دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیادا باسیان لە پرسی ئێران كردوە. دەشڵێت، كات بۆ ئێران بەرەو تەواو بون دەڕوات و پێویستە بەزویی وەڵامی یەكلاكەرەوە بداتەوە.
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەم لەگەڵ پوتین نزیكەی یەك سەعات و چارەكی پێچو و تێیدا گفتوگۆمان لەبارەی هێرشەكانی ئۆكرانیا بۆ سەر فڕۆكە روسییەكان كرد و لەگەڵ هێرشە جۆراوجۆرەكانی هەردولا.
ئاماژەی بەوەشدا، گفتوگۆكەمان باش بو، بەڵام نابێتە مایەی ئاشتییەكی دەستبەجێ.
ئەوەشی خستۆتەڕو، پوتین جەختی كردەوە كە ناچارە وەڵامی هێرشەكەی ئەم دواییەی ئۆكرانیا بۆ سەر فڕۆكەخانەكان بداتەوە.
ترەمپ وتوشیەتی، هەروەها تاوتوێی پرسی ئێرانمان كرد. لە راستیدا كات بۆ بڕیاردانی ئێران لەبارەی چەكی ئەتۆمییەوە بەرەو تەواو بون دەڕوات و پێویستە بەزویی بڕیار بدات.
ترەمپ هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بە سەرۆكی روسیام وت، ئێران نابێت چەكی ئەتۆمی هەبێت، پێموایە هەردوكمان لەوبارەیەوە هاوڕاین.
وەك ترەمپ ئاماژەی پێداوە، پوتین پێشنیاری كردوە بەشداری لە گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران بكات، پێموایە ئەوە دەكرێت بەسود بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی خێرا. پێموایە ئێران سستی دەنوێنێت بۆ بڕیاردان لەبارەی ئەم پرسە زۆر گرنگەوە، پێویستمان بەوەیە ئێران بەزویی وەڵامێكی یەكلاكەرەوەی هەبێت.