پێشبینی بۆ وادەی كۆتاییهاتنی خۆڵبارین بەپێی ناوچە جیاجیاكانی هەرێم
  2022-05-23       555       

شارەزایەكی كەشوهەوای هەرێم پێشبینی دەكات ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی كە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوەو كاریگەرییەكانی و وادەی كۆتاییهاتنی لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە جیاواز بێت.

ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای كەشوهەوا، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی: ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی ناوچەكانی هەرێمی گرتۆتەوە تا کاتەکانی ئەمشەو کاریگەرییەکەی بەم شێوەیە ئەمێنێتەوە و سبەی بەرەبەیان تا ڕادەیەک کەمدەبێتەوە، بەڵام  دوبارە سبەی سێشەمە لە كاتەکانی ئێوارە و شەو قۆناغێکی دیکەی خۆڵبارین دەستپێدەکاتەوەو چڕی بەراورد بە ئەمڕۆ کەمتر ئەبێت و زیاتر کاریگەری لەسەر ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و گەرمیان ئەبێت و لەناوچەکانی دیکەدا ئاستی خۆڵبارینەکە مامناوەند بۆ کەم ئەبێت.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لەکاتەکانی بەرەبەیانی چوارشەممە ئەم قۆناغەش کاریگەری کەمدەبێتەوەو لەناوچەکانی سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆک و راپەرین کۆتایی بە خۆڵبارین دێت .

ئاماژەی بەوەشداوە كە لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک و گەرمیان بەگشتی لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بەیەکجاری کۆتایی بەم شەپۆلە خۆڵبارینە دێت و بەھۆی چالاکبونەوەی بای باکوری رۆژھەڵاتیش لە ناوچە شاخاوییەکانەوە ئاسمانی ھەرێم ساماڵ و رون ئەبێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×