سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم: پێنج مانگە داوای بینینی سەرۆكی حكومەتم كردوە بەڵام وەڵامم نەدراوەتەوە
  2022-07-27       725       

مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێم رایگەیاند، زیاتر لە پێنج مانگە داوای بینینی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتم كردوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ و پێشێلكارییەكان و رێگرییەكان بەردەم كاری دەستەكەمان بەڵام تا ئێستا وەڵامی داواكەم نەدراوەتەوە.

ئاوێنە: مونا یاقو، لە نامەیەكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە رایگەیاندوە"زیاتر لەپێنج مانگ لەمەوبەر، داواى چاوپێکەوتنى سەرۆك وەزیرانى هەرێمم کرد، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بەڕەوشی مافی مرۆڤ و پێشێلکاری و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیان و ئەو کێشانەی کە ڕێگرن لە پێش کاری دەستەکەمان  بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەڵامی ئەو داواکارییە نەدراوەتەوە."

وتوشیەتی"دامەزراوەیەك کە گوایە سەربەخۆیە، ناتوانێت سەرکەوتوبێت لە کارەکانیدا، پۆستە هەستیارەکان تیایدا درابێتە کەسانێكى حیزبى خاوەن باکگراوندێکی سیاسی دیاریکراو، کارى سەرەکیان دروستکردنى قەیران و دوبەرەکایەتى بێت."

سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرڤ جەختی كردۆتەوە كە "ئەو جۆرە ڕاسپاردنە بەڵگەیە لەسەر خواستی دەسەڵات بۆ ئیفلیجکردنی کاری ئەم دەزگایانەو بە دیکۆرکردنی و بە پابەندکردنى بە فەرمانی کەسانی دیاریکراوەوە."

مونا یاقو لەگەڵ ئاماژەدان بەوە كە "كارکردن لەبواری مافی مرۆڤدا کارێکی ئەخلاقییە کە پەیوەستە بە ویژدانی تاکەوە بۆیە دەبێت گرنگی بە بەرژەوەندی هەر کەسێك بدەین کە مافی پێشێل کرابێت، بێگوێدان بە مەیلی سیاسی و ئایین و نەتەوەیى" وتوشیەتی"بەداخەوە ئەوەش بونی نییە، چونکە کارەکە بوەتە کارێکى مەزاجى و هەڵبژاردەیى و مامەڵە لەگەڵ هەر گرفتێکدا بە پێى پۆلینکردنى سیاسی دیاریکراوەوە دەکرێت."

جەختیشی كردۆتەوە كە "هەڵسەنگاندنی من لە کار لە بواری مافی مرۆڤدا نائومێدکەرە، بەهۆی نەبونی پیشەیی و بێلایەنی."

لەگەڵ ئەوەش وتویەتی"بەهەمو وزەیەکی خۆمەوە تێدەکۆشم، بۆ خزمەتکردنى هەمو چەوساوەیەك، هەتا ئەو ساتەى کە هەست دەکەم بونم وەك نەبون وایە، ئەو کاتە بڕیارێکی ترم دەبێت."

وتوشیەتیی"نمەبەست لەم خستنەڕویە چاکسازییە، حەز دەکەم دەستەکەمان ببێتە ڕوکارێك، هەرێم شانازى پێوە بکات. لە میانى بە جێهێنانى کارەکانى بە شێوەیەکى پیشەیى و بێ لایەنانە، نەك سەرقاڵ بین بە کارى لاوەکیەوە لە سەر حیسابى هاوڵاتى."

دەقی نامەكە:ك

نامەى ژمارە (٢)

مافی هەمو هاوڵاتیانی هەرێمە، کە شێوەى چونەڕێوەى کارەکان بزانن، کە سوێندم خواردوە بەرگری لە مافەکانیان بکەم:

1- زیاتر لەپێنج مانگ لەمەوبەر، داواى چاوپێکەوتنى سەرۆك وەزیرانى هەرێمم کرد، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بەڕەوشی مافی مرۆڤ و پێشێلکاری و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیان و ئەو کێشانەی کە ڕێگرن لە پێش کاری دەستەکەمان  بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەڵامی ئەو داواکارییە نەدراوەتەوە.

2 - دامەزراوەیەك کە گوایە سەربەخۆیە، ناتوانێت سەرکەوتوبێت لە کارەکانیدا،  پۆستە هەستیارەکان تیایدا درابێتە کەسانێكى حیزبى خاوەن باکگراوندێکی سیاسی دیاریکراو، کارى سەرەکیان دروست کردنى قەیران و دوبەرەکایەتى بیت.

ئەو جۆرە ڕاسپاردنە بەڵگەیە لەسەر خواستی دەسەڵات بۆ ئیفلیجکردنی کاری ئەم دەزگایانە و بە دیکۆر کردنی بە پابەند کردنى بە فەرمانی کەسانی دیاریکراوەوە.

3 - کارکردن لەبواری مافی مرۆڤدا کارێکی ئەخلاقییە کە پەیوەستە بە ویژدانی تاکەوە بۆیە دەبێت گرنگی بە بەرژەوەندی هەر کەسێك بدەین کە مافی پێشێل کرابێت،  بێ گوێدان بە مەیلی سیاسی و ئاین و نەتەوەیى، کە بەداخەوە ئەوەش بونی نییە، چونکە کارەکە بوەتە کارێکى مەزاجى و هەڵبژاردەیى و مامەڵە لە گەل هەر گرفتێکدا بە پێى پۆلین کردنى سیاسی دیاریکراوەوە دەکرێت.

4 - هەڵسەنگاندنی من لە کار لە بواری مافی مرۆڤدا نائومێدکەرە، بەهۆی نەبونی پیشەیی و بێلایەنی.

5- بە هەمو وزەیەکی خۆمەوە تێدەکۆشم، بۆ خزمەتکردنى هەمو چەوساوەیەك، هەتا ئەو ساتەى کە  هەست دەکەم بونم وەك نەبون وایە. ئەو کاتە بڕیارێکی ترم دەبێت.

لە کۆتاییدا

قسەى دبلۆماتێکى پلە بەرزم زۆر بەدڵ بو کە پێش جەند ڕۆژێك چاوم پێى کەوت فەرموى" کاتم نیە چاوم بە هەمو لێپرسراوانى هەرێم بکەوێت، بەڵام چاوم بە ئێوە کەوت، چونکە جاوپێکەوتنى سەرۆکى مافى مرۆڤ بەسە بۆ ئەوەى بۆچونێکم بداتێ لە بارەى هەمو کاروبارەکانى هەرێمەوە".

هیوادارم هەمو دەسەڵاتەکان  گرنگى مافى مرۆڤ بزانن. وەك ئەوەى ئەو کەسە دەیزانى.

تێبینى:

مەبەست لەم خستنەڕویە چاکسازییە، حەز دەکەم دەستەکەمان ببێتە ڕوکارێك، هەرێم شانازى پێوە بکات. لە میانى بە جێهێنانى کارەکانى بە شێوەیەکى پیشەیى و بێ لایەنانە، نەك سەرقاڵ بین بە کارى لاوەکیەوە لە سەر حیسابى هاوڵاتى.

دەمەوێت جەستەمان ببێتە بەرەیەک کە هەرێم شانازی پێوە دەکات لە ڕێگەی کارە پیشەیی و بێلایەنیەکەیەوە نەک بە بابەتی لایەنی ڕوکەشانە و لەسەر حسابی خزمەتکردن بە هاوڵاتیان سەرقاڵ بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×