سۆڤیێتی گەیاندە نەتەوە یەکگرتووەکانی تازە دروستبوو. پاشان لە مایسی ١٩٤٦دا دوا یەکە سەربازییەکانی یەکێتیی سۆڤیێت لە ئێران کشایەوە و شەش مانگ دواتریش لەشکری ئێران هێرشی کردە سەر هەردوو حکوومەتەکە بە بیانووی "پاراستنی یاسا و نیزام" لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی ئێراندا. هەردوو رژێمە ئۆتۆنۆمیدارەکە، کە یەکێتیی سۆڤیێت قەناعەتی پێکردبوون، بەرگرییان نەکرد و لە دیسەمبەری ١٩٤٦دا بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی رووخان، کە بوو بە هۆی لەسێدارەدانی سەدان کەس لە سەرکردە و بەشدارانی ئەو بزووتنەوەیە.

 

ژنانی نیشتمان
کۆمارە کوردییەکە لەلایەن حیزبی دیموکراتی کوردەوە (حدک) دامەزرا، کە لە مانگی ئابی ١٩٤٥دا دروستکرا و لە ئەنجامی هەڵوەشانەوەی "کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستانەوە" و بە کوردی بە "کۆمەڵەی ژێ کاف" دەناسرا، هاتەکایەوە. ئەم رێکخراوە نهێنی بوو و بانگەشەی دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردیی دەکرد کە هەموو پارچەکانی کوردستانی گەورە لەخۆبگرێت و چەندین بڵاوکراوەی دەردەکرد و تێیاندا هەڵوێستی خۆی لە مەسەلە سیاسییەکان دەردەبڕی و سەرقاڵی پەخشنامە و بڵاوکردنەوەی نهێنی بووبوو، بۆ نموونە، هۆنراوەی نەتەوەیی و نیشتمانی و رۆژژمێری کوردی و گۆڤارێکی زۆر بەناوبانگ بە ناوی "نیشتمان". فرەجار وا لەقەڵەم دەدرا کە یەکەم حیزبی نەتەوەیی ئاسۆ مۆدێرنە. دامەزرێنەرەکانیشی ئەندامانانی نێرینەی بۆرجوازییەتی بچووکی شارستانی بوون و رێکخراوەکە بە رێکخراوێکی خێڵەکی و فیوداڵیزم دادەنرا، یان وردتر بڵێین، خاوەن زەوییە خێڵەکی و فیوداڵە نانەتەوەییەکان رێگر بوون لە بەردەم گەشەکردنی نەتەوەی کورد و بزووتنەوە سیاسییەکەیدا. هەرچەندە ئەم حیزبە بانگەشەی ریفۆرمی زەویوزاری نەدەکرد بەڵام یەکەم رێکخراو بوو کە داوای چاککردنی ژیان و گوزەرانی جووتیارانی دەکرد.
دوژمنە دەرەکی و سەرەکییەکانی کۆمەڵە هەر چوار دەوڵەتی ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا بوون کە حوکمی کوردستانیان دەکرد و نکووڵییان لە مافە نەتەوەییەکانی کورد دەکرد. هەڵبەت دوژمنە ناوخۆییە سەرەکییەکانیش خێڵەکێتی و نەخوێندەواری و دواکەوتوویی ئابووری و پیشەسازی بوو. لە چوارچێوەی ئەم کارەدا هەندێ جار داوا لە ژنان دەکرا بچنە پاڵ پیاوان و بەشداریی رزگاریی دایکی نیشتمان بکەن. لە چامە شیعرێکدا بە ناوی "گفتوگۆی برایان و خوشکان"، کە لە گۆڤاری "نیشتمان"دا بڵاوبووەتەوە (‌هێمن ١٩٤٣ – ١٩٤٤ : ٢٣ – ٢٤)، خوشکەکە بە براکەی دەڵێ کە چیتر ستەم و سەرشۆڕی قبووڵ نەکات چونکە گەلانی تر هەموو رزگاریان بوو و دەبێ ئەویش ژیان و ماڵی خۆی بەخت بکات بۆ دایکی نیشتمان. ئەوجا براکەش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێ: 
دادە گیان، کچە کوردی ژیکەڵە
داوێنی پاکت دووربێ لە پەڵە
لینین هەڵستا زوڵمی "چار" شێوا
تۆ هێشتا حەپسی لە ژێر چارشێوا
کچی هەموو کەس ئیمڕۆ سەربەستە
هەر هەقی کچی کوردە پێپەستە
بیپسێنە لە پێ تۆ زنجیر و کۆت
"دادە" گیان بدە یاریی "برای" خۆت
لە ڕێی نیشتمان بەهیوای خودا
خەریکی کاربین با خوشک و برا
لە گوین "ژان دارک" هەستە وەک مەردان
دوژمن وەدەرنێ لە خاکی کوردان
(تێبینی: ئەم کۆپلە شیعرە بە سوپاسەوە برای ئازیزم مامۆستا فەرهاد شاکەلی لە گۆڤاری "نیشتمان"ی سەردەمی کۆماری کوردستان دەریهێناوە و بۆی ناردووم و لێرەدا وەک خۆی دامناوەتەوە لەبری ئەوەی جارێکیتر لە وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەی خاتوو شەهرەزاد موجابەوە بیکەمەوە بە کوردی کە بێگومان وەک دەقە رەسەنەکە دەرناچێتەوە – وەرگێڕ).  
   ئەم بابەتە لە زۆرێک لە هۆنراوەی نەتەوەیی بە درێژایی ئەم سەدەیە دووبارەبووەتەوە. مێینەی کورد داوێنپاک و جوانە، بەڵام ئەمیش وەک پیاوانی کورد لەلایەن دوژمنەوە ستەملێکراوە. ئەویش بە هاوکاریی پیاوان، دەتوانێت وەک جان دارک، نیشتمانی دایک رزگار بکات. هەمان ژمارەی گۆڤارەکە کورتەباسێکی تێدایە لە سەر "خانمە شاعیرێکی کورد بە ناوی حەیران خانمی دونبولی" (١٩٤٣ – ١٩٤٤ : ٢٩ – ٣٠). هۆنراوەکە بە فارسی نووسراوە و پێدەچێت تەنها بۆ ئەوە باسکراوە بۆ دەرخستنی داهێنانی ژنی کورد لە شیعردا. 
دواین ژمارەی گۆڤاری "نیشتمان"، (٧، ٨، ٩ ، بەهاری ١٩٤٤: ١٠) وێنەیەکی فۆتۆگرافی دوو کچی کوردی تێدایە کە لە تورکیا لەسێدارەدراون. ئەو شیعرانەی لە ژێر وێنەکەدا نووسراون وێنەیەکی نموونەیی ژنان دەخەنەڕوو لە لایەن نەتەوەپەروەرەکانەوە:
هەر کە ئەو سوێندی خوارد کەسێکی تر دەڵێ ئادەی
بێغیرەت بیت وەکو ژنان، دەرپێی ژنانت لەپێدابێت!
 چ کوڕێک لە جیهاندا هەیە وەک ئەم دوو کچە
ببێتە هێما و سیمبۆڵێک، لە سیاسەتدا، بۆ مەسەلەی دایکی نیشتمان؟
ئەم دوو نەمامە بۆ نیشتمانی دایکی کورد بوون بە قوربانی
وەی لە بەختەوەریی ئەو کوڕەی لەم دوو کچە بچت!
   ئەم چامە شیعرییە بە شان و باڵی ئەو ژنانەدا هەڵدەدات کە شەڕی دوژمن دەکەن، بەڵام هەموو ژنان دەخاتە بەر توندوتیژیی سیمبۆڵیکی باوکایەتی (پاتریارکی) – کە تووڕیاندەداتە لاوە و تەنانەت پۆشاکیشیان بە "دزێو" دادەنێت. دەکرێ ژن و پیاو تەنها لە ڕێگەی خەبات و تێکۆشانەوە لەپێناوی رزگارکردنی نەتەوەدا یەکسانی بەدەستبێنن، لەگەڵ ئەوەشدا لە حاڵەتی ژناندا مەسەلەی سێکس و زایەندی لە پرۆژەی بنیاتنانی نەتەوە و گەل دانابڕێت و پاک و خاوێنیی نەتەوە و هێزی لە داوێنپاکیی ژنەکانی جیانابێتەوە. ئەگەر پێویست بێت دایکی نیشتمان لە هەژموونی بێگانە پاکبکرێتەوە، ئەوە دەبێت ژنی نموونەییش پاکژ و پاکیزە بێت لە ڕووی شەرع و یاساوە.
   کۆمەڵەی ژێ کاف بنیاتنانی یەک نەتەوەی کوردی بە ئامانج گرتووە، لە ڕێگەی دروستکردن و پێکهێنانی دەوڵەتێکەوە کە حوکمی کوردستانی گەورە بکات، بەڵام سروشتی ئەم دەوڵەتە بە ڕوونی باس نەکراوە، ئەگەرچی رێکخراوەکە رایگەیاندووە کە "دێموکراسیی" یەکێک دەبێت لە مادەکانی دەستوورەکەی "مەرامنامە"٣. بەهەرحاڵ، وەک کۆمەڵەش، بزووتنەوە نەتەوەییەکانی تر، تەنها یەک بیر و باوەڕ لەبارەی دێموکراسییەوە مێشکی داگیرکردبوو، کە ئەویش سەربەخۆیی و رزگاربوون بوو لە حوکمی داگیرکەری بێگانە. رێکخراوەکە دەمیشی دەکوتا بۆ پێداویستییەکانی دیکەی ژیانی دێموکراسی، چەشنی یەکسانیی جەندەریی نێوان نێوان هەردوو رەگەزی نێر و مێ، کەچی تەنانەت بیریشی نەکردبووەوە لە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە فیوداڵییەکان. ژن لای ئەوان مڵک و خاوەندارێتی و پاکی و دایکی نیشتمان بوو.  
بێجگە لە پرۆپاگەندە لە ڕێگەی میدیای چاپەمەنی و شیعرەوە. کۆمەڵە شانۆی بە سەرکەوتوویی بەکاردەهێنا لەپێناوی برەودان بە مەسەلەی نەتەوەیی. یەکەم نمایشی شانۆیی لە بەشەکانی باکووری کوردستانی ئێراندا کە لە سیناریۆ و دەرهێنانی کۆمەڵە بووبێت، شانۆیی "دایکی نیشتمان" بوو. لەم درامایەدا دایکی نیشتمان کۆت و زنجیر کرابوو بە جلی رەش و سەری سپییەوە و داوای لە "رۆڵە" بەشمەینەتەکانی دەکرد لە کۆیلەیی و ستەمی حوکمی ئێران و تورک و عێراقییەکان رزگاربن. ئەم دیمەنەی نمایشەکە فرمێسکی لە چاوی جەماوەری ئامادەبووان هێنا. لە پەردەیەکی تری نمایشەکەدا، رۆڵەکانی دایکی نیشتمان بە دەم داواکاری و بانگەوازەکەوە چوون و چەکیان هەڵگرت و داگیرکەرانیان راونا و دایکەکەیان رزگار کرد. کردارەکەی ئەم دواییە وێنای گەیشتن بە دەسەڵات دەکات لە نیشتمانی دایکدا، کە ئەویش پێکهێنان و دروستکردنی دەوڵەتی کوردییە. هەر پێنج پەردەکەی شانۆییەکە و پشوودانی نێوانیان خوێندنەوەی شیعری حاجی قادری کۆیی و چەندین گۆرانی و سروودی نەتەوەیی تێکەوتبوو. شانۆییەکە، کە چەندین جار لە مهاباد و شارەکانی تردا نمایش دەکرایەوە، کاریگەرییەکی قووڵی دروستکرد و وەک ساتەوەختێکی شکۆدار لە یادەوەریی میللیی خەڵکی ناوچەکەدا مایەوە. بە بێ سەرسوڕمان، کۆمەڵە کە بەرهەمهێنی شانۆییەکە بوو، نەیویست یان نەیتوانی ئەکتەرێکی مێینە بدۆزێتەوە کەوا رۆڵی دایکی نیشتمان ببینێت و سەرجەمی دەستە و تاقمی ئەکتەران نێرینە بوون. تەنانەت هەندێ لە کوڕە ئەکتەرە گەنجەکانیش تووشی رێگری بوون لەلایەن باوکە دەسڕۆ و دەوڵەمەندەکانیانەوە، کە وا دەیانڕوانییە ئەم کاری دڵخۆشکردن و رۆڵبینینی چینی خوارەوە تێیدا کارێک بێت کە نەگونجاو بێت لەگەڵ شکۆ و ناوبانگی چینایەتیی ئەواندا٤. 

 

بنیاتنانی نەتەوە لە کۆمارە کوردییەکەدا
کۆمار کە یەکەم ئەزموون و تاقیکردنەوە بوو لە پێکهێنانی حکوومەتێکی سەربەخۆی شێوە مۆدێرندا، لە پراکتیکدا لە دەوڵەتی ئێران سەربەخۆ بوو. دامەزرێنەری کۆمارەکەش سەرۆکێکی خێڵەکی یان فیوداڵ نەبوو بەڵکو لەڕاستیدا حیزبێکی نوێ بوو، کەوا کۆپییەکی ریفۆرمکراوی کۆمەڵە بوو. گۆڕانکاریی سەرەکیی رێکخراوەکە ئەوەبوو کە داواکاریی دروستکردنی کوردستانی گەورەی پشتگوێ خست و ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر بە هۆی بوونی سۆڤیێتەوە بوو لە ناوچەکەدا کە پشتیوانیی لە هەردوو حکوومەتی سەربەخۆی ئازەربایجان و کوردستان دەکرد بەڵام پابەندی پاراستنی یەکگرتوویی خاکی دەوڵەتی ئێرانیش بوو.
لە لایەنی دیمۆگرافییەوە، شاری مهابادی پایتەخت رۆڵی بچووک بوو لە بەرانبەر دێهاتدا کە لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆک خێڵ و فیوداڵە خاوەن زەوییەکاندا بوو. حیزبی دێموکراتی کورد هیچ کارێکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیی دەرەبەگایەتیی زەویوزار نەکرد، یان تەنانەت ریفۆرمیش تێیدا و جووتیارەکانی لە ژێر بارودۆخی زەویبەندەییدا بەجێهێشت. هەڵبەت شکستهێنان لە هەڵوەشانەوەی پەیوەندییە دەرەبەگایەتییەکاندا کارەساتی لێکەوتەوە. لە ڕووی سیاسییەوە، زۆربەی دانیشتووان لە ژێر کۆنترۆڵی راستەوخۆی فیوداڵەکان و سەرۆکە خێڵەکییەکاندا مانەوە. لەبەر ئەوە جووتیارەکان ئەو هاووڵاتییانەی کۆمارەکە نەبوون کەوا لە مافەکاندا یەکسان بن بە خەڵکی پایتەخت. بێجگە لەوەش سەرۆکە فیوداڵەکان پلە و پایەی گرنگیان پێدرا لە بواری سەربازی و کارگێڕیی مەدەنیدا. ئەو سەرۆکانە هەرچەندە ستەم و سەرکوتکردنی زۆریان چەشت لە سەردەستی حکوومەتی رەزاشادا (١٩٢٥ – ١٩٤١)، بەڵام بێ خواستی خۆیان و بە ناچاری هاتنە پاڵ کۆمار و چاوەڕێی کەوتنیان دەکرد بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە لای حکوومەتی ناوەندی، هەروەها هەستیان بە مەترسی دەکرد لە بوونی سۆڤیێت و هەڕەشەی کۆمۆنیزم و هەڵکشانی سیاسەتی شارستانیی کورد و دەستێوەردانی لە کاروباریاندا. سەرباری ئەوەش کە نەتەوەپەرستەکانی شارستانی داوای هەڵوەشانەوەی دەرەبەگایەتی (فیوداڵیزم) و خێڵەکێتیشیان نەکردبوو، بەڵام رەخنەیان لە بارۆدۆخی سەرکوتکارانەی دێهات دەگرت و پەست و ناڕازی بوون لەوەی کەوا بزووتنەوەی نەتەوەیی خیانەتی لێدەگرێت لە لایەن سەرۆک خێڵەکانەوە.
کۆمار لە سەر ئەو سیستەمە کارگێڕییە رۆیشت کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە داڕێژرابوو. حیزبەکەش بیرۆکراتییەتی مەدەنیی بە شێوەیەکی کوردانە پیادە دەکرد و لەکاتێکدا سوپا و جەندرمەی هەڵوەشاندەوە و بە "سوپایەکی نیشتمانی" جێگەی گرتەوە بە فەرماندەیی ئەو ئەفسەرە کوردانەی لە ریزی هێزە چەکدارەکانی عێراق و ئێران هەڵاتبوون. کابینەیەکی حکوومەت و هەروەها ئەنجومەنێک پێکهاتن و دامودەزگاکانی کولتووری، چەشنی کتێبخانە و ئێستگەیەکی   رادیۆ و چالاکیی سینەما و چاپەمەنی و رۆژنامەگەری دامەزران. بە هەمان شێوە حیزبەکە چالاکییەکانی خۆی پەرەپێدا بە دروستکردنی کەرتێکی گەنجان و رێکخراوێکی ژنان. ئەوجا کۆمەڵێک کارئاسانی کرا بۆ چاککردنی بارودۆخی خاوەن دووکانە بچووک و هەژارەکان. بەڵام لەگەل ئەوەشدا پەیوەندییەکانی دەرەبەگایەتی لە گونددا هەر وەکو خۆی مایەوە، سەرەڕای بەڵێنی دەستێوەردان لە بەرژەوەندیی هەردوک جووتیاران و خاوەن زەوییەکانیش٥. 

 

دایکی نەتەوە و نیشتمان
خاک و قەڵەمڕەوی کۆمار تەنها بەشی باکووری کوردستانی ئێرانی گرتبووەوە و پایتەختەکە شاری مهاباد بوو کە دانیشتووانی نزیکەی شانزە هەزار کەس دەبوو، لەگەڵ گرنگترین شارەکانی کە بۆکان و نەغەدە و شنۆ بوون. بە گوێرەی تۆمارەکانی حکوومەت دانیشتووانی مهاباد لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٨دا، ١٦٤٥٥ کەس بووە کە ٨١٨٩ ی مێ و ٨٢٦٦ ی نێر بووە٦ و ژمارەی دانیشتووانی کە لە لایەن سوپای ئێرانەوە پێشکەس کراوە لە ساڵی ١٩٥١دا ١٥٩٧١ ٧ و هەمان سەرچاوە ژمارەی دانیشتووانی بۆکان بە ٣٠٧٤ و شنۆ بە ٢٢١٢ کەس دادەنێت.
لە نەڕەخساویی زانیاریی سەرژمێریی ئەم ماوەیەدا، ئاسان نیە زانیاریی ورد لەبارەی ژیانی وردی ئافرەتەوە دەستبکەوێت. یەکەم سەرژمێریی نیشتمانیی ئێران لە نۆڤەمبەری ١٩٥٦دا ئەنجامدراوە و ئەمەش رێک دە ساڵ پاش رووخانی کۆمار ئەنجامدراوە و ژمارە ئاماری ورد لە سەر شارەکە و تەواوی هەرێمەکە بەدەستەوە دەدات (بەشی ئاماری مهاباد).  
باری فیزیکیی مهاباد بە شێوەیەکی بەرچاو نەگۆڕاوە سەرەڕای تێپەڕبوونی دە ساڵ بەڵکو تەنها ژمارەی دانیشتووانی شارەکە زیادی کردووە بۆ ٢٠٣٣٢ کەس. بەپێی ئەم زانیارییانەش، دە ساڵ لەدوای کۆمار تەنها ١٠%ی دانیشتووانی مێینەی تەمەن دە ساڵ و بەرەو سەرەوە خوێندەوار بوون، واتە توانیویانە "بنووسن و بخوێننەوە". لە ڕێگەی سوود وەرگرتن لە ژمارەکانی ئەم ئامارەوە دەتوانین بگەینە هەندێ بیر و بۆچوون لە سەر تێکڕای رێژەی خوێندەواریی مێینە گەورەکان (١٥ ساڵ و بۆ سەرەوە) لە ساڵی ١٩٤٦دا. بۆ نموونە، گرووپی تەمەنی ٢٥ بۆ ٣٤ ساڵ لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٦دا تەمەنیان ١٥ بۆ ٢٤ ساڵ بوون لە ساڵی ١٩٤٦دا. هەڵبەت زۆر دوورە کە توانا و زیرەکیی خوێندنەوە و نووسینی ئەم گرووپەی تەمەنە لە ماوەی دەیەیەکدا گۆڕابێت. لە ساڵی 1956دا، تەنها ٤,٦ لە سەدی رێژەی مێینە (85 لە کۆی 1321 کەس) لە گرووپی تەمەنی 25 بۆ 34 ساڵ توانیویانە بخوێننەوە و بنووسن. لە ساڵی ١٩٥٦دا رێژەی خوێندنەوە و نووسین بە شێوەیەکی توند دادەبەزێت بۆ ٧,٣ لە سەد بۆ گرووپە تەمەنی ٣٥ بۆ ٤٤ ساڵ کە دەکاتە (٢٧ لە کۆی ٧٣٨ کەس) و بۆ ٨, ٠ لە سەد بۆ گرووپە تەمەنی ٣٥ بۆ ٤٤ ساڵ    (٦ لە کۆی ٧٦٥ کەس)٨. ئەم ژمارانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە رێژەی خوێندەواریی گەورانی تەمەن (١٥ ساڵ و بۆ سەرەوە) لە ساڵی ١٩٤٦دا لە سەدا چوار زیاتر نەبووە. هەروەها لە سەرچاوەکانی تریشەوە دەردەکەوێت کەوا زۆربەی خوێندەوارەکان لەو قوتابخانانەدا فێری خوێندەواری بوون کە لەدوای ساڵانی ١٩٣٠کان دروستکراون.
حیزبی دیموکراتی کورد، لەو دەستوورەیدا (پەیڕەو و پرۆگرامەیدا – و) کە کەمتر لە دوو مانگی پێش دامەزراندنی کۆمار بڵاویکردەوە، رایگەیاند کەوا لە کوردستان و بە هەمان شێوەش لە هەموو ئەو ئوستانانەی ئێرانیشدا کە کوردیان تێدا دەژی "پێویستە بەرژەوەندییەکانی جەماوەری خەڵک بە پێی بنەمای دیموکراسی بپارێزرێن" (فەسڵی ٢، مادەی ٤). هەروەها بەڵگەنامەکە، بە هەمان ئەو زمانەی کە لە دەستوورەکەی کۆمەڵەدا (واتە کۆمەڵەی ژێ کاف – و) هاتووە، رایگەیەندووە کەوا "ئامانجی حیزب بەرفراوانکردنی دیموکراسییە و بەپێی ئەو بنەمایەش، خەبات کردن و تێکۆشانە لەپێناو خۆشگوزەرانیی مرۆڤدا" (مادەی ٥). یەکسانیی نێوان ژن و پیاویش بە شێوەیەکی ئاشکرا بەم جۆرە باسکراوە: "لە هەموو کایەکانی سیاسی و ئابووری و کاروباری کۆمەڵایەتیدا پێویستە ژن مافی یەکسانی هەبێت لەگەڵ پیاودا" (بەشی ٤، مادەی ٢١)٩.
حیزبی دیموکرات لە ماوەی ژیانی کورت و پڕ ئاڵۆزیدا، نەیتوانی کۆنگرەی خۆی ببەستێ وەک لە دەستوورەکەیدا بەڵێنی دابوو، هەروەها نەیتوانی میکانیزمی هەڵبژاردن و دیموکراتییەتی پەرلەمانی دابڕێژێت و حیزبەکە خۆی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێ کردن و دادوەری بوو. سیاسەتی جەندەریشی پەیوەستبوو بە هەلومەرجی تێڕوانینی نەتەوەیی بۆ سەرکردایەتیی نێرینە و ئەو ڕێگەیەی کەوا سەرکردەکان و ژنان هەوڵی تێدا دەدەن بۆ گۆڕینی دۆخ و سیاقی سەردەمی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسیی ئەو دەمەدا. 

 

حیزبی ژنان
لەکاتێکدا کە سەرکردایەتیی کۆمار نکووڵی لە جووتیارەکان کرد، بەڵام زۆرینەی دانیشتووان، مافە دیموکراتییەکان، نیوەکەی تری دانیشتووان کە ژنانن، پلە و پایەیەکی بەرچاویان پێدرا لە ژیانی شارەکەی پایتەختدا. لە کاتی ئاهەنگگێڕان بە "سەربەخۆیی کوردستان" لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦دا، کەوا لە گەلێ ژمارەی رۆژنامەی "کوردستان"دا راگەیەنراوە و بیست و سێ کەس لە گەورە کاربەدەستانی کۆمار وتاریان بۆ جەماوەر داوە و دوو کەس لەوانەی قسەیان کردووە و وتاریان داوە مامۆستای ژن بوون و قوتابخانەی کچانیش یەکێک بوو لەو چوار قوتابخانەیەی سروود و گۆرانیی نیشتمانییان پێشکەش کردووە١٠. هەردوو وتاردەرە ژنەکە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی بوون و بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئاهەنگیان گێڕاوە و جەختیان لە سەر پێویستیی بەشداریی چالاکانەی ژنان کردووە لە خەبات و تێکۆشاندا. خەجیجەی مەجدی یەکێک لەو مامۆستایانە بووە کە وتوویەتی:
"خوشکە بەڕێزەکان، ئێستا با تەماشای برا ئازیزەکانمان بکەین و دەست بخەینە ناو دەستی یەکتر، چونکە من وایدەبینم کە نیشتمانی دایک چاوەڕوانی کچەکانێتی دەستبەکاربن و دەست بە    خوێندن و فێربوون بکەن بۆ ئەوەی ئێمەش بگەینەوە بە براکانمان. جیهانی ئەمڕۆ پێویستی بە کچان و کوڕانە وەک خوشک و برا دەست لە ناو دەستی یەکتر بنێن لەپێناوی رزگارکردنی دایکی نیشتماندا"١١.
 ئەم هێڵە سیاسییە هەمیشە لە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەدا گوزارشی لێوەدەکرا و بەردەوام لە   گوتار و وتاردانی ژنان و پیاوان و رۆژنامە و شیعردا جەختی لە سەر دەکرایەوە١٢.
 لە پاش نزیکەی دوو هەفتە دواتر، مامۆستاکانی قوتابخانەی کچان بۆنەیەکی کۆبوونەوەیان رێکخست لە هۆڵی ئۆفیسی پەروەردە بۆ ئاهەنگگێڕان بە "سەربەخۆیی و ناساندنی رابەری کوردستان"١٣. بە پێی ڕاپۆرتی رۆژنامەکە (کە لەدوای دامەزراندنی حیزبی ژنان بڵاوکرایەوە)، "خانمی رابەر یان پێشەوای کوردستان" یان (یای پێشەوای کوردستان) و ژمارەیەکی گەورەی ژنە ئەندامەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و خەڵکانی هەموو بوارەکانی ژیان لەم بۆنەیەدا بەشداربوون. لەوێدا خانمی (یەکەم) وتارێکی دا لە سەر "پێشکەوتنی ژنان و ئاڕاستەکردنیان". پاشان جووتێ گوارەی ئاڵتوونی پێشکەشی خاتوو ویلما سەیادیانی بەڕێوەبەری قوتابخانەی کچان کرد. خانم لە وتاردانەکەیدا بیری هەموو کەسێکی خستەوە لەبارەی پێویستیی ژنانەوە بۆ فێربوون لە ژنانی دەرەوە کەوا "یارمەتیدەری گەورەی پیاوەکانیان بوون لە جەنگی گەورەدا" و گوتی:
 "نابێت ئێمە هەمیشە چاوەڕێی مێردەکانمان بین پارە و جلوبەرگ و زێڕمان بدەنێ. خانمە بەڕێزەکان، منداڵەکانتان بەدبەخت مەکەن لە ڕێگەی هێشتنەوەیان لە ناو چواردیواری ماڵەوەدا، بیاننێرن بۆ قوتابخانە بۆ ئەوەی وەک پیاو و ژنە نەخوێندەوارەکانیان لێنەیەت و بەڵکو بتوانن بەرگری لە مافە نەتەوەییەکانیان بکەن و بەتایبەتیش بۆ ئەوەی ژنی کورد بتوانن هاوشێوەی ژنە شارستانییەکان بن لە دەرەوە". 
قسەکەری دووەم، خانمە بەڕێوەبەری قوتابخانەی کچان، جەختی لە سەر خوێندنی ئافرەتان کردەوە و یەکگرتنیان لەگەڵ پیاودا لەپێناوی توانادار کردنی نەتەوەکەیان بۆ رەخساندن و ئەنجامدانی پێشکەوتن. سێهەم قسەکەر، کە عیسمەت قازیی کچی پێشەوای کوردستان بوو وتی کەوا ئێمەی ژنان دەبوو ئاهەنگی زۆر بگێڕین بۆ ئازادیمان بۆ ئەوەی "هەموو جیهان بزانێت کە ژنی کورد زۆر زیاتر لە پیاوان ئازادییان خۆشدەوێت". چوارەم قسەکەر خانمە مامۆستایەک بوو بە ناوی کوبرای عەزیمی، کەوا زۆر بە توندی رەخنەی لە ژنانی مهاباد گرت: 
"لەبەرئەوەی کە ئێمە زۆر دواکەوتووین (لەپاشین) و ئەرکمان زۆر سەختە و بارمان تادێت گرانتر دەبێت، کەواتە دەبێ بزانین کە چۆن ئەم بارە قورسە هەڵبگرین و لەکۆڵی بنێین. هەڵبەت بە هێزی ئەقڵ و زانیاری ئەم بارە  سووک دەکرێت و لادەبرێت، بەڵام بەداخەوە خەڵکی مهاباد بەو شێوەیە نایبینن. بۆ نموونە، بە دەستی خۆیان کچەکانیان بەدبەخت و نەخوێندەوار دەکەن و داوایان لێدەکرێت لەجیاتی خوێندن جووتێ گۆرەوی بچنن یان کڵاوێک بدوورن یان هەر شتێکی تر و هی وا هەیە دەڵێ: "کچەکەم نانێرم بۆ قوتابخانە چونکە ئەدەب و ڕەوشتی تێکدەچێت". خانمانی ئازیز، پێمناڵێن تێکچوونی ڕەوشت و ئەدەبی ئێمە لەکوێدایە؟ ئەوانەی کە بەم جۆرە بیردەکەنەوە زۆر دوورن لە ڕاستییەوە و لە مەسەلەکە تێنەگەیشتوون. بۆ نموونە من خۆم لە گەلێ کۆڕ و کۆبوونەوەدا بیستوومە و هەر کاتێکیش کە ئێمە دەبینن، دەڵێن "ئا ئەوانە مامۆستان" و بە ڕق و بێزەوە تەماشامان دەکەن. ئێمە ئەگەر سەیری نووسین و کتێبی بیانییەکان بکەین زۆر خەمبار دەبین و دەپرسین "خودایە، ئاخۆ ئێمەش وەک ئەوان مرۆڤی نین؟ باشە بۆچی ئێمە لە شارێکی وەک مهاباددا ژنێکمان نیە نەشتەرگەر بێت، پزیشک بێت، دانساز بێت یان تەنانەت مامانێکی جێمتمانە و بڕوانامەدار بێت؟" پاشان بڕیاردەر داوای خۆشحاڵی دەربڕینی کرد بە رووخانی دیکتاتۆرێتی رەزاشا و "دوودڵ نەبن لە ناردنی کچەکانیان بۆ قوتابخانە"، کەوا لەوێ بە زمانی دایکیان فێری خوێندن دەکرێن. دواجار بەشداربووان یارمەتی و پارەیان بەخشییە حدک. رۆژنامەکە لیستی ناوی ٤١ ئافرەتی تێدایە کە پارە و ئاڵتوونیان بەخشیوەتە حیزب١٤. سەیر و سەمەرە لەوەدایە کە هەموو ژنەکان بە ناوی مێردەکانیانەوە ناسێنراون. بۆ نموونە، خانمی بەڕێزی کاک ساڵح شاتری. هەفتەیەک دواتر، رۆژنامەی کوردستان باسی بەستنی کۆنگرەیەکی خانمانی کردووە لە مهاباد بەم شێوەیەی خوارەوە: 
"کۆنفرانسی خانمان لە کۆمەڵەی کولتووریی کوردی - سۆڤیێتی
رۆژی هەینیی ٨ی مارتی ١٩٤٦، کۆنفرانسێک بەسترا لە لە کۆمەڵەی کولتووریی کوردی – سۆڤیێتی لە لایەن خانمی پێشەوای (سەرۆکی) کوردستانەوە بۆ رۆشنکردنەوەی ئەقڵ و هزری ژنانی کۆمەڵگەی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر ژنانی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان و مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانەی کچان و ژنە فەرمانبەرەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و فەرمانگەکانی حکوومەت و بازرگانان و دووکانداران (کەسەبە) بانگهێشت کرابوون. یەکەمجار، خانمی پێشەوای کوردستان لەبارەی گرنگیی پێخوێندنی ژنان و کچانەوە قسەی کرد و هەروەها پەرەسەندن و پێشکەوتنی یەکێتیی ژنانی سۆڤیێت و پێویستیی ئەوەی کە ئاگادار و ئاشنایان ببن. ئەوجا ژمارەیەکی زۆری خانمە مامۆستا و قوتابی و خانمانی تر وتاریاندا. کۆنفرانسەکە لە کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ دەستیپێکرد و لە کاتژمێر پێنج تەواوبوو"١٥.
لە کۆنفرانسەکەدا هیچ باسێک لە ٨ی مارت نەکرا، کە رۆژی جیهانیی ئافرەتانە و هەمیشە لە یەکێتیی سۆڤیێت ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرا. لە پاش هەفتەیەک رێکخراوێکی ژنان دامەزرا و لە رۆژنامەی "کوردستان"دا ڕاپۆرتێکی کورتی لەبارەوە بڵاوکرایەوە:

 

پێکهینانی حیزبی دیموکرات
(لەلایەن ژنانی کوردستانەوە)

"ڕۆژی هەینیی ١٥ی مارتی ١٩٤٦، ژمارەیەکی گەورەی ژنانی بەوەج و خوێندەوار لە لایەن خانمی پێشەوای کوردستانەوە بانگهێشت کرابوون و لە کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆدا لە کۆمەڵەی کولتووری کۆبوونەوە و بە چاودێری و رێنمایی خانمی پێشەوای کوردستان (مینا خانم .... لێرەدا وشەیەک ناخوێنرێتەوە)، حیزبی دیموکراتی ژنانی کوردستان دامەزرا و ژمارەیەکی زۆری ژنی وەک ئەندام تێدا تۆمار کرا و پێدانی ئابوونەی ئەندامێتییان لەئەستۆگرت لە بڕە پارەی یەک تومەنەوە تا دە تومەن"١٦.
 ناوی رێکخراوەکە بە پێی ژمارەکانی دەرچوونی رۆژنامەکە دەگۆڕێت. بۆ نموونە، یەکێتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان١٧ (لێرەدا لەگەڵ ئینگلیزییەکەدا ناوە کوردییەکەش بەم شێوەیە نووسراوە – وەرگێڕ) و حیزبی یایان١٨ (بەهەمان شێوە بە ئینگلیزی و کوردییەکەشی نووسراوە – و). 
بەو پێیە، رێکخراوەکە بوو بە باڵی ژنانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و دووربوو لەوەی کە لە ئەنجامی بزووتنەوەیەکی فێمێنیستییەوە هاتبێتە کایەوە و حیزبی ژنان وەک رێکخراوێک دروستکرا کە بەتەواوی لە ژێر هەژموونی سیاسیی پیاودا بێت. کەسایەتیی سەرکردەشی یای مینای خێزانی سەرۆک کۆمار بوو.
 وادیارە حیزبی ژنان رێکخراوێکی کراوەی هەبووبێت و لە دوای یای مینا، کە رابەر و سەرکردەی رێکخراوەکە بوو سەرۆکەکانی هەر دە گەڕەکەکەی مهاباد دەهاتن. لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە داهات و خەرجیی حیزبی ژنان لە سێ مانگی بەهاردا (جۆزەردان کە دەکاتە مایس – حوزێران)، ناوی سەرۆکەکان و داهاتی (ئابوونەی ئەندامێتیی) هەر گەڕەکێک بەم شێوەیەی خوارەوە هاتووە١٩.
ناوی بەرپرسی حیزبیی گەڕەک   ناوی گەڕەک بڕە ئابوونەی کۆکراوە

1 - كەلسووم سوڵتانیان                    هەرمەنیان                 1,305.0
2 - خورشیدی شاتری                      بازاڕ                       282.5               
3 - خەجیجەی قازی                       چۆمێ                       227.5
4 - سەید عەیشێی شاتری                حاجی حەسەن              822.5
5 - سەدیقەی والیزادە                     خیرێ                        936.5936.5
6 - زیبا خانم                                قۆڵەقەبران                 230.5
7 - ئامینەی داودی                        قیبلە                           210.0
8 - زارای مەولەوی                      رزگاریان                   200.0
9 - پیرۆزەی موشیری                   جامیعە                        120.0
10 - ماوزەری بیلازادە                 یەهوودیان                     95.0
کۆی گشتی                                                              4,429.0

لە دوو مانگی یەکەمی بەهاردا داهات گەیشتبووە 9291 ریاڵ. خەرجییەکانی بریتیبوون لە کرێ خانوو (1200 ریاڵ)، گۆڕینی ناوماڵە، فەرشی سەرمێز (5200 ریاڵ)، مووچەی دوو مانگی کارمەندێکی ژن (400 ریاڵ)، مووچەی سێ مانگی کارمەندێک دیکە (600 ریاڵ)، خەڵووز و گواستنەوەی (80 ریاڵ)، چەرچیی ناوشار (60 ریاڵ) و کۆی بڕی خەرجییەکان (٧٥٤٠ ریاڵ)٢٠. 
 بارەگای حیزبەکە یەکەمجار لە لە قوتابخانەیەکی سەرەتاییدا بوو، بەڵام هەرزوو گواستیانەوە بۆ ئۆفیسێکی نوێ و خانوویەکیان بەکرێ گرت. تێبینییەکی کورتیش داوا لە "خانمانی خوێندەوار" دەکات کە دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن پۆ ئەم پۆستانەی خوارەوە: ژمێریار (حیسابدار)، ئەمینداری گەنجینە (خەزنەدار)، سکرتێر (مونشی)، ئەمین سندووق (سندووقدار)٢١.
ئامانجی سەرەکیی حیزبی ژنان رێکخستن و جۆشدان ژنانی گەورەساڵ (مەبەست لێرەدا کچان و ژنانی تەمەن گەنج و بۆ سەرەوە دەگرێتەوە – و) بوو لە پشتیوانی کردنی کۆمار و نەتەوەدا. ئەوجا لەبەرئەوەی زۆربەی ئەم ژنانە نەخوێندەوار بوون  ئەوە حیزب پۆڵی نەهێشتنی نەخوێندەواری کردبووەوە بۆیان و بە هەمان شێوە کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەسمیش. چالاکییەکانی تری بریتیبوون لە کۆکردنەوەی پارە و یارمەتی بۆ بۆ سوپای نیشتمانی و بەشداربوون لە رێڕەوت و خۆپیشاندان و نووسین بۆ رۆژنامەکە. هاوکاری کردن و یارمەتیدانی سوپای نیشتمانی کاری ژنانەشی دەگرتەوە لە چنینی جلوبەرگ و گۆرەوی و کڵاو بۆ پێشمەرگە. ئەم رێکخراوەی ژنان وێنەی دەوڵەتێکی مۆدێرنی دابوو بە کۆمار کە بایەخ بە بووژانەوە و پێشکەوتنی ژن دەدا.
لە کۆتا بەشی سەدەی نۆزدەهەمەوە، نەتەوەپەروەرەکان جەختیان لە سەر فێربوون و خوێندن دەکردەوە وەک هەلومەرجێکی بنەڕەتی بۆ رزگاریی نیشتمانی. لە ماوەی سەدەی بیستەمیشدا، زۆرێک لە رۆشنبیرانی پیاو و ژن بانگەشەی رەخساندنی خوێندنیان دەکرد بۆ ژنان. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، هەندێک لە باوکان و دایکان و لەنێویاندا دایکانێک لە مهاباد، بەرهەڵستیی کەمپەینی خستنە بەرخوێندنی کچانیان دەکرد. رەخنەگرتنی کوبرا عەزیمی لەو باوک و دایکانەی رەتیاندەکردەوە کچەکانیان بنێرنە قوتابخانە، کە لە سەرەوە باسکراوە، ئەو ناکۆکی و ململانێیە ئاشکرا دەکات کە بەرپابووبوو لە نێوان بایەخ پێدانی نەتەوەپەروەرەکاندا بە تێکەڵکردنی ژنان لە کۆمەڵگەدا و رێبازە سوننەتییەکە یان نەریتییەکەش، کە دەبووە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی نۆرم و رێسای کۆمەڵایەتیی پێش سەرمایەداری و پەیوەندییە جەندەرییەکانی. لەڕاستیدا، هەموو پیاوانی سەرکردایەتیی کۆمار و بەتایبەتی شەخسی سەرکۆمار خۆی، لە گەلێ ژن زیاتر بە تەنگ ڕەخساندن و پێشخستنی خوێندنی مێینەوە بوون. بۆ نموونە، سەرۆکی حیزبی دیموکرات لە شنۆ یەکەم قوتابخانەی کچانی لە شارۆچکەکەدا کردەوە. ئەو ڕاپۆرتەی کەوا لە لایەن حەسەن کازمیی بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە نووسراوە، سەرنجی ئەوەی داوە کەوا "پێویستە هەموو دانیشتووانی (شارۆچکەکە) سوپاسی (سەرۆکی حدک) بکەن بۆ ئەم خزمەتگوزارییە گرنگە و کچەکانیان بنێرن بۆ ئەم قوتابخانەیە بەوپەڕی حەز و دڵگەرمییەوە ...."٢٢. هەروەها ڕاپۆرتەکە جەختیشی کردووەتەوە لە سەر ئەوەی کە کوردستانێکی ئازاد پێویستی بە ژنانی خوێندەوارە، چونکە رزگاری و ئازادی و خوێندن لێکتر جودا نین و بەرزترین دەسکەوت ئەوەیە کە وەک پیاوان بیت. ژنی نەخوێندەوار بارە بە سەر نەتەوە و نیشتمان و بە سەر پیاوی خوێندەواریشەوە. پیاوێک، لە بابەتێکیدا کە لە سەر "ژنانی خوێندەوار" نووسیوێتی دەڵێ:
"رۆژێکیان لە فەرمانگەی خوێندنەوە دەچوومەوە بۆ ماڵ، ژنێکم بینی کە لە بەردەمی بارەگای حیزبی دیموکراتی کورددا وەستابوو. ژنە ئاوڕی لێدامەوە و بەو زمانەی کە مۆرکی ژنە سادە و نەخوێندەوارەکانمانە پرسی "براکەم ئەمە چیە؟" من وایبۆچووم کە ئەگەر وەڵام بدەمەوە کە ئەمە بارەگای حیزبی دێموکراتی کوردستانە، ئەوە ئەو نە لە "بارەگا" و نە لە "حیزب" و نە لە "دێموکراتیش" تێدەگات. بۆیە تاوێک دۆشدامام و بیرمکردەوە و ئەوجا وتم: "لێرەدا هەندێ کوردی گرنگ پێکەوە کۆبوونەتەوە و باس لە کاروباری وڵات دەکەن".
پاشان نووسەرەکە مشتومڕی ئەوە دەکات کەوا نابێت کوردەکان وا بیر بکەنەوە کە هەنگاوی گەورەیان ناوە لە سەر ڕێگەی ئازادی و شارستانی تا ئەو کاتەی ژنان فێری خوێندەواری دەبن و ئاشنای مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان دەبن (میکایلی ١٩٤٦: ٤). 
 ئەندامانی حیزب پشتیوانییان لە حکوومەت دەکرد لە ڕێگەی بەخشینی دارایی و کۆکردنەوەی پارە لە ژنانی غەیرە ئەندامیشەوە. جارێکیان سەرکۆمار بە یای مینای وتبوو کەوا "شاژنی فەرەنسا ئەڵقەی هاوسەرییەکەی پێشکەشی گەلی فەرەنسا کردووە. ئەی ئێوە بۆ پەیڕەویی هەمان شت ناکەن و من دڵنیام کە ئەمە هانی ژنانی تر دەدات بۆ ئەوەی لەڕووی داراییەوە پاڵپشتیی کۆمار بکەن".

 

رێکخستنی دامەزراوەی هاوسەرگیری
پێکهێنانی حیزبی ژنان بەئاشکرا دەرکەوتووترین هەنگاوە کە سەرکردایەتیی حیزب ناویەتی بۆ رێکخستن و جۆشدانی ژنان لە پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوەدا. کارەکانی تر بایەخ بە دەستێوەردان دەدات لە پەیوەندییە جەندەرییە نەریتییەکاندا، کە یەکێکیان سیاسەتی تاوانبارکردن و سزادانی جۆرێکی تایبەتییە لە هەڵاتن (لێرەدا مەبەست لە رەدووکەوتن یان ژنهەڵگرتنە – و). بڕیارێک کە لە لایەن ئەنجومونی نیشتمانییەوە دەرکرابوو لە چەندین ژمارەی رۆژنامەکەدا بەردەوام بڵاودەکرایەوە:



(تێبینی)
رەدووکەوتنی کچان و ژنان قەدەغەکراوە

ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری دەرکردووە کەوا هەر پیاوێک بە زۆری زۆرداری ژنێکی شووکردوو هەڵبگرێت یان (ژنێک کە) نەگوێزرابێتەوە بۆ ماڵ و مێردی خۆی، ئەوە حوکمی لەسێدارەدان دەدرێت و ئەگەر کچێکیش رەدووکەوت ئەوە پیاوەکە دەبێ بکوژرێت. بەڵام ئەگەر پیاوەکە چووە خوازبێنیی کچەکە و نەیاندایە و هیچ کۆسپ و تەگەرەیەکی شەرعی (بۆ هاوسەرگیرییەکەیان) لەئارادا نەبوو و کچەکە شووی نەکردبوو و رەزامەند بوو، ئەوە ئەوە سزای نیە، بەپێچەوانەوە سێ مانگ تا شەش ساڵ سزای بەندکردن دەدرێت. ١٣ی شوباتی ١٩٤٦، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان، حاجی بابەشێخ"٢٣. 
 ئەم بڕیارە، لەگەڵ ژمارەیەک بڕیاری تردا، سەربەخۆیی کۆماری دەرخست لە سیستەمی یاسایی دەوڵەتی ئێران و بە شێوەیەکی سەرەکی ئاڕاستەی ناوچە خێڵەکی و دێهاتنشینەکان کرابوو کەوا ژنهەڵگرتن و رەدووکەوتنی تێدا پیادە دەکرا. بەگوێرەی ئەوەی کە ئەم بڕیارە لەلایەن دەسەڵاتێکی ئاینییەوە دەرچووە کە بنکەکەی لە پایتەختدایە، کەواتە پەلکوتان و دەسەڵاتشکانی سەنتەری شارە بە سەر ناوچە دێهات و ناشارستانییەکاندا، کە لە ژێر حوکم و دەسەڵاتی سەرۆکە خێڵەکی و فیوداڵەکاندا بوو. هەروەها سەپاندنی پرەنسیپە ئیسلامییەکانە بە سەر سیستەمێکی پەیوەندییە جەندەرییەکاندا، کە بەرهەڵستیی هێزی ئاینی دەکرد. زمانی دەقەکە بەئاشکرا دیارە باوکانە یان پاتریارکییە (بڕوانە حەسەنپوور، لەم بەرگەدا). لە ناونیشانی تێبینییەکەوە کە فڕاندن یان ژنهەڵگرتنە تێرمەکە لە لایەنی نێرینەوە بەکارنەهێنراوە. ئەوەی کە جێی سەرنجە کەوا سەرکردایەتیی کۆمار هەوڵی دەستێوەردانێکی هاوشێوەی نەکردووە لە پەیوەندییەکانی زەویوزاردا لە دێهات، کەوا لەو گوندانەی بەپێی بنەمایەکی فیوداڵییانە رێکخراون و رێز لە مافی ژن نەگیراوە بۆ خاوەندارێتیی زەوی. لەڕاستیشدا، نەریتی نکووڵی کردنی مافی ژن بۆ بەمیرات مانەوەی زەویی کشتوکاڵی پێشێلکردێک بوو لە لایەن شەریعەتی ئیسلامییەوە، کە نیوەی پشکی پیاوی داوە بە ژن. بەڵام تەنانەت بڕیاری هەڵوەشانەوەی ژنهەڵگرتن / رەدووکەوتنیش بەتەواوی سەرکەوتوو نەبوو.
لە تێبینییەکی دەگمەندا، محەمەد ئەمین مەنگووڕی، کە بەشداری ئیدارەی سەربازیی کۆمار بووە، ئیشارەتی بەوە کردووە کەوا حوکمدان بە سەر ژنهەڵگرتن/ رەدووکەوتندا پێچەوانە بوو لەگەڵ داب و نەریتی کۆنفێدراسیۆنی خێڵەکیی بڵباسدا کە قەڵەمڕەوی خێڵەکەیان دەکەوتە رۆژئاوای مهابادەوە. خەڵکی ناوچەکەش وایاندادەنا کەوا حوکمێکی "ستەمکارانەیە و پێیان ناخۆشە چونکە ڕێگە دەگرێت لە ئازادیی خۆشەویستی و ئەشق و هەڵپەڕکێی رەشبەڵەک و ژن و کچ فڕاندن و هەروەها گەنج و لاوەکان دەکاتە وشکەسۆفی و جیهانی دڵداری و خۆشەویستییان لێدەشارێتەوە". ئەم مەسەلەیە رەخنە و ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە لای مەنگووڕەکان، چونکە بە تێڕوانینی ئەوان ژنهەڵگرتن بە شکۆ و پیاوەتی لەقەڵەمدەدرا. لای ئەوان هەر ژنێک رەدوو نەکەوتایە رێزی لێنەدەگیرا و هەمان شت بۆ پیاویش راست بوو: "ئەگەر پیاو ژنێکی نەفڕاندایە، پێیدەگوترا تۆ پیاو نیت، خۆ ئەگەر پیاو بوویتایە ئەوە ژنێکت دەفڕاند". مەنگووڕی وایبۆدەچێت کە "ئەو تاقە هەڵکەوتەی مێژوو بۆ کوردی رەخساندووە دڵداری و پەیوەندیی سەرجێیی ژن و پیاو و ئارەزووکردنی ئازادیی خۆشەویستیی بووە. لەمەشدا کورد پێشی ئەوروپییەکانی داوەتەوە بۆ چێژ وەرگرتن لەو ئازادییە". هەروەها ئەو باس لەوە دەکات کە ئەم پراکتیزەکردنە کار و فەرمانێکی ئابووریشی هەیە. ژنهەڵگرتن و رەدووکەوتن هەمیشە کارێکی سەرکێش و پڕمەترسی بووە، بەڵام هەموو لایەنەکان ئاشنابوون بە چۆنێتیی چارەسەری ئەم کێشەیە. چونکە ئەنجامدەرانی کارەکە بەدوای پەناگەیەکدا دەگەڕێن و (پەنا دەبەنە لای سەرۆکێکی خێڵەکی یان خاوەن مڵکێک یان دەسەڵاتێکی ئاینی یان هەرکەسێکی خاوەن رێز و بێلایەن) کە لە شوێنێکی ئارامدا داڵدە دەدرێن تا ئەوکاتەی دانوستان دەکەن بۆ چارەسەرێک، کە تێیدا "مارەییەکی بووک" یان "شیربایی" یان هەر شتێکی تری مادی دەدرێتە باوکی کچەکە و مەسەلەکە دەبڕێتەوە و لێکتریان مارە دەکەن٢٤. (تێبینی: زۆر لەگەڵ مێرد و کەسوکاری ژنی شووکردووی هەڵگیراو یان رەدووکەوتووشدا   سازان و ئاشتەوایی دەکرا و کێشەکە بەوە چارەسەر دەکرا کە ژنە بگەڕێتەوە لای مێردە کۆنەکەی یان شتێ پارە و ماڵ دەدرا بەم مێردە و کەسوکاری ژنە بۆ ئەوەی تەڵاقی بدات و کابرای ژنفڕێن مارەی بکات و کەسیش لەم بەینەدا نەدەکوژرا و کێشەکە بە ئاشتی چارەسەر دەکرا – وەرگێڕ).
  لە نێو ئەو چاکسازییانەی کە سەرکردایەتی دەستیدایە بڕیارێکی باڵای سەرۆکایەتی بوو بۆ وتاردانی رۆژی هەینی و بۆ یەکەمجار بە زمانی کوردی و ژمارەیەک بابەت تاوتوێ کران و تیشکیان خرایەسەر کە دەبوو ئەم وتاردانەی نوێژی هەینی لەخۆیی بگرێت و یەک لەوانە "کە دەبێت ژن چۆن بێت لە کۆمەڵگەدا". بابەتەکانی تریش ئەمانە بوون: بەگژداچوونەوەی خورافات، رێزگرتن لە یاسا ئاینییەکانی شەریعەت، پاکوخاوێنی راگرتن، بنیاتنانی نەخۆشخانە و کاریگەریی ئارامی و ئاسایش لە سەر پێشکەوتن و پەرەسەندنی نیشتمان و شارستانێتی کۆنی کوردستان٢٥. 
 لە حکوومەتی سەربەخۆی ئازەربایجانی دەراوسێدا، بۆ یەکەمجار لە ئێراندا ژنان مافی هەڵبژاردنیان وەرگرت. لە کۆمارە کوردییەکەدا، هەرچەندە دەنگدان وەک مەسەلەیەک نەخراوەتە بەر باس، بەڵام سەرۆک هاوسۆز بووە لەگەل دەنگدانی گشتیدا. لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ قازی محەمەد، پرسیاری لێکرا کەوا "حیزبی دیموکراتی ئازەربایجان مافی دەنگدانی بەخشیوەتە ژن لە هەڵبژاردندا، ئایا تۆش هەمان شتت کردووە؟" وەڵامەکەش ئەوە بووە کە "هەرچەندە من ئەم کارەی ئازەربایجان بە ئەرێنی دادەنێم، بەڵام پێتانڕادەگەیەنم کە من نەمتوانیوە ئەم سەرکەوتنە بەدیبهێنم"٢٦.

 

پرسی هۆشیاریی ژن (فێمینیستی)
ئەو بەڵگانەی تائێستا خراونەتەڕوو ئەوە دەگەیەنن کە هۆشیاریی ژن یان فێمینیستی روون نەبووە لە ناو ژنانی کۆماردا (لێرەدا مەبەست لە فێمینیستی مێینە یان بارودۆخی ئافرەتە و ئەم بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی فێمینیزمی ئەم سەردەمە نیە و چەمکەکە تەواو جیاوازە – وەرگێڕ). ژنە خوێندەوارەکان باوەڕیان بە خوێندنی مێینە و یەکسانیی فەرمی هەبووە لەگەڵ پیاواندا. بەڵام تەنانەت ئەمانیش بە جیددی بەرەنگاری ئەو سیستەمە زاڵەی پەیوەندییە جەندەرییەکان نەبوونەوە. رادیکاڵترین رەخنە ئەوەی عەزیمی بوو، کە بوو بە مایەی ناڕەزایی هەندی ژن. نەبوونی تەنانەت هۆشیارییەکی فێمینیستیی لیبراڵ لە لاپەڕەکانی رۆژنامەی کوردستاندا دۆکیومێنت کراوە. یەکێک لە مامۆستاکان "ئامۆژگارییەکی بۆ ژنان" نووسیوە، کە لە نێو شتەکانی تردا، ئەمانەی خوارەوەی لەخۆگرتووە:
-هەموو رۆژێک پێش ئەوەی مێرد لە ماڵ دەربچێت بەرەو بازاڕ، دەبێت ژنەکەی پرسیاری لێبکات "چ فەرمانێکت هەیە من جێبەجێی بکەم؟"
-ژنی باش و راستگۆ تاجی سەری مێردەکەیەتی.
-ئەگەر مێردەکەت هەڵسوکەوت و رەفتارێکی بەدڵ نەبوو نابێ تۆ بیکەیت و جارێکیتر نەچیتەوە سەری.
-قەت بە باشە باسی پیاوێکی بێگانە مەکە، ئەگینا مێردەکەت گومانت لێدەکات و دڵی کرمێ دەبێ لێت.
-ئەگەر تۆ زۆر خەم و خەفەتیشت هەبوو، ئەو خەمە دەرمەبڕە کاتێ کە مێردەکەت هاتە ماڵەوە.
-هەوڵ بدە لە مەزاجی مێردەکەت تێبگەیت بۆ ئەوەی بە گوێرەی ئەوە رەفتار بکەیت٢٧.
   زۆربەی ئەو ژن و پیاوانەی لەبارەی بەشداریی ژنەوە نووسیویانە لە ژیانی نەتەوەدا ژنانی "وڵاتە بێگانەکان" بە نموونە دەهێننەوە (لە هەردوک ئەوروپا و یەکێتیی سۆڤیێت)، وەک مۆدێلێک بۆ چاولێکردن. ژنی بێگانە لەو ئەدەب و نووسینانەدا خوێندەوارە و فێری زانست و تەکنۆلۆجیا و هونەر بووە و یەکسانە بە پیاو، هەروەک پیاوانیش هاوکار و بەشدارن لە دروستکردن و بنیاتنانی نەتەوە و نیشتماندا. ناوبەناویش فەرموودە و راسپاردەی پێغەمبەر محەممەدیش وەبیردەهێنرێتەوە سەبارەت بە خوێندن بۆ هەردوک پیاوان و ژنان. هەروەها، قسەکەرێکی تریش کە خانمی شاه سوڵتان فەتتاحی بوو، لە وتاردانێکیدا جەختی دەکردەوە لە سەر پشتیوانیی سەرکۆمار بۆ خوێندنی مێینە بە ناردنی کچەکانی (واتە کچەکەنی ئەم خانمە خۆی) بۆ بۆ قوتابخانە٢٨.  
 مەسەلەیەکی تر کە ئەویش توانای ژنە بۆ ئەوەی ببێتە جەنگاوەرێکی باش. لە بابەتە نووسینێکدا لە سەر ژنانی ئازەبایجانی سۆڤیێتی (کە لە سەرچاوە سۆڤیێتییەکانەوە گوێزراوەتەوە)، جەختکراوەتەوە لە سەر ئاستی بەرزی خوێندنی ژنان شانبەشانی بەشدارییان لە جەنگی نیشتمانیی دژە فاشیستدا٢٩. لە نووسینێکی تردا لەبارەی "ئازادیی ئاین لە رووسیای   سۆشیالیستدا" و ئازادیی ژنانی سۆڤیێت بۆ کارکردن لە دەرەوەی ماڵ و لە هەموو بوارەکاندا جەختی لە سەر کراوەتەوە. سەرنجیش دراوە کەوا ژنی رووس شانبەشانی پیاوان کار دەکەن و جیانەکردنەوەی ژنانی بێگانە لەگەڵ پیاواندا هاوشێوەیەکی هەیە لە وڵاتدا. "تۆ بڕوانە بارودۆخی تیرە و هۆزەکان لە کوردستاندا و دەبینی کەوا پیاوان و ژنان پێکەوە و شانبەشان کاردەکەن     (لە تۆودان و دروێنە و گێرەکردن و بەروبووم کوتاندا) و یارمەتیی یەکتر دەدەن و سەرەڕای ئەوە ژنان کاروباری ماڵ و منداڵ بەخێوکردنیش رایی دەکەن. بەهەرحاڵ، ئەوەی کە ژنانی رووسیا دەیکەن زۆر بەنرخ و بایەخدارە چونکە ئەوان خوێندەوار و بەئاگان، بەڵام ژنانی لای ئێمە زۆر نەزانن"٣٠. 


  ئەنجام
  ئەم بابەتەی کە لە ژێر  شیکردنەوە و پێداچوونەوەدایە بەشێک لەو ئاڕاستانەی لێکۆڵەرەوانی تر دەسەلمێنێت کە لە بزووتنەوە نەتەوەییەکاندا سەرنجیانداوە لە سەرانسەری جیهاندا. لە کوردستانی ساڵی ١٩٤٦دا، بزووتنەوەی ژنان لەدواوە بوو بەراورد بە بزووتنەوەی نەتەوەیی. هۆشیاریی نەتەوەیی بەرفراوانتر بوو و زیاتر پەلیکوتابوو و لەپێشتر و کۆنتر بوو. لەکاتێکدا کە لە لای ژنان ئازادی و یەکسانی لە مافەکاندا و بەشداری کردن لە خەبات و تێکۆشاندا چوونە ئەجێندای نەتەوەییەوە و هۆشیاریی تێپەڕی نەکرد لە داواکارییەکانی پلاتفۆرمێکی لیبراڵی کاڵ و کرچی ژنانە.
 یەکەم رێکخراوی ژنانەی کورد ساڵی ١٩١٩ دامەزرا لەلایەن کەسانی دەستەبژێری ناسیۆنالیستی کوردەوە لە دوورخراوەیی لە ئەستەمبووڵ. ئەمیش، وەک گرووپە سیاسی و کولتوورییەکانی تری کورد، لە پاش دامەزراندنی کۆماری تورکیا فەوتا و لەناوچوو، کە هەموو چالاکییە نەتەوەییەکانی سەرکوتکرد دوابەدوای راپەڕینی کورد لە ساڵی ١٩٢٥دا. وادیارە حیزبی ژنانی دیموکراتی کوردستان  دووەم رێکخراوی ژنان بووە. حەپسە خان، کە ژنێکی  سەر بە ئەریستوکراتییەتی مڵکداریی زەوی بوو لە کاتی حکوومەتە سەربەخۆکەی شێخ مەحموود لە سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠کاندا دەرکەوت، بەڵام کارەکانی ئاماژە و دەلالەت نەبوون بۆ سەرهەڵدانی هۆشیاریی ژنان یان رێکخراوێکی تایبەت بەخۆیان. حەپسە خان پشتگیریی مەسەلەی نەتەوەیی دەکرد و پەیڕەوی ئەجێندایەکی دەکرد بۆ پێشخستنی ژنان، بەتایبەتی لە مەسەلەی مامەڵەکردنی لەگەڵ      خوێندەواری و فێرکردن و خوێندنی مێینەدا.  
 جووڵانەوەی نەتەوەیی لە ساڵی ١٩٤٦دا ژنانی هاندەدا بۆ بەشداری کردن لە چالاکییەکانی دەرەوەی ماڵدا، بەڵام گەلێ سنووردانان و کۆتوبەندی دەخستە سەر بوون و ئامادەگیی     گشتییان و تەنها وایان بۆدانرابوو تەنها بتوانن هاوکاری و یارمەتیی پیاو بکەن لە مەسەلە نەتەوەییەکەدا. کۆمار یەکەم دەوڵەتی کوردی بوو کە دەیویست و ئیددیعای دیموکراتی و مۆدێرنبوونی دەکرد. هەڵبەت پێکهێنانی ئەم حیزبەی ژنان پشتیوانییەک بوو بۆ ئەم بۆچوون و وێناکردنە و ژنان ئامادەگییان هەبوو لە کایە گشتییەکاندا هەر لە سەرەتای رژێمە سەربەخۆکەوە. دروستکردن و ئامادەگیی حیزبێکی ژنان مۆرک و بەشداریی ژنی بە فەرمی کرد لە ژیانی سیاسیی کۆماردا بەڵام لە هەمان کاتدا، پاساویشی دا بە دوورخستنەوەیان لە ریزەکانی بڕیار دروستکردن لە حیزبی دیموکراتی کوردستاندا. وەک رێکخراوی ژنان لە (حدک)دا، دیسانەوە جیاکردنەوەی خۆی لە ریزەکانی گەل فۆرمەلە کرد لە رووی هێڵی جەندەرییەوە و هەرلایەک (لێرەدا مەبەستی ژنان و پیاوانە – و) رێکخراوی خۆیان هەبوو، کە بەئاشکرا هەردوولا لە یەک ئاستدا نەبوون و یەکسانیش نەبوون. 
 رۆژنامەی کوردستان، کە هەموو دوو رۆژ جارێ دەردەچوو، لەگەڵ چەندین گۆڤاردا و دواجاریش ئێستگەیەکی رادیۆ، بەڕواڵەت کەشێکی جەماوەریی دەنواند، بەڵام لەڕاستیدا، تەنها دەستەبژێرێک و دەوڵەمەندەکان دەیانتوانی بگەنە ئەو رادیۆیە و ئەودوای دانیشتووانی پایتەخت هەر دەیانتوانی گوێ لەو بڵندگۆیانە بگرن کە لە چوارڕێیانی سەرەکیی شاردا دایانمەزراندبوون. بەهەرحاڵ، گرنگە تێبینیی ئەوە بکرێت کە هەموو چاپەمەنییەکان و ئێستگەی رادیۆ خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنیان لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە رایی دەکرا و ئەمەش بارودۆخێک بوو کەوا کەشێکی جەماوەریی نەدەگەیاند بە قسەکەر و گوێگری جیاوازەوە و نووسەران و خوێنەرانی سەربەخۆ لە دەسەڵاتی حوکمران. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رووبەرێکیان رەخساندبوو بۆ ڕاگەیشتن بە چالاکییەکانی ئافرەتان و سیاسەتێکی فەرمیی جەندەریدا.
  حکوومەتی نیشتمانیی ئازەربایجانی دەراوسێ لە کۆمارە کوردییەکە رادیکاڵتر بوو، چونکە پێچەوانەی کوردستان، ئازەبایجان ریفۆرمی زەویوزاری کشتوکاڵیی دەستپێکردبوو، ئەگەرچی سنوورداریش بوو، بێجگە لە دانپیانان بە مافی ئافرەت لە دەنگداندا. تەبرێزی پایتەختی ئازەبیجان
دووەم گەورە شاری ئێران بوو و تا کۆتایی سەدەی نۆزدەش گەورەترین سەنتەری شارستانی بوو لە وڵاتدا. هەروەها سەنتەری رادیکاڵیی شۆڕشی دەستووریی (مەشرووتە)  ١٩٠٦ – ١٩١١ بوو لە ئێراندا.  میر جەعفەری پێشوەریی سەرۆکی حیزبی (فیرقەی – و) دیموکراتی    ئازەربایجان و سەرۆک وەزیرانی حکوومەتە نەتەوەیی/ نیشتمانییەکە یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی جووڵانەوەی کۆمۆنیستی بوو لە ئێراندا. هەروەها بوونی هێزەکانی سۆڤیێتیش لە ناوچەکەدا دیسان فاکتەر بوو. پاڵپشتی کردنی پێگەی ژن لە کۆمەڵگەی سۆڤیێتیدا مەسەلەیەکی بەردەوام باسکراو بوو لە میدیای چاپ و پەخشی سۆڤێتیدا. لە چاپەمەنی و پەخشی رادیۆی هەردوک ئازەربایجان و کوردستاندا، بەشداریی ژنی سۆڤیێتی لە جەنگدا دژ بە فاشییەت هەمیشە وا دەخرایەڕوو کە بەڵگەی ئازادییانە. مەسەلەیەکی گرنگە کەوا مافی دەنگدان بۆ ژنی فەرەنسی تا ساڵی ١٩٤٤ دانی پێدا نەنرا، واتە دوو ساڵ پێش ئازەربایجان. 
نیو سەدەیەک پێش دروستکردنی حیزبی ژنان، پێدەچێت بزووتنەوەی ژنان لە کوردستاندا هێشتا هەر لە دوای بزووتنەوە نەتەوەییەکەوە بووبێت. سەرکوتکردنی نەتەوەیی بەسەختی باڵی کێشاوە بە سەر جەندەر و چیندا و ئەوەی زیاتر کۆسپ و تەگەرەیە کەوا سەرکردە نەتەوەییەکان جەخت لە سەر خەباتی نەتەوەیی دەکەنەوە و روون و ئاشکرا مەسەلەی نەتەوە زاڵ دەکەن بە سەر جەندەردا و گەلێ لە حیزبە نەتەوەییەکان لە بایەخی چین و جەندەر کەمدەکەنەوە و ئەم مەسەلانە دووردەخەنەوە بۆ پاشەڕۆژ. لێرەدا شیاوی باسکردنە کەوا دوو حیزبی سیاسیی، واتە کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیست لە ئێراندا) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بواری بەرفراوانتری ژنانیان داوە بۆ بەشداری لە خەباتی چەکداری و رێکخستنی سیاسیدا. بەهەرحاڵ، رۆڵی ژن لەمەی دواییاندا ساڵی ١٩٤٦مان بیردێنێتەوە. لەکاتێکدا کەوا زۆرێک لە ژنان تێکەڵی چالاکیی غەیرە نەریتی بوون (بۆ نموونە، ئەرکی سەربازیی شەڕکردن و غەیرە شەڕکردن، رۆژنامەی حیزبی و کارکردنی تیم) بەڵام کەسیان نەگەیشتنە پێگەی سەرکردایەتیی باڵا. هەندێ لە حیزبە سیاسییەکان، بۆ نموونە، پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە ئەوی پێشوو لەمی دوایی زیاتر لەواقیعدا کۆسپ و رێگر بوون لە بەردەم پێشکەوتن و برەوسەندنی بزووتنەوەی ژناندا. بۆ نموونە، پدک ئیددیعای ئەوە دەکات کەوا کۆمەڵگەی کوردی ئیسلامی و نەریتییە و بەو پێیە دەبێ ژنان دوای فۆرمە ئاینی و نەریتییەکانی یاسا ورێسای پەتریارکی (باوکانە) بکەون. ئەم گرووپە ناسیۆنالیستانە، بە جەختکردنیان لە سەر دواکەوتوویی کۆمەڵگەی کوردی زیاتر خۆیان تەرخان دەکەن بۆ پاتریارکی وەک لەوەی گرنگی و  بایەخ بە مەسەلەی ژنان بدەن بە بیانووی دابونەریتەوە٣١. 
هەڵکشان و پێشکەوتنی شارستانییەت، دروستبوونی چینەکانی ناوەند و کرێکار، پەرەسەندنی خوێندن و سەرهەڵدانی دیاسپۆرای کورد لە رۆژئاوا هەر هەموو رۆڵیان بینی لە دەرکەوتنی بزووتنەوەی ژنان و پەیوەندیی روولەزیادی لەگەڵ فێمینیستە سۆشیالیست و رادیکاڵەکاندا. رەخنەگرتن لە سیستەمی پاتریارکی لەلایەن فێمینیستەکانی کوردەوە کە سەر بە هیچ حیزبێک نەبوون تازە دەستیپێکردبوو. نووسەرە کوردەکان، بە ژن و پیاویانەوە، کەوتنە گومانەوە لە پاتریارکییەتی کوردی لە کوردستان و دیاسپۆرادا.
مێژووی بزووتنەوەی رزگاریی ژنانی کورد وەک خەڵکی کورد خۆی سەرکوتکراوە. بێگومان زانیاریی زۆر کەمە لەبارەی سەرکەوتن و شکستەکانەوە. پەردە لادان لە سەر ئەم مێژووە بەندە بە دۆزینەوە پەردە لادان لەسەر جووڵانەوەکە خۆی.
  تاقە جیاوازیی لەنێوان کوردستان و رۆژئاوادا بریتییە لە سەرکەوتنی ناسیۆنالیزم لە "دیموکراسییەکانی رۆژئاوادا". لە سەدەی هەژدەوە ناسیۆنالیزمەکانی ئەوێ دەسەڵاتی دەوڵەتیان گرتەدەست و لە سەرەتایەکی زۆر زووەوە "نیشتمان nation" ژنی خستە دەرەوە (بڕوانە، لە نێو ئەدەبێکی گەشەکردوودا، نیڵسن ١٩٩٨). لە هیچ شوێنێک ژنان بە "هاوڵاتیی تەواو" لەقەڵەم نەدەدران و مەسەلەکە سەدەیەک خەبات و تێکۆشانی ژنانی ویست پێش ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت پراکتیزەی مافی هاوڵاتی بکەن چەشنی مافی دەنگدان. لەڕاستیدا، ژنان لە ڕێگەی خەباتی سیاسیی رێکخراو و بەرەنگاربوونەوەی تیۆریی چڕ لەگەڵ پاتریارکییەتدا بۆ بچڕینی یەکسانیی یاسایی لە گەلێ لە "دیموکراسییە رۆژئاواییەکاندا". بەهەرحاڵ، نایەکسانی بە قووڵی رەگی داکوتاوە لە کۆمەڵی سەرمایەداریدا.
  ناکۆکی و ململانێ لە نێوان ناسیۆنالیزم و فێمینیزمدا هێشتا هەر بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە. هەروەها دژبەریش زۆر زەقە لە ناو بزووتنەوە نەتەوەییەکانی جیهانی گەشەکردوودا. نەتەوەکانی تورک و عەرەب و فارسیش لە ساڵانی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە دەسەڵاتیان گرتووەتەدەست، کە تۆماری ئەوانیش لە مامەڵەکردندا لەگەڵ پەیوەندییە جەندەرییەکاندا بە هیچ جۆرێک لە هاوشێوە رۆژئاواییەکانیان باشتر نیە. لەبەرانبەردا، جووڵانەوە نەتەوەییەکانی کورد هەوڵدەدەن و ئامانجیان ئەوەیە دەسەڵاتی دەوڵەت بەدیبێنن. تا ئەو ئاستەی کە ئەوان حوکمی خۆبەڕێوەبەرییان پراکتیزە کردووە لە ئێراندا لە ساڵی ١٩٤٦دا و لە عێراقدا لە ساڵی ١٩٩٢وە، ناسیۆنالیزمی کوردی لەو ئاڕاستەیە لاینەداوە کە لە رۆژئاوادا دەستیپێکردووە.
لە کوردستاندا شەڕ و ململانێ بەردەوام دەبێت و پاشان بە نێوەندگیری دانوستان دەستپێدەکات و شەڕوەستان دەسەپێت بەسەر هەردوولادا بە هۆی دڕندەیی پاکتاوی رەگەزی (ئیتنۆساید) و پیادەکردنی جینۆساید لەلایەن هەر چوار دەوڵەتە نەتەوەییەکەوە. ماوەتەوە بزانین ئاخۆ جووڵانەوەی ژنانی کورد ڕێگە بە نەتەوەییەکان دەدەن هەر رۆڵی پارێزگاریی ببینن لە پاتریارکییەت. بەهەرحاڵ، مەسەلەکە زیاتر سادە و ساکار دەکەینەوە ئەگەر وایدابنێین کە ناسیۆنالیزم تەنها کۆسپ و تەگەرەیە لەبەردەم رزگاربوونی ژناندا. وەک جووڵانەوەیەکی هۆشیار بۆ هەڵوەشانەوەی سیستەمی پاتریارکییەت، فێمینیزم لە ناوەوە ملکەچ دەکرێت بە هۆی ئەو هەڵوێستە تیۆرییانەوە کە پێوەر و چوارچێوە بۆ "ئاشتەوایی و چارەسەر" دادەنێن. لە رۆژئاوا بانگەشە کردن بۆ "فێمینیزمی رەسەن" لەلایەن فێمینیستە پۆستمۆدێرنیستەکانەوە دەردەچێت و تیۆریسیانەکانی ناسنامەی سیاسەت هانی چارەسەری دەستهەڵگرتن یان مامناوەندی دەدەن لەگەڵ پاتریارکییەتی ئیتنیکی و نەتەوەیی و ئاینیدا. لەگەڵ ئەوەشدا، سیاسەتی نەتەوەیی کوردی سەبارەت بە "مەسەلەی ژن" پێش ئەم "چارەسەرەی" پۆستمۆدێرنیستە دەکەوێت بە چەند دەیەیەک (بڕوانە کڵەین، لەم بەرگەدا). لەکاتێکدا ناسیۆنالیزمی کوردی سەرکەوتوو بووە لە پارێزگاری کردنی پاتریارکییەت و رەسەنایەتی و تیۆرییەکانی "سەرپێشۆڕکردن" فێمینیزم بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی ببێتە تووتکەی دەستەمۆی ناسیۆنالیزم. سەرباری ئەو سەرکوتکردن و داپڵۆسینە دڕندانەیەی ناوخۆ کە دژ بە خەڵکی کورد ئەنجامدەدرێت، زۆر پێدەچێت کەوا فێمینیستە کوردەکان لە سیستەمی پاتریارکی نەپاڕێنەوە و باکیان پێنەبێت لەبەر خاتری ئاین و نەتەوە و پوختی و خاوێنیی رەگەز یان ئەتنیک.

 

تێبینییەکان
1 -  ئەم بەشە سەرلەنوێ نووسینەوەی لێکۆڵینەوەیەکی بەردەواممە لە سەر ئەم بابەتە. بۆ ئەم  کارە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستانم (ژێ کاف) بەکارهێناوە، لەگەڵ رۆژنامەگەریی کۆماری کوردستان و دەسنووسەکان و چاوپێکەوتنەکان و سەرچاوە لاوەکییەکان.
2 -  وشەی "جمهوورییەت" لە رۆژنامەی "کوردستان"دا بەکارهاتووە، کە لە لایەن حیزبی حوکمڕان و قازی محەمەدی رابەری حیزب و حکوومەتەوە بەکاردەهات و پێیاندەوت "سەرۆکی کۆمار"، کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان مەرسوومێکی دەرکرد، کە تێیدا هەموو کەس و لایەکی ئاگادارکردەوە کە لە نامە و نووسراوەکانیاندا بۆ قازی محەمەد ئەم ناونیشانە بەکاربێنن "رەییس جمهووری کوردستان"، واتە سەرۆک کۆماری کوردستان (رۆژنامەی کوردستان، ١٩٤٦، ١٤ی شوبات، ژمارە ١٣، لاپەڕە ٤). بەڵام لە ژێر فشاری سۆڤیێتدا، ئەم دەستەواژە و ناوەیان لە نووسراوە فەرمییەکاندا بەکارنەدەهێنا و بۆ سەرۆک کۆمار هەر "پێشەوا" دەنووسرا و دەشگوترا، کە بە واتای رابەر و سەرکردە دێت. بەڵام کورد هەر لە سەر ناوهێنانی "کۆمار" بەردەوام بوون.
3 -  "رێبازی کۆمەڵە دیموکراسییە و هەوڵی تەواو دەدات لەپێناوی بەختەوەریی ژیانی مرۆڤدا، (بابەتە نووسینی ٨ی بڵاوکراوە لە گۆڤاری "نیشتمان"دا، ١٩٤٢،  ٦: ٦) ، تەنها سێ بابەت لە بەڵگەنامە دوور و درێژەکەدا بڵاوکراونەتەوە.
4 -  دەقی شانۆییەکە نەماوەتەوە. وەسفێکی زۆر وردی لەلایەن فەرشییەوە (١٩٩٥) باسکراوە. گێڕانەوەیەکی کورتی لە ئیگڵتن (١٩٦٣) پێشکەش کراوە.
5 -  ئەم بەڵێنە لە دەستووری حیزبدا هاتووە (بڕوانە پەراوێزی ژمارە ٩، لە خوارەوە)؛ هەروەها بڕوانە ئیگڵتن    (٩٦٣ : ٧٠ – ١).
٦ -  تۆماری گوندەکانی وڵات (کیتابی ئەسامیی دێهاتی کیشوەر)، (١٩٥٠ : ٢٦).
٧ -  فەرهەنگی جوغرافیای ئێران، (١٩٥١ : ٥١٢).
8 -  ئەم زانیارییانە لە حکوومەتی ئێرانەوە وەرگیراوە (١٩٦١ : ١٤ – ٥).
9 -  مەرامنامەی ‌حیزبی دیموکراتی کوردستان (١٩٧٠ : ٣٠ – ١).
10 -  رۆژنامەی كوردستان (1946) 10 (6 ی شوبات) : 1، ٤.
11 -  كوردستان (1946) 13 (11 ی شوبات) : 1.
12 -  گۆڤاری منداڵان (گڕوگاڵی منداڵانی کورد)، بۆ نموونە ئەم هۆنراوەیەی بڵاوکردووەتەوە:
    "بۆ کچان
ئەی کیژی کورد! ئەتۆش دیسان وەک برا گەورەکەت فێرە خوێندەواری دەبی
هەرگیز پاشگەز مەبەوە لە خوێندن، ئازیزی من
براکەت پێویستی بە یارمەتی و هاوکاریی تۆیە
ئەو تەواو پێویستی بە بیر و هزری جوانی تۆیە
پشتم لە زەوی مەدە و فێربە 
چونکە کەسی نەخوێندەوار ئاژەڵە (١٩٤٦ : ٧)".
13 -  كوردستان (1946) 27 (25ی مارت) :  2 – 3.
14 -  كوردستان (1946) 29 (30ی مارت) : 4.
15 -  كوردستان (1946) 24 (13ی مارت) : 7.
16 -  كوردستان (1946) 24 (13ی مارت) : 3.
17 -  كوردستان (1946) 79 (22 ئاب [پێویستە 20ی ئاب بێت، واتە 29ی گەلاێژ]) : 4.
18 -  كوردستان (1946) 85 (5ی ئەیلوول [پێویستە 12ی ئەیلوول بێت، واتە 21ی خەرمانان]) : 1. 
19 -  كوردستان (1946) 77 (15ی ئاب) : 4.
20 -  كوردستان (1946) 77 (15ی ئاب) : 4.
21 -  كوردستان (1946) 85 (5ی ئەیلوول [پێویستە 12ی ئەیلوول بێت، واتە 21ی خەرمانان]) : 1.
22 -  كوردستان (1946) 24 (13ی مارت) : 5.
23 -  كوردستان (1946) 16 (18ی شوبات) : 4.
24 -  پاڵپشت بەو دەسنووسەی کە محەمەد ئەمین مەنگووڕی نووسیوێتی (١٩٥٨ : ١٧٦ – ٧). دانەر یان نووسەر خۆی لە خێڵی مەنگووڕە لە کۆنفیدراسیۆنی بڵباسدا و پرسیاری کردووە لە سەر کاریگەریی ئەو بڕیارە لە سەر خەڵکی ناوچەکە، لەکاتێکدا کە ئەو خۆی تێدا شاردەوە بە ماوەیەکی کەم لەدوای رووخانی کۆمار. بڕوانە ئەدمۆنس (١٩٥٧ : ٢٢٥ – ٦) لەبارەی رەدووکەوتنەوە لە ناو بڵباسەکاندا. من زۆر سوپاسی بەڕیز مەحموودی مەلاعیززەت دەکەم کە ئەم دەسنووسەی خستە بەردەستم. ئەو ئەم دەسنووسەی لە سوێد چاپکردووە.
25 -  كوردستان (1946) 10 (4ی شوبات) : 3.
26 -  كوردستان (1946) 2 (13ی کانوونی دووەم) : 4.
27 -  كوردستان (1946) 27 (25ی مارت) : 3.
28 -  كوردستان (1946) 28 (27ی مارت).
29 -  كوردستان (1946) 73 (4ی ئاب) : 2.
30 -  كوردستان (1946) 72 (30ی تەمووز) : 4.
31 -  بە هێنانەوەی نموونەیەک لەبارەی ئەم هێڵەی بیرکردنەوە، من چاوپێکەوتنێکی ساڵی ١٩٩٣ دەگوێزمەوە لەگەڵ چوار سەرکردەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستاندا، کە یەکێکە لە رێکخراوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە عێراق. یەک لەو ئافرەتانە نکووڵیی کردووە لە کوشتنی بەربڵاوی ژنان لە کوردستانی عێراقدا و ئیددیعای ئەوەی کردووە کە تەنها دوو ژن رەنگە لە سلێمانی کوژرابێتن. لە پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوێستی ئەوان لە رەدووکەوتن وەک ڕێگەیەک بۆ رەتکردنەوە یان خۆدزینەوە لە هاوسەرگیریی رێکخراو (ئاسایی) و ژن بە ژن یان فرۆشتنی کچان (شیربایی)، یەکێک لەو ژنانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرا ئەم رەفتارەی رەتکردەوە، چونکە بە باوەڕی ئەو، ئەمە دژ بە داب و نەریتی گەلی کوردە. سەرکردەیەکی تری رێکخراوەکەی ئافرەتان رەدووکەوتن و ژنهەڵگرتنی رەتکردەوە و وتی: من ناتوانم راستەوخۆ بڵێم کەوا (رەدووکەوتن) شتێکی باشە. بەڵکو پێویستە   روون و ئاشکرا لەو کۆمەڵگەیە تێبگەین کە تێیدا دەژین و چ جۆرە کولتوورێکمان هەیە؟ ئێمە ئەگەر لەبارەی مافەکانی ئافرەتەوە قسە بکەین لە چوارچێوەیەکی زۆر بەربڵاودا ئەوە کۆمەڵ خۆی لەدژمان دەوەستێتەوە. ئێمە دەبێت هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ کۆمەڵدا بڕۆین، لەبەرئەوەی کولتووری ئیسلامی و کولتووری کورد بووە بە یاسایەکی کۆمەڵایەتی و ئەگەر ئەم سنوورە بترازێنین ئەوە سەرکەوتوو نابین.
ئەم چوار ئافرەتەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرا سەرکردە بوون لە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستاندا و لە گەشتێکدا بوون بۆ ئەوروپا لەپێناوی سازکردنی پشتیوانی بۆ کارەکەیان (چنگیانی ١٩٩٣ : ١٢٢، ١٢٤).

بیبلۆگرافی
-هێمن، ش. (١٩٤٣ – ١٩٤٤) "ئاخافتنی خوشک و برایان" (گفتوگۆی خوشکان و برایان)، گۆڤاری "نیشتمان" ٣/٤ (١٣٢٢، دیسەمبەر ١٩٤٣ – کانوونی دووەم ١٩٤٤) : ٢٣ – ٢٤).
-چنگیانی، جەزا (١٩٩٣) "چاوپێکەوتن لەگەڵ چوار ئافرەتی سەر بە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان"، گۆڤاری "خەرمانە"، ٩ – ١٠ : ١٢٢ : ١٢٤. 
-ئیگڵتۆن، ج. ویلیەم (١٩٦٣) "کۆمارە کوردەکەی ساڵی ١٩٤٦". لەندەن : چاپی زانکۆی ئۆکسفۆرد.
-ئەدمۆنس، سی. جەی. (١٩٥٧) "کورد و تورک و عەرەب". لەندەن : چاپی زانکۆی ئۆکسفۆرد.
-"فەرهەنگی جوغرافیای ئێران" (١٩٥١)، بەرگی ٤، تاران : چاپخانەی ئەرتەش، ١٣٣٠. 
-فەرشی، برایم (١٩٩٥)، "کورتەیەک لە سەر شانۆی 'دایکی نیشتمان' "، گۆڤاری "گزنگ" ٧ : ٢٣ – ٢٨.
-گۆڤاری "گڕوگاڵی منداڵانی کورد" (١٩٤٦)، ١ (١)، (٢١ی مارت).
-حکوومەتی ئێران (١٩٦١)، وەزارەتی ناوخۆ، ئاماری گشتی، بەشی ئاماری سەرژمێریی دانیشتووانی یەکەم یەکەم سەرژمێریی نیشتمانیی ئێران، ئابانی ١٣٣٥ (نۆڤەمبەری ١٩٥٦)، بەرگی ٤٧، ناوچەی سەرژمێریی دانیشتووانی مهاباد، مایسی ١٩٦١ : ١٤ – ٥.
-"کیتابی ئەسامیی دێهاتی کیشوەر" (تۆماری گوندەکانی وڵات) (١٩٥٠). بەرگی ١، ئوستانەکانی ١، ٢، ٣ و ٤، تاران، وەزارەتی کیشوەر، ئیدارەی کوللیی ئامار و سەبتی ئەحواڵ، فەروەردین ١٣٢٩، چاپی دووەم : ٢٦.
-مەنگووڕی، محەمەد ئەمین (١٩٥٨) "بەسەرهاتی سیاسیی کورد لە ١٩١٤وە هەتا ١٢ی تەمووزی ١٩٥٨"، بەرگی ١، دەسنووس. لە سوێد چاپ و بڵاوکراوەتەوە لە ژێر ناونیشانی "بەسەرهاتی سیاسیی کورد لە ١٩١٤وە هەتا ١٩٥٨". بەشی ١، ١٩٩٩.  
-"مەرامنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان". لە گۆڤاری "توودە" ١٩، تیر ١٣٤٩ / ١٩٧٠ : ٣٠ – ١. 
-میکایلی، رەسوڵ (١٩٤٦) "حەملاندنی ژنان" (خوێندنی ژنان). رۆژنامەی "کوردستان" ٧٥ (١١ی ئاب) : ٤.

-نێڵسن، دانا (١٩٩٨). "پیاوەتیی نەتەوەیی: هاووڵاتیی سەرمایەداری و خەیاڵی برایەتیی پیاوی سپی". دورهام : چاپی زانکۆی دیوک.

 

سەرنج: ئەم باسەی د. شەهرەزاد موجاب بەش یان فەسڵی سێهەمی کتێبێکێتی بە ناوی "ژنانی گەلێکی بێدەوڵەت WOMEN OF A NON – STATE NATION"

بە ناوی: ژنان و ناسیۆنالیزم لە کۆمارە کوردییەکەی ساڵی ١٩٤٦دا
Women and Nationalism in the Kurdish Republic of 1946
Shahrzad Mojab

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×