فەرمانی بەندكردن بۆ دوو بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتەكانی دارایی و تەندروستی دەركرا
  2022-09-21       428       

دەستەی نەزاهەی عێراقی ئاشكرای كرد، فەرمانی بەندكردن بۆ دوو بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتەكانی دارایی و تەندروستیی حكوومەتی ئیتیحادی دەركراوە، لەسەر سەرپێچیكردنی مەبەستداری ئەركەكانیان.

بەپێی راگەیاندراوێكی فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی سەر بە دەستەی نەزاهەی عێراق كە ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئەیلوولی 2022 بڵاو كراوەتەوە، (دادگای تاوانەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا) و (دادگای كەتنی حلە) دوو حوكمیان دەركردووە كە بریتییە لە سزای بەندكردنی باری توندكەر (الحبس الشديد) بۆ هەریەك لە (بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی عەقاراتی دەوڵەت - سەر بە وەزارەتی دارایی) و (بەڕێوەبەر گشتیی پێشووتری تەندروستیی بابل - سەر بە وەزارەتی دارای).

ڕوونیش كراوەتەوە كە فەرمانەكە بە پێی ماددە (331) لە یاسای سزادانی عێراقی دەركراوە، بە جۆرێك كە بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی عەقاراتی دەوڵەت بە دوو ساڵ بەندكردن سزا دراوە، لەبەر ئەوەی ئاسانكاری كردووە لە پێدانی مۆڵەت وەربەرهێنان بۆ دروستكردنی هۆتێل و شارێكی یاری لەسەر پارچە زەوییەك لە سنووری بەغدا، لە كاتێكدا ئەو پارچە زەوییە “بێستانێكی بەرهەمدار” بووە، ئەمەش پێچەوانەی بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزرانە كە فەرمانی كردووە بە راگرتنی لەناوبردنی كێڵگە كشتوكاڵییەكان.

هەر بە گوێرەی راگەیاندراوەكە، لە كەیسێكی دیكەدا، دادگای كەتنی حلە فەرمانی بەندكردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای بابل دەركردووە، بەهۆی ئەوەی پێشێلی حوكمەكانی  یاسای فرۆشتن و بەكرێدانی موڵك و ماڵی دەوڵەت (ژمارە 21ی ساڵی 2013)ی كردووە و رەزامەندی لەسەر بەكرێدانی كافتریای نەخۆشخانەی (ئیمام سادق) داوە بەبێ ئەوەی بچێتە موزایەدەی ئاشكراوە، “هەروەها ئەو كرێیەی بۆ كافتریاكە دانراوە، كەمترە لە كرێی راستەقینەی كافتریاكە، بەمەش زەرەری بە موڵك و ماڵی گشتی گەیاندووە”.

بەپێی هەمان راگەیاندراو، هەردوو حوكمەكە بە شێوەی غیابی دەركراون و دادگاكان بەم هۆیەوە فەرمانی دەستگیركردنی هەردوو بەڕێوەبەری گشتییان دەركردووە و فەرمانیشیان كردووە، سەرجەم موڵك و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەكانیان دەستیان بەسەردا بگیرێت.

هەرچەندە ماوە نا ماوە سزای بەندكردن یان فەرمانی گرتنی هەندێك كەس لە عێراق دەردەچێت بە تۆمەتی گەندەڵی و ئەنجامدانی تاوانی جۆراوجۆری گەندەڵی، بەڵام هێشتا عێراق لە ڕیزبەندیی هەرەپێشەوەی گەندەڵترین وڵاتانی دونیایە و بەپێی هەندێك داتا، قەبارەی گەندەڵی لە ساڵی 2003وە تا ئێستا، زیاتر لە 100 ملیار دۆلار بووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×