موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌زاری "وه‌زیره‌كه‌یه‌وه" ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی نوێ بۆ دۆخی ئێستای عێراق ده‌خاته‌رو. به‌گوێره‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه، هه‌مو ئه‌و پارت‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه له‌دوای داگیركاریی ئه‌مریكاوه له‌ساڵی 2003 تا ئه‌مڕۆ به‌شدارییان له‌پرۆسه‌ی سیاسی‌دا كردوه، دوربخرێنه‌وه، به‌ڕه‌وتی سه‌دریشه‌وه.
ئاوێنه: ساڵح محه‌مه‌د عێراقی، وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در ئه‌مڕۆ شه‌ممه ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی نوێی راگه‌یاند، ناوبراو ده‌ڵێت، "له‌ئێستادا گرنگتر له‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته، به‌شداری نه‌كردنی هه‌مو ئه‌و پارت‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه له‌دوای داگیركاریی ئه‌مریكاوه له‌ساڵی 2003 تا ئه‌مڕۆ به‌شدارییان له‌پرۆسه‌ی سیاسی‌دا كردوه، به‌ڕه‌وتی سه‌دریشه‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "ئه‌مه له‌بری هه‌مو ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییانه‌یه كه هه‌ندێك به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن، له‌نێویاندا نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، من ئاماده‌م، له‌ماوه‌ی كه‌متر له 72 كاتژمێردا بۆ واژۆكردنی ڕێككه‌وتنێك كه ئه‌مه له‌خۆبگرێت‌و له‌مه‌ودوا جێبه‌جێی بكه‌ین".
ساڵح محه‌مه‌د عێراقی ده‌شڵێت، "ناكرێت بوترێت دوای هه‌ڵبژاردنی داهاتو ئه‌مه جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه به‌دی نه‌هێنرێت ئه‌وا بوار بۆ چاكسازی نامێنێت، بۆیه پێویست ناكات من ده‌ستوه‌ردان بكه‌م له‌و شتانه‌ی له‌داهاتودا ڕوده‌ده‌ن نه‌به‌تویتێك نه‌به‌هیچ شتێكی تر".