فواد حسێن، وەزیری دەرەوەو جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پشكی پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەردانی نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای كردو كۆبونەوە. لە كۆبونەوەكەدا مالیكی جەختی كردۆتەوە كە پێویستە سەرجەم كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەربكرێن.
ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پێشوازی كردوە لە فواد حسێن، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەی نێوانیاندا، تاوتوێی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكەو گرنگی بەهێزكردنی رۆڵی عێراق لەسەر هەردو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی كراوە.
هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە كە لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی ئەو پرسانە كراوە كە پەیوەستن بە پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێم.
بەپێی راگەیەندراوەكە، نوری مالیكی جەختی كردۆتەوە لە پێویستی چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداو هەولێر لەڕێگەی گفتوگۆوە ئەوەش لەپێناو پاراستنی سەقامگیری دۆخی سیاسی و دۆزینەوەی تێگەیشتنێكی هاوبەش كە هێزە سیاسییەكان كۆبكاتەوەو ببێتە مایەی بونیادنانی قۆناغێكی نوێ كە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە كۆڵەكەكانی بن.