بانکی نێودەوڵەتی: زیاتر 90%ی خوێندکارانی عێراق تێناگەن لەوەی دەیخوێننەوە
  2022-05-24       467       

بانکی نێودەوڵەتی پرۆژەیەکی بەبڕی 10 ملیۆن دۆلار لە سێ پارێزگای عێراق بۆ پاڵپشتیکردنی خوێندن ئەنجامداوە، پرۆژەکە بۆ پەرەپێدانی ئاستی خوێندنەوە، نوسین و بریکاری بووە لە قۆناغەکانی سەرەتایی کە زۆرترین کێشەیان تێدایە.

ئاوێنە: بەپێی ئاماری بانکی نێودەوڵەتی، زیاتر لە 90%ی خوێندکارانی عێراق لەوە تێناگەن کە دەیخوێننەوە، هەروەها دوو لەسەر سێی ئەوانەی لە قۆناغی سێی سەرەتایین ناتوانن وەڵامێکی دروستی پرسیارێک بدەنەوە سەبارەت بە بابەتێک کە لە ئاستی تەمەنی خۆیاندایە.

هەروەها بانکی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکردووە، 41%ی خوێندکارانی قۆناغی سێی سەرەتایی ناتوانن وەڵامی ڕاستی لێکدان بدەنەوە.

پرۆژەکەی بانکی نێودەوڵەتی یارمەتیی باشترکردنی فێربوونی خوێندنەوە و بیرکاری دەدات بۆ زیاتر لە 30 هەزار خوێندکار، هەروەها چاکسازی دەکات لە زیاتر لە چوار هەزار خوێندنگە لە سێ هەژارترین پارێزگای عێراق لەڕووی فێرکردن و پەرەپێدانی تواناکانی نووسین، خوێندنەوە و بیرکاری.

بانکی نێودەوڵەتی باسی لە سەرمایەی مرۆیی کردووە لە عێراق و بە یەکێک لە نزمترین ئاستەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دایناوە بەوپێیە، سەرمایەی مرۆیی لە عێراق تەنها 15%ی کۆی داهاتە، ئەوەش یەکێکە لە نزمترین تێکڕاکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×