چوار لیوای تر دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە
  2021-09-21       657       

بەڕێوەبەری پلاندانان و میلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، دوای یەکەکانی پشتیوانی ۱و ۲، چوار لیوای تر لەیەکەکانی ۷۰و ٨۰ دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، خشتەو لیستی میلاکات و تەشکیلاتی ئەو لیوایانە هاوشێوەی لیواکانی پیادەی سەر بە وەزارەت رێکخراونەتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو وتانەی بەڕێوەبەری پلاندانان و میلاکاتی وەزارەتی  ئەمڕۆ سێشەممە، لەمیانی دیدارو کۆبونەوەیەکدا هاتون، لەگەڵ کۆڵۆنێڵ مایک، گەورە راوێژکاری سەربازی بەریتانیا لەکونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لەهەولێر.

هەر لەمیانی کۆبونەوەکەدا، کە عەمید موعتەسەم، جێگری بەڕێوەبەری پلاندانان و میلاکات ئامادەیبو، راوێژکاری باڵای سەربازی هێزەکانی بەریتانیا، ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگەو بەڕێوەبەرایەتی میلاکاتی وەزارەتی کرد، لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان، کە هاوتایە لەگەڵ بەرنامەی چاکسازی وەزارەت، وتیشی: هەوڵەکان جێگای بایەخی ئێمەو هاوپەیمانانەو لەپشتگیری و هاوکارییەکانمان بۆ ئێوە بەردەوام دەبین.

بەڕێوەبەری میلاکاتی وەزارەت، جەختی لەسەر بەردەوامی رێکخستنەوەی هێزەکان و رێكخستنەوەیان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا كردەوە، کە هەنگاو بەهەنگاو و لەچەند قۆناغێکدا جێبەجێ دەکرێت.

بەگفتۆگۆکردن لەسەر بەرنامەی داهاتوی رێکخستنەوەو یەکخستنەوەی هێزەکان و گونجانیان لەگەڵ تەشکیلاتی سەربازی سەردەمیانە، کۆبونەوەکە کۆتایی هات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×