دەستەی نەزاهەی عێراق رایگەیاند، توانیویانە سزادراوی هەڵاتو حەمدیە جاف، بەڕێوەبەری گشتی پێشوتری بانكی بازرگانی عێراق (TBI) لە ئیماراتەوە بگەڕێننەوە كە لەسەر زیانگەیاندن بە سامانی گشتی بە بەهای زیاتر لە یەك ملیار و 250 ملیۆن دۆلار و هەروەها 141 ملیار دیناری عێراقی، سزادراوە.
ئاوینە: دەستەی نەزاهەی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، گەڕاندنەوەی حەمدیە جاف بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی ئیماراتی بوە، ناوبراو لە ئیمارات دەستگیركراوەو رادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق كراوەتەوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، حەمدیە جاف لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە داواكراو بوە، 17 حوكمی بەشێوەی غیابی لە دادگا جیاجیاكان بەسەردا سەپێندراوەو سزای پێنج تا حەوت ساڵ زیندانی هەیە ئەوەش لەسەر دۆسیەكانی پەیوەست بە ئاسانكاریكردنی لە بانكەكە بەپێچەوانەی رێساكان و هەروەها رەزامەندی دان لەسەر لێخۆشبونی نایاسایی لە سودەكانی قەرز و بەوەش بە بەهای زیاتر لە یەك ملیار و 250 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی و زیاتر لە یەك 141 ملیار دینار، زیانی بە سامانی گشتی گەیاندوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، دەستەكەیان داوایەكی پێشكەش بە دەسەڵاتدارانی ئیمارات كردوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی داراییە گوازراوەو نەگوازراوەكانی حەمدیە جاف لە ئیمارات.
حەمدیە جاف، كوردەو دەوترێت كەسێكی نزیك بوە لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە.