بەندەر فەیلی، ڕۆمانێکی نوێی بەختیار عەلی
  2022-08-05       1387       

بەندەر فەیلی لە ساڵی 1980 دا لە یەکێک لە زیندانەکانی بەغداددا لەدایک دەبێت. لە بەر چەند هۆیەکی نادیار و بە فەرمانی بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەت، دەبێت منداڵەکە لە زیندان بمێنێتەوە و لەوێ گەورە ببێت. چیرۆکی ئەم کتێبە بەسەرهاتی ژیانی بەندەر و وردبوونەوەیە لە ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەبوونی، باسکردنی ئەو شتە بچوکانەیە کە هەنگاو بە هەنگاو و پلە بە پلە بەندەر بەسەر پەیژەی ژیانێکی سەختدا سەردەخەن.

رۆمانەکە لەسەرخۆ و بە ڕەوتێک کە خێراتر نییە لە ڕەوتی ژیانی بەندەر خۆی، چیرۆکی ساتە گرنگەکان و هەڵچوونە دەرونییە کتوپڕەکانی کەسێک دەگێڕێتەوە، کە لە زیندانە هەمیشەییەکەی خۆیدا کەمترین دەرفەتی هەیە دونیا ببینێت و تێیبگات. بەندەر لە جیهانێکدا دەژی بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە، بەرەی فەرمانبەرانی زیندان لەگەڵ بەرەی زیندانییان و مەحکومەکان، بەرەی ئەوانەی کاروباری مەرگ ڕێکدەخەن لەگەڵ بەرەی ئەوانەی بەرەو مەرگ بەڕێدەکرێن. بەندەر لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی قوربانیی ئەو هێزە گەورانەیە کە بە مێژووی وڵاتەکەدا تێدەپەڕن، بێئەوەی ئەو هیچیان دەربارە بزانێت، یاخود بیانناسێت یان تێیانبگات، ئەو منداڵێکە دەرکراوەتە دەرەوەی ژیان و مێژوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە تێپەڕینی هەموو گەردەلول و ڕەشەبا توند و وێرانکەرەکان دەکات لەسەر جەستەی خۆی.

ڕۆمانەکە نیشاندانی ئەو فشارە ترسناکەیە کە ژینگەی سیاسی لەسەر مرۆڤەکان دروستیدەکات تا بیانکات بە بەشێک لە خۆی، بەڵام ئەوە تەنیا دیوێکی ئەم کارەیە، وەک گێڕەرەوەی کتێبەکە لە سەرەتادا دەڵێت، ئیشەکە تێڕامــان و قووڵبوونــەوەیە لــە دەرونــی ســادە و ســاکاری مەخلوقێــک کــە جیهانــی بــە جۆرێــک بۆ بچوککراوەتــەوە، دواتــر هەمــوو شـتێکی بێبایـەخ، لای ئـەو بەرتەقـای دابەزین لەسـەر ڕووی ئەسـتێرەیەکی نامــۆ، گــەورە و گرنــگ دەردەکەوێت. گواستنەوەی ئەو ناکۆکییە بۆ خوێنەر، بەشێکە لە خواستی ئەم تێکستە، چۆن کەسێک هەموو ئەو شتانە سەیر دەبینێت کە چاو و نیگا و ئیدراکی ئێمە ئاسایی و بێبایەخ تەماشایاندەکات. جیهانی بەندەر جیهانێکە تا دوا ئەندازە بچوککراوەتەوە، بەڵام لە خودی ئەو بچوککردنەوە و بەرتەسککردنەوەیەدا چییەتی و چۆنێتی ئەم جیهانە ڕوونتر لە هەر ڕوانینێکی فراوانبیندا "پانۆرامایی" دەردەکەوێت. ڕۆمانەکە بیرهێنانەوە و ئاوڕدانەوەیەکیشە لە تراژیدیایەکی گەورە و ترسناک و فەرامۆشکراوی میللەتەکەمان کە تراژیدیای کوردانی فەیلییە ... بەندەر فەیلی تەنیا ناوێک نییە، بەڵکو میتافۆرێکە بۆ میللەتێک هەمیشە دۆخی زیندان و نامۆبوون دەژی.

ئەم ڕۆمانە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا لە ناوەندی ڕەهەندەوە بڵاودەکرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×