ئا: ئاوێنە
لەدرێژەدان بەڕەخنەگرتن لەجۆ بایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، ترامپ فەرمانی لێکۆڵینەوەی لەسەردەمی ئیدارەی بایدن دەرکردو داوای وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی دەکات کە "بەڕاستی کێ وڵاتەکەی لەسەردەمی بایدندا بەڕێوەدەبرد؟"
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، فەرمانی بەوەزارەتی دادی وڵاتەکەی دا، لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر دەستپێبکات بۆ ئەوەی بزانرێت کێ وڵاتەکەی بەڕێوەدەبرد لەماوەی خولی سەرۆکایەتی جۆ بایدنی پێش خۆیدا.
بەگوێرەی فەرمانی سەرۆکایەتی کە دوێنێ کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، ترەمپ داوای لێکۆڵینەوەی کرد بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بایدن بەڕاستی ڕێگەپێدراو بووە لەو بڕیارانەی داویانە، لەوانەش بەکارهێنانی واژۆی ئۆتۆماتیکی (ئۆتۆپێن) لەسەر بەڵگەنامە فەرمییەکان، بەتایبەتی لەمانگەکانی کۆتایی خولەکەیدا.
هەروەها لە لێکۆڵینەوەکەدا بەدواداچوون بۆ گۆڕینی سزای لەسێدارەدانی 37 سزای لەسێدارەدان و ئەو بڕیارانەی لێبوردن دەکرێت کە بەئەندامانی بنەماڵەی بایدن و هاوپەیمانە سیاسییەکانی دراوە.
بە دووپاتکردنەوەی ئەو بانگەشەیەی کە باری دەروونی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ناتەواوە، فەرمانە بڵاوکراوەکەی ترەمپ ئەم لێدوانانەی لەخۆگرتبوو:
ئەگەر ڕاوێژکارانی سەرۆک بایدن قەڵەمی واژۆکردنی ئۆتۆماتیکی بەکاربهێنن بۆ بڕیاردانی ڕادیکاڵانەی جێبەجێکردن بەناوی ئەوەوە لەکاتێکدا ئاماژەی ڕوون هەبوون کە توانای بەکارهێنانی دەسەڵاتی نییە، ئەوە دەستبەسەرداگرتنی نادەستووری دەسەڵاتی سەرۆکایەتی دەبێت.
لێکۆڵەرانی وەزارەتی داد لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە ئایا تەندروستی دەروونی بایدن بەمەبەست لە خەڵک شاردراوەتەوەو ئەو تۆمەتانەی کە باس لەوە دەکەن توانیویەتی بەردەوام بێت لەئەرکەکانی بەدرۆ هەستیان پێکراوە.
ترەمپ پێشتر ڕاوێژکارە باڵاکانی بایدنی بە "خیانەتکردن" تۆمەتبار کردبوو لەڕێگەی بەکارهێنانی لاوازی دەروونی سەرۆک بایدنەوە.
هەندێک لە گروپەکان دەڵێن ئەو هەنگاوەی ترەمپ پاڵنەرێکی سیاسی بووە و لەسەر بنەمای بەڵگەی پێویست نەبووە. شارەزایانی یاسایی دەڵێن، بڕیارە سەرۆکایەتییەکان لە کاتی ڕێکارەکانی واژۆکردنیاندا ئامێری واژۆکردنی ئۆتۆماتیکی بەکاربهێنن و ئیدارەکانی پێشووش ئەو کارەیان کردووە.
تێکچوونی باری تەندروستی بایدن لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤دا سەرنجی خەڵکی بەلای خۆیدا ڕاکێشا. لەو کاتەدا ڕەخنە لە ڕۆیشتنی خواروخێچی بایدن و لەدەستدانی یادەوەری ناوبەناوو سەختی قسەکردن دەگیرا.
بایدن لە مانگی تەمموزدا دوای فشارەکانی ناو پارتی دیموکراتو پاش مشتومڕێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ ترەمپ لەمانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا، خۆی لەکاندیدبوون کشاندەوە.
مانگی ڕابردوو نووسینگەی بایدن ڕایگەیاند کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە. ترەمپ و هەندێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نەخۆشییەکە ساڵانێک لەمەوبەر پەرەی سەندووە و بازنەی ناوەوەی بایدن ئەو حاڵەتەی لەخەڵک شاردووەتەوە.